پارتی‌و یەكێتی ئامادەكاریی بۆ كۆبوونەوەی شەش قۆڵی دەستپێدەكەن

10-09-2018 02:55

 

پەرەگراف

 

پارتی‌و یەكێتی لیژنەیەكیان پێكهێنا بۆ ئامادەكاریی كۆبوونەوەی فراوانی نێوان لایەنەكان بە مەبەستی پێكهێنانی یەكڕیزیی‌و كاری پێكەوەیی لە بەغداد، چوار حزبەكەش پێشتر ئامادەییان پیشانداوە بۆ ئەو كۆبوونەوەیە.

 

مەكتەبی سیاسی پارتی‌و یەكێتی ئەمڕۆ لە پیرمام بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی‌و كۆسرەت ڕەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی كۆبووەوە، تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكە گفتوگۆكردن بووە دەربارەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق‌و بەشداریی كورد لەو پڕۆسەیەدا، بڕیاردرا بانگهێشتی لایەنەكان بكرێت بۆ كۆبوونەوە.

 

دوای كۆبوونەوەكە پارتی‌و یەكێتی ڕاگەیەندراوێكی 3 خاڵییان بڵاوكردەوەو تێیدا هاتووە"هەروەكوو لە ماوەی ڕابردوویش بە ئاشكرا ڕامانگەیاندووە بۆ یەكڕیزیی نێوماڵی كوردستان و بەشداریی هەموو لایەنەكانی بەشدار لە پڕۆسەی سیاسیدا، بانگهێشتی كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی هەموو لایەنەكان دەكەین. بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەك ڕاسپێردرا بۆ ئامادەكردنی پێداویستییەكانی ئەو كۆبوونەوەیە."

 

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا ئەو دوو حزبە تەئكیدیان لە یەك هەڵوێستیی‌و پێكەوە كاركردنیان لە بەغدادو كوردستان كردووەتەوە.

 

تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەیان تایبەت بووە بە دۆخی كەركوك كە پارتی لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو ئامادەنییە بگەڕێتەوە ئەوشارە، لە ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا لە بارەی كەركوكەوە دەڵێن"لەبەرهەستیاریی بارودۆخی كەركووك و پێویستیی چارەسەر كردنی، بڕیار درا ئەو لیژنەیەی كە لە كۆبوونەوەی پێشوو پێكهێندرابوو، دەستبەكار بن بۆ دیراسە كردن و هەنگاو نان."

 

 

كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی‌و یەكێتی. وێنە؛ پیوكەی میدیا.

 

هەوڵەكانی پارتی‌و یەكێتی كە پێكەوە خاوەنی 43 كورسیی پەرلەمانی عێراق بۆ یەكڕیزی نێوان لایەنە كوردستانییەكان هاوكاتە لەگەڵ نزیك بوونەوە لە وادەی كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق كە بڕیارە ناوەڕاستی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت‌و فراكسیۆنی گەورەی پەرلەمانیی پێكبێت بۆ پێكهێنانی حكومەت‌و دابەشكردنی پۆستەكان.

 

بەدەر لە پارتی‌و یەكێتی، هەریەكە لە گۆڕان، كۆمەڵ، هاوپەیمانی‌و یەكگرتوو هاوپەیمانێتییەكیان پێكهێناوە بۆ بەغدادو ڕێككەوتوون كە پێكەوەبن‌و كارنامەی هاوبەشیان هەیە، ئەو چوار حزبە پێشتر ئامادەییان پیشاندا بۆ كۆبوونەوەی شەش قۆڵی لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی.

 

"ئامادەین بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی‌و پێشتر بڕیارمان لەوبارەیەوە داوە" ڕێبوار كەریم، وتەبێژی هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری‌و پەرلەمانتاری ئەو حزبەو ئەندامی لیژنەی هاوبەشی چوار لایەنەكە پێشتر بۆ پەرەگراف وای وت.

 

ئەو چوار حزبە خاوەنی 11 پەرلەمانتارن لە پەرلەمانی عێراق، هەرچەندە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە پەسەند ناكەن‌و پێیانوایە "ساختەكاریی گەورە"یان بەرامبەر كراوەو دەنگەكانیان "دزراوە"، بەڵام بایكۆتی پەرلەمان‌و پڕۆسەی سیاسی ناكەن.

 

جیاواز لە چوار حزبەكەو پارتی‌و یەكێتی، نەوەی نوێ 4 پەرلەمانتاری هەیە لە بەغداد، بەڵام ئەوان تائێستا گفتوگۆیان لەگەڵ چوار حزبەكە نەكردووەو ڕاشیانگەیاندووە پارتی‌و یەكێتی لە هەر هاوپەیمانییەكدا بوونیان هەبێت نەوەی نوێ بەشداریی تێدا ناكات.