ئێران بە درێژایی سنور "هێزی هێناوە"و حزبەكانی ڕۆژهەڵات داوای یەكڕیزیی دەكەن

10-09-2018 06:09
گەریلایەكی پژاك لە ناوچە سنورییەكانی نێوان باشورو ڕۆژهەڵاتی كوردستان. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

ئێران بە درێژایی سنورەكانی ڕۆژهەڵات‌و باشوری كوردستان هێزی هێناوەتە سەر سنور، حزبەكانی ڕۆژهەڵات دەڵێن، ئاگاداری جموجوڵەكانن‌و پێشبینی ئاڵۆزیی زیاتر و پێشهاتی نوێ دەكەن، لەو چوارچێوەیەشدا یەكڕیزیی نێو ماڵی كورد بە گرنگ دەزانن.

 

پێشڕەوییەكانی ئێران تەنها لە چوارچێوەی خاكی ئەو وڵاتەدایەو تائێستا سنوری باشوری كوردستانی نەبەزاندووە، ئەوەش دوای تێپەڕبوونی 48 کاتژمێرە لە  مووشەكبارانكردنی بارەگاكانی دیموكرات لە كۆیەو لە سێدارەدانی سێ چالاكوانی ناسراوی كوردی ڕۆژهەڵاتی كوردستان.

 

حزبەكانی ڕۆژهەڵات ئاگادارن كە ئێران بە فراوانیی جوڵەی بە هێزەكانی كردووە، پژاك پێیوایە ئێران هەست بە مەترسییەكانی سەر وڵاتەكەی دەكات‌و دەیەوێت پێش بەو مەترسییانە بگرێت.

 

"ئێران سیاسەتی دژە كوردەو قۆناغێكی نوێی پاكتاوكردنی دەستپێكردووەو مەترسییە لەسەر كود نەك تەنها حزبێك، ئاگادارین بە درێژایی سنور هێزی هێناوە، ئێمە وەك پژاك هێزمان لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی كوردستان هەیەو كۆكردنەوەی هێزی ئێران لەسەر سنور نابێتە بەربەست بۆ ئێمە" ئامەد شاهۆ، بەرپرسی پەیوەندییەكانی پژاك بۆ پەرەگراف وای وت.

 

ئەو بەرپرسەی پژاك ئەوەشی خستەڕوو، پێشبینی ئاڵۆزتربوونی دۆخەكە دەكرێت‌و یەكڕیزیی نێو ماڵی كوردی بە كلیلی چارەسەر ناوبرد، وتی"قازانجی گەل لە یەكگرتنی لایەنەكاندایەو ئەگەر یەكگرتوو بوینایە دەكرا پێش بە هەندێك ڕووداو بگرین كە ڕوویداوە."

 

ئامەد شاهۆ پێیوایە، مووشەكبارانەكەی كۆیەو لەسێدارەدانی چالاكوانان‌و هێرشەكانی دیكەی ئێران بۆسەر گەریلاو پێشمەرگە، یەكڕیزیی "فەڕز كردووە" لەسەر حزبەكانی ڕۆژهەڵات.

 

لەگەڵ فراوانبوونی كارو چالاكیی حزبەكان لە ناوخۆی ڕۆژهەڵات، ئێرانیش هێرش‌و تۆپبارانەكانی لەسەر سنور زیادكرد، 2 ڕۆژ لەمەوبەریش مووشەكبارانی بارەگای حزبی دیموكراتی كوردستان(حدك)‌و حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران(حدكا)ی كرد لەشاری كۆیەو هەمان ڕۆژ سێ چالاكوانی ناسراوی كوردی لە سێدارەدا.

 

مووشەكبارانەكە كاریگەریی لەسەر پێكهێنانی یەكڕیزیی نێوان لایەنەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دروست كردووە، هەردوو حزبی حدك‌و حدكا پێكەوە ڕێوڕەسمی پرسەو ناشتنی تەرمی شەهیدانی مووشەكبارانەكەیان ئەنجامداوە، ئەوەش یەكەم كاری لەو شێوەیەیە لە دوای لەتبوونی ئەو حزبەو بوون بە دوو حزب لە كۆتایی ساڵی 2006.

 

فوئاد خاكی بەیگی، نوێنەری حدكا لە سلێمانی، باسلەوەدەكات هێرشەكەی ئێران، "كاریگەریی زۆر باش"ی هەبووە لەسەر یەكڕیزیی نێوان حزبەكان، بۆ پەرەگراف وتی"لە دەیان شتدا ئێمە پێكەوە ناكۆكین، ئێستا بە ئاسانی توانیمان لەسەر مانگرتنی گشتیی ساخ ببینەوە لەكاتێكدا پێشتر شتیوا نەدەكرا، ئێمە لەگەڵ ئەو لایەنەی دیكە كە لە حزب جیابوونەتەوە(مەبەستی حدك-ە) ڕەنگە ڕێوڕەسممان نەبوایە، ئێستا ڕێوڕەسمی ناشتن‌و پرسەو سەرەخۆشیمان پێكەوە گرتووەو لەگەڵ لایەنەكانی دیكەش لە پەیوەندیی بەردەوامداین."

 

مووشەكبارانەكەی ئێران دیارترین هێرش بوو بۆسەر حزبەكانی ڕۆژهەڵات لە ماوەی 22 ساڵی ڕابردوودا لە خاكی هەرێمی كوردستان، ئەوەش دوای ئەوەی ساڵی 1996 سوپای ئەو وڵاتە سنوری هەرێمی بەزاندو نزیك بووەوە لە بارەگاكانی دیموكرات لە كۆیەو تۆپبارانی كردن.

