پەرەگراف هۆكاری هەڵوەشانەوەی كۆبوونەوەی یەكێتی لەگەڵ پارتی ئاشكرا دەكات

07-01-2019 10:58
بڕیاربوو پارتی‌و یەكێتی بە سەرپەرشتی بارزانی‌و كۆسرەت ڕەسوڵ كۆببنەوە، بەڵام هەڵوەشایەوە.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد


كۆبوونەوەی لوتكەی سبەینێی پارتی‌و یەكێتی هەڵوەشایەوە، بەوتەی ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی هۆكاری هەڵوەشانەوەكە ڕێكنەكەوتن بووە لەسەر تەوەری گفتوگۆی كۆبوونەوەكە لەگەڵ دەستتێوەردانی پارتی لە دیاریكردنی ئەندامانی وەفدی یەكێتی.



بڕیاربوو سبەینێ پارتی‌و یەكێتی بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی‌و كۆسرەت ڕەسوڵ كۆببنەوە‌و خاڵی كۆتایی لەسەر ناكۆكییەكانی نێوانیان دابنێن‌و چەند پرسێك یەكلایی بكەنەوە، پێشتر پەرەگراف ئەوەی ئاشكرا كرد، تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكە دانانی پارێزگاری كەركوك دەبێت، پاشان پشكی یەكێتی لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم‌و پەرلەمان‌و سەرۆكایەتی هەرێم، بەڵام گۆڕانكاریی لە بەرنامەی كۆبوونەوەكە كراوەو ئەوەش بووەتە هۆكاری هەڵوەشانەوەی.



ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە داوایكرد ناوی نەهێنرێت بۆ پەرەگراف وتی"پارتی دەستێوەردانی كردووە لەوەی ئەندامانی وەفدەكەی یەكێتی كێ بن، داوایكردووە هەندێك كەسی تێدانەبێت كە ببێتە مایەی نیگەرانیی مەسعود بارزانی، لەوەشدا مەبەستی ئەو كەسانەیە كە پارتی بە گروپی 16ی ئۆكتۆبەر ناویان دەبات، ئەمە هۆكارێكی هەڵوەشانەوەی كۆبوونەوەكەیە."



بەوتەی ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، هۆكاری دووەمی هەڵوەشانەوە كۆبوونەوەكە ڕێكنەكەوتن بووە لەسەر تەوەری گفتوگۆی كۆبوونەوەكە، "پارتی دەڵێت كۆبوونەوەكە لەبارەی دابەشكردنی پۆستەكانی هەرێمی كوردستان‌و ناوی ئەو كاندیدانەبێت كە یەكێتی دیارییان دەكات بۆ وەرگرتنی پۆستەكان، بەڵام یەكێتی نایەوێت گفتوگۆ لەسەر پۆستەكان بكات‌و دەیەوێت كۆبوونەوەكە بۆ ڕێككەوتنێكی سیاسیی گشتگیربێت كە سەرجەم كێشەكانی نێوان هەردوولای تێدا یەكلایی بكرێتەوە."



ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەوەشی خستەڕوو، پارتی ئامادە نییە ڕێككەوتنی سیاسی لەگەڵ یەكێتی ئەنجامبدات، وتی"پارتی دەیەوێت هەموو شتێك بە خواستی خۆی بێت."



لە دوای بڕیاری هەڵوەشانەوەی كۆبوونەوەكەی سبەینێ، هیچ وادەیەكی نوێ بۆ كۆبوونەوەی نێوان ئەو دوو حیزبە دیاریی نەكراوەو پرسەكە بە هەڵواسراویی ماوەتەوە.



ناكۆكییەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتی هۆكاری سەرەكیی دواكەوتنی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمە، مەسرور بارزانی كوڕە گەورەی مەسعود بارزانی كاندیدی سەرۆكایەتیی كابینەكەیە، 99 ڕۆژ بەسەر هەڵبژاردندا تێپەڕبووەو هێشتا ئاسۆی پێكهێنانی كابینەكە ڕوون نییە.



یەكێتی دەیەوێت پێكهێنانی كابینەی نوێ بكاتە دەرفەت بۆ دانانی پارێزگاری كەركوك‌(لەپشكی خۆی)و وەرگرتنی وەزارەتی داد لە بەغداد ئەوەش بە یەك پاكێج‌و لە چوارچێوەی ڕێككەوتنێكی گشتگیری سیاسیی لەگەڵ پارتی، بەڵام پارتی بەوە ڕازیی نییە.



پارتی‌و یەكێتی مانگی 8ی ساڵی ڕابردوو ڕێككەوتن لەسەر ئەنجامدانی ڕێككەوتنێكی نوێ كە ئامانجەكانی ڕێككەوتنی ستراتیژی نێوانیان لەخۆ بگرێت. ڕێككەوتنەكە ئەوكات لە كۆبوونەوەی باڵای نێوان ئەو دوو حیزبە بڕیاری لەسەر دراو بڕیاربوو لیژنەیەك پێكبهێنرێت بۆ نوسینەوەی، بەڵام كێشەو گرژییەكانی نێوان ئەو دوو حیزبە پڕۆسەكەی ڕاگرت.



ئەو دوو حیزبە لەساڵی 2007ەوە ڕێككەوتنی ستراتیژی نێوانیان واژۆكرد كە تێیدا دەسەڵاتیان بە شێوەی 50 بە 50 لە هەرێمی كوردستان‌و عێراق لەناو خۆیاندا دابەشكرد، بەڵام ئێستا كار بەو ڕێككەوتنە ناكرێت‌و بە هەڵوەشاوە دادەنرێت.



ئێستا كە پارتی خاوەنی 45 كورسی پەرلەمانی كوردستانەو یەكێتی 21 كورسیی هەیە، پارتی دەڵێت سەردەمی 50 بە 50 بەسەرچووەو یەكێتیش بەوە ڕازییە، بەڵام دەڵێت، دەبێت خەبات‌و مێژوو و ناوچەی جوگرافیی‌و هەبوونی هێزی چەكدار لەبەرچاو بگیرێت بۆ سەنگی یەكێتی.



كۆبوونەوەی پارتی‌و یەكێتی لە ئاستی باڵادا كاریگەریی دەبێت لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان ئەو دوو حیزبە‌و ئاساییكردنەوەی بارودۆخەكە، بەتایبەت دوای گرژیی‌و ئاڵۆزییەكان كە بەهۆی ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017‌و دواتریش بەهۆی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقەوە لە نێوانیان دروست بوو.



هەرچەندە ئێستا پێكهێنانی كابینەی نوێی هەرێم بۆ پارتی كە 45 كورسی هەیە، ئاسانەو لەگەڵ كەمینەكانی پەرلەمان كە 11 كورسییان هەیە دەتوانێت كابینەی نوێ پێكبهێنێت‌و دەنگی 50+1ی پەرلەمانتاران مسۆگەر بكات(56 لە 111)، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی ئاسەوارەكانی دوو ئیدارەیی، لە واقیعدا ناتوانێت حكومەتێكی یەكگرتوو لەسەر زەویی پێكبهێنێت بەبێ بەشداریی حیزبە براوەكانی پارێزگای سلێمانی، بەتایبەت یەكێتی دواتر گۆڕان.



لە سەرەتای پێكهێنانی حكومەتی هەرێم لە ساڵی 1992 تائێستا، یەكێتی بەردەوام پێكهێنەری سەرەكیی حكومەت بووە بە دوو ئیدارەیی‌و ئیدارەی یەكگرتووشەوە.