ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان وەكخۆی پەسەند كرا

30-10-2018 01:37
دەنگدانی گشتی لە قوتابخانەیەكی سلێمانی بۆ پەرلەمانی كوردستان/ 30-9-2018. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن لە دادگای پێداچوونەوەی هەرێم ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی پەرلەمانی كوردستانی وەكخۆی پەسەند كردو سكاڵای لایەنە ناڕازییەكان كاریگەرییان نەبوو.

 

كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی هەرێم ئەمڕۆ لە ڕاگەیەندراوێكدا پەسەندكردنی ئەنجامەكانی لەلایەن دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن ڕاگەیاند، بڕیارەكەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن بڕیاری كۆتاییەو كۆمسیۆن ناوی كاندیدە دەرچووەكانی هەڵبژاردنەكە ڕەوانەی پەرلەمانی كوردستان دەكات.

 

هاوكات سبەینێ پەرلەمانی كوردستان دواین كۆبوونەوەی ئەم خولەی ئەنجام دەدات‌و دواتر ئامادەكاریی دەكرێت بۆ گرێدانی یەكەم كۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمان كە دەبێت تا 6-11-2018 ئەنجام بدرێت، بە پێچەوانەوە ئەگەر تا ئەو ڕێكەوتە پەرلەمانی نوێ كۆنەبێتەوە، هەرێمی كوردستان دەكەوێتە بۆشایی یاساییەوە بەوپێیەی لەو ڕۆژەدا وادەی ئەم خولەی پەرلەمان كۆتایی دێت.

 

ڕاگەیەندراوی كۆمسیۆن دەربارەی پەسەندكردنی ئەنجامی كۆتایی

 

ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی پەرلەمانی كوردستان ناڕەزایی لایەنەكانی دەرەوەی پارتی‌و یەكێتی لێكەوتەوەو ڕەتكرایەوە، بەڵام ڕەتكردنەوەكەو ئەو سكاڵایانەی تۆماریان كردو ئەو سندوقانەی دەنگدان كە بەهۆی پێشێلكارییەوە قردێلەی سوریان لێدرابوو، كاریگەرییان نەبوو لەسەر ژمارەی كورسی بەدەستهاتووی لایەنەكان.

 

پارتی براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەو 45 كورسی دەبێت لە خولی داهاتووی پەرلەمان، یەكێتی بە 21 كورسی لە پلەی دووەمدایە، هەریەكە لە بزووتنەوەی گۆڕان 12 كورسی‌و نەوەی نوێ 8 كورسی‌و كۆمەڵ 7 كورسی‌و بەرەو ئیسلاح(بزوتنەوەو یەكگرتوو) 5 كورسییان بەدەستهێنا.

 

پارتی ڕۆژانی داهاتوو مانۆڕی سیاسی دەستپێدەكات بۆ پێكهێنانی حكومەت‌و سەردانی لایەنەكان دەكات. بەپێی ئەنجامەكان گۆڕان لەگەڵ یەكگرتوو دوو زەرەرمەندترین حیزبی هەڵبژاردنەكەن، هەریەكەیان نیوەی كورسییەكانی لەدەستداوە.

 

تائێستا یەكگرتووی ئیسلامی ‌و نەوەی نوێ ڕایانگەیاندووە دەبنە ئۆپۆزسیۆن و ناچنە كابینەی نوێی حكومەت، گۆڕان‌و كۆمەڵ هێشتا بڕیاریان نەداوە، پێشتر پەرەگراف ئەوەی ئاشكرا كرد ئاڕاستەی بڕیار لەناو گۆڕان بەرەو ئەوە دەڕوات بچنە حكومەتەوەو لە ئێستاوە پارتی پشكی گۆڕانی دیاری كردووە لە كابینەی نوێ.

 

ئەنجامی هەڵبژاردنەكە لەلایەن نوێنەرانی پارتی‌و یەكێتی لە ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆن پەسەند كراو ڕاگەیەندرا، نوێنەرانی گۆڕان، كۆمەڵ‌و یەكگرتوو ئەنجامەكانیان ڕەتكردەوەو واژۆیان لەسەر نەكرد، ڕایانگەیاند"ئەنجامی كۆتایی نین‌و پڕن لە كەموكوڕی‌و ناتەواوی."

 

ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكە

100 كورسی گشتی پەرلەمانی كوردستان

پارتی دیموكراتی كوردستان: 686،070 دەنگ- 45 كورسی

یەكێتی نیشتمانی كوردستان: 319،912 دەنگ- 21 كورسی

بزووتنەوەی گــۆڕان: 186،903 دەنگ- 12 كورسی

جوڵانەوەی نەوەی نوێ: 127،115 دەنگ- 8 كورسی

كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان: 109،494 دەنگ- 7 كورسی

هاوپەیمانی بەرەو ئیسڵاح: 79،434 دەنگ - 5 كورسی

هاوپەیمانی سەردەم: 15،581 دەنگ - 1 كورسی

لیستی ئازادی: 8،063 دەنگ - 1 كورسی

 

11 كورسی پێكهاتەكان

- ھاوپەیمانی یەكێتی نەتەوەیی: 3 كورسی

- گەشەپێدانی توركمانی: 2 كورسی

- چاكسازی توركمانی: 1 كورسی

- لیستی میللەت: 1 كورسی

- بەرەی توركمانی: 1 كورسی

- لیستی رافیدەین: 1 كورسی

- ئەنجوومەنی گەلی كلدانی سریانی ئاشووری، 1 كورسی

- قەوارەی تاكی ئەرمەن: 1 كورسی