 

نازم دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران دەڵێت، مانگ‌و نیوێك پێش مووشەكبارانكردنەكە پارتی‌و یەكێتی ئەو حزبانەیان ئاگاداركردووەتەوە كە ئێران بەنیازە "گورزی كوشندەیان لێبدات، بەڵام ئەو لایەنە كوردییانە گوێیان نەگرتووە."

 

لە دوای مووشەكبارانەكە سوپای پاسداران بە فەرمی ئەنجامدانی گرتە ئەستۆو هەڕەشەی هێرشی تووندتری كرد، نازم دەباغ بە دەنگی ئەمەریكای وتووە"بەیاننەكەی سوپای پاسداران ڕوونە كەی بیانەوێت ئەو هێرشانە دوبارە دەكەنەوە."

 

ئێستا حزبەكانی ڕۆژهەڵات سەرقاڵی ئامادەكاریین بۆ ئەو مانگرتنە گشتییەی ڕایانگەیاندووە كە ڕۆژی چوارشەممە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەڕێوەبچێت، بەرپرسی پەیوەندییەكانی پژاك ئەوەدەخاتەڕوو، هەرچەندە ئەوان هێشتا سەرقاڵی تاوتوێكردنی پشتیوانیكردن لە مانگرتنەكە دەكەن بەوپێیەی درەنگ پێیان ڕاگەیەندراوە، بەڵام وتی"بەربەستمان نییەو هەرشتێك خزمەتی گەلی كوردی تێدابێت پشتیوانی دەكەین."

 

حزبەكان دەیانەوێت خەڵكی ڕۆژهەڵات بە فراوانیی بەشداربن لە مانگرتنەكەو دووكان‌و بازاڕ دابخەن بەوەش ناڕەزایی خۆیان بگەیەننە دەسەڵاتدارانی ئێران.

 

فوئاد خاكی بەیگی وتی"5 حزبەكەی ناوەندی هاوكاری‌و ئەو حزبانەشی لە دەرەوەی ناوەندەكەن، هەموومان تێكڕا بڕیارمانداوە ڕۆژی چوارشەممە مانگرتنێكی گشتیی ڕێكبخەین‌و ئامادەكاریی تەواومان بۆكردووە لە شارەكانی كوردستان."

 

نوێنەرەكەی حدكا لە سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، ئەوانیش زانیارییان هەیە ئێران هێزی هێناوەتە ناوچە سنورییەكان، وتی"هێزی زۆری هێناوە بەدرێژایی سنور، بەڵام نەهاتووەتە ناو خاكی باشور" وتیشی"سەد لەسەد پێشبینی ئاڵۆزتربوونی دۆخەكە دەكەین، بەڵام پێشبینی ناكەین هێزی زەمینی بهێنێتە ناو خاكی باشور."

 

حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان خاوەن یەك هێزی چەكداری یەكگرتوو نین، هەر حزبێك هێزی چەكداری هەبێت سەربەخۆیەتی‌و لەژێر فەرماندەیی حزبەكەدایە، بەڵام ئێستا 5 حزب ناوەندێكی هاوبەشیان پێكهێناوەو كاری پێكەوەیی دەكەن بە ئامانجی یەكخستنی هێزەكانیان، حدكاو حدك، كۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران‌و كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، لەگەڵ سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران، ئەو پێنج حزبەن‌و دەویانەوێت لەگەڵ حزبەكانی دیكەی دەرەوەی ئەو ناوەندەش هەمان كار بكەن.

 

لە دەرەوەی ئەو ناوەندە پژاك‌و پارتی ئازادی كوردستان(پاك) خاوەنی هێزی چەكداری سەربەخۆیانن، یەكخستن‌و كۆكردنەوەی سەرجەم ئەو هێزانە لەژێر چەترێكدا، بەدەر لەوەی بەهێزیان دەكات هاوكات ئەو مەترسییە دەڕەوێنێتەوە كە لەبەردەمیاندایە بۆ ڕوودانی شەڕی ناوخۆ لە داهاتووی ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا.

 

هەرچەندە ئەو حزبانەی ناوەندی هاوكاریی‌و حزبەكانی دەرەوەی ئەو ناوەندە دەڵێن هەمان ئامانجیان هەیە، لە دروستكردنی بەرەیەكی هاوبەش‌و كۆكردنەوەی هێزەكانیان لەژێر چەترێكدا، بەڵام جیاوازو دوور لەیەكترن‌و هێشتا گفتوگۆ لە نێوانیاندا نییەو هەریەكەیان بەجیا خاوەنی پڕۆژەو بەرنامەن.

 

پژاك‌و حزبەكانی دیكەی ڕۆژهەڵات جیاوازیی ڕیشەیی هەیە لە تێڕوانین‌و سیاسەتیان بەرامبەر دۆخی ئێستای ئێران، خاڵێكی جیاوازییان ئەوەیە پژاك داوای چاكسازیی لە دەوڵەتی ئێران دەكات بۆ بەدەستهێنانی مافی گەلان بەڕێگەی گفتوگۆو دیموكراسی، بەڵام حزبەكانی دیكە داوای ڕووخاندنی دەكەن‌و پێیانوایە ئەو سیستمە چاكسازیی هەڵناگرێت، بۆئەوەش هەرلایەكیان پاساوی خۆیان هەیە.

 

لەو چوارچێوەیەدا پژاك چالاكیی سەربازیی دژی ئێران ئەنجام نادات، مەگەر لە كاردانەوەی چالاكییەكی ئەو وڵاتەدا بێت، ئەوەشی ناوناوە "پاراستنی مافی ڕەوا."