شاسوار پەشیمان دەبێتەوە؟

23-10-2018 08:15
دەنگدانی شاسوار عەبدولواحید لە سلێمانی بۆ پەرلەمانی كوردستان. وێنە؛ پەیجی شاسوار لە فەیسبوك.

 

پەرەگراف- سورکێو محەمەد

 

نوێترین پەیامی شاسوار عەبدولواحید جیاوازە لە یەكەم پەیام‌و كاردانەوەی دەربارەی ئەنجامی هەڵبژاردنی كوردستان، جیاوازییەكە وەك جۆرێك لە پاشەكشەی هەڵوێستی ئەوكاتی دەردەكەوێت كە بەڕوونی وتی"بایكۆتی پەرلەمان دەكەین‌و شەقام دەكەینە پەرلەمان."

 

گۆڕانی هەڵوێستی سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەكاتێكدایە، لە ڕاگەیاندنی ئەنجامی گشتیی هەڵبژاردن لەلایەن كۆمسیۆنەوە هیچ گۆڕانكارییەك ڕووینەدا بەراورد بەو ئەنجامەی پێشتر بڵاوكرایەوە.

 

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، ئەمڕۆ پەیامێكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە، داوای لەلایەنەكانی دەرەوەی پارتی‌و یەكێتی كرد بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆنی بەهێز دروست بكەن.

 

هەرچەندە شاسوار بە ڕوونی ناڵێت، مەبەستی بەرەی ئۆپۆزسیۆنە لەناو پەرلەمان یاخود لەدەرەوەی پەرلەمان، بەڵام پەیامەكەی ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە مەبەستی بەرەیەكە لە ناو پەرلەمان.

 

"داواكارم لە هەموو ئەو هێزانەی كە لە دەرەوەی یەكێتی‌و پارتین تكایان لێدەكەم كە بەشداری حكومەت نەكەن‌و هەموومان پێكەوە ئۆپۆزسیۆنێكی ڕاستەقینە دروست بكەین‌و هەوڵبدەین چوارساڵی داهاتوو ژیان‌و گوزەرانی هاوڵاتیان باشتر بكەین‌و فشارێكی ڕاستەقینە لەسەر دەسەڵات دروست بكەین" شاسوار لە پەیامەكەی ئەمڕۆیدا وادەڵێت،  تەئكیدیش لەوە دەكاتەوە ناچنە حكومەتەوە.

 

نەوەی نوێ 8 كورسی پەرلەمانی كوردستانی بەدەستهێناوە، شاسوار خۆی سەرۆكی لیست‌ بوو، خاوەنی زۆرترین دەنگی لیستەكەو دووەم دەنگە لەسەر ئاستی هەرێم، 106 هەزارو 289 دەنگی هێناوە، ئەو ڕەخنەی تووند لە پارتی‌و یەكێتی دەگرێت‌و جارێكی دیكە تەئكید دەكاتەوە كە "ساختەكارییان كردووە"، داواش لە خەڵكی كوردستان دەكات نائومێد نەبن‌و هەڵوێستیان هەبێت بۆ فشار خستنەسەر دەسەڵات.

 

پەیامەكەی ئەمڕۆی شاسوار لەكاتێكدایە، یەك ڕۆژ دوای هەڵبژاردنەكە لەگەڵ ئەوەی ئەنجامەكانی ڕەتكردەوە، ڕایگەیاند"بەشداری خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان ناكەین بەم شێوەیەی ئێستاو ئەم ئەنجامانە. پارتی‌و یەكێتی بە ئارەزووی خۆیان كورسی دەبەخشنەوەو ئەنجام دیاریی دەكەن."

 

سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئەوكات هەڵبژاردنەكەی بە "مەهزەلە" ناوبرد، وتی"هەرلایەك بەشداری بكات لە پەرلەمان شەرعیەتدانە بەم شانۆگەری‌و مەهزەلەیەی پارتی‌و یەكێتی. پارتی‌و یەكێتی سندوقی دەنگدانیان گۆڕیوەو پێشتر سندوقیان ئامادەكردوە."

 

شاسوار ڕووەو خەڵكی كوردستان وتیشی"ئێمە ئەم هەڵوێستە وەردەگرین‌و هاوڵاتیان ئاگادار دەكەینەوە لەگەڵتانداین، ئەگەر خەڵك پشتیوانمان بن شار بە شار خۆپیشاندانی سەرتاسەری دەكەین، ماندەگرین‌و دوكان‌و بازاڕ دادەخەین"، زیاتر وتی"لەبری ئەوەی بچینە ئەو پەرلەمانەی یەكێتی‌و پارتی بە ئارەزووی خۆیان كورسی دەبەخشنەوە، شەقام‌و ماڵەكانی ئێوە دەكەینە پەرلەمان."

 

دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی گشتیی هەڵبژاردنەكەی پەرلەمانە لەلایەن كۆمسیۆنەوە، لایەنەكانی دەرەوەی پارتی‌و یەكێتی ئەنجامەكەیان ڕەتكردەوە، بەڵام تائێستا تەنها یەكگرتووی ئیسلامی ‌و نەوەی نوێ ڕایانگەیاندووە دەبنە ئۆپۆزسیۆن و ناچنە كابینەی نوێی حكومەت.

 

ئەمڕۆش كۆمەڵی ئیسلامی لە ئاستی باڵادا كۆبووەوە، ئەو حیزبە هەرچەندە جارێكی دیكە ڕەتكردنەوەی ئەنجامەكانی ڕاگەیاند، بەڵام بڕیاری نەدا لەبارەی ئۆپۆزسیۆن بوون یان چوونە حكومەت‌و بڕیاردانی لەوبارەیەوە دواخست.

 

بزووتنەوەی گۆڕانیش هێشتا بڕیاری كۆتایی نەداوەو لە ناوخۆی خۆیدا دابەشی دووبەرە بووە بەرەیەك داوای ئۆپۆزسیۆن بوون دەكات‌و بەرەیەكی دیكە دەیەوێت بچنە حكومەت. بەپێی ئەنجامەكان گۆڕان لەگەڵ یەكگرتوو دوو زەرەرمەندترین حیزبی هەڵبژاردنەكەن، هەریەكەیان نیوەی كورسییەكانی لەدەستداوە.

 

پارتی براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكەیەو 45 كورسی بەدەستهێناوە، یەكێتی بە 21 كورسی لە پلەی دووەمدایە، پارتی ڕۆژانی داهاتوو مانۆڕی سیاسی دەستپێدەكات بۆ پێكهێنانی حكومەت‌و سەردانی لایەنەكان دەكات.

 

ئەنجامی گشتی هەڵبژاردنەكە لەلایەن نوێنەرانی پارتی‌و یەكێتی لە ئەنجومەنی كۆمسیاران پەسەند كراو ڕاگەیەندرا، نوێنەرانی گۆڕان، كۆمەڵ‌و یەكگرتوو ئەنجامەكانیان ڕەتكردەوەو واژۆیان لەسەر نەكرد، دەڵێن"ئەنجامی كۆتایی نین‌و پڕن لە كەموكوڕی‌و ناتەواوی."