جەلالی سام ئاغا قوتابخانەیەكی پێشكەشی كەرتی پەروەردە كرد

06-11-2018 06:18
پێشوازیی جەلالی سام ئاغا لە وەزیری پەروەردە لە مەراسیمی كردنەوەی قوتابخانەكە. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

جەلالی سام ئاغا قوتابخانەیەكی خێرخوازیی لە سلێمانی دروست كردو ڕادەستی پەروەردەی كرد وەك هاوكاریكردنی كەرتی خوێندن، بەرپرسانی پەروەردە داوادەكەن خاوەنكارو كەسایەتییەكان هاوكاریی بنیاتنانی ژێرخانی پەروەردە بكەن.

 

قوتابخانەی زەكیە سام ئاغای بنەڕەتی لە گەڕەكی ئیبراهیم ئەحمەد لە سلێمانی لەسەر ئەركی جەلالی سام ئاغا دروستكراو ئەمڕۆ بە فەرمی كرایەوە، قوتابخانەكە لەسەر حەوت هەزار مەتر زەویی دروستکراوە، 3 هەزار مەتری بینایەو ئەوەی دیكەی باخچەیە، 12 پۆل لە خۆدەگرێت‌و تێچووەكەی بە 550 هەزار دۆلار خەمڵێندراوە.

 

لە مەراسیمی كردنەوەی قوتابخانەكەدا بەرپرسانی حكومی‌و كەسایەتییەكانی سلێمانی ئامادەبوون، پشتیوان سادق وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم، سوپاسی بنەماڵەی جەلالی سام ئاغای كردو داوایكرد هەركەسێك توانای دارایی هەیە هاوكارییان بكات، وتی"مەرج نییە بتوانن قوتابخانەیەك بكەنەوە، بەڵكو دەتوانن بە نۆژەنكردنەوەش هاوكاربن."

 

پشتیوان سادق ئەوەشی خستەڕوو، تەنها بۆ ئەمساڵی خوێندن 168 هەزار خوێندكار لە پۆلی یەكی سەرەتایی وەرگیراون، وتی"تەنها بۆئەو خوێندكارانە پێویستمان بە 400 بینای قوتابخانە هەیە، بەگشتی بۆ سەرجەم خوێندكارانیش پێویستمان بە زیاتر لە 600 قوتابخانەی نوێ هەیە، بەدەر لەوەی قوتابخانەكانی دیكەش بەردەوام پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە."

 

وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەشكرد، لە 4 ساڵی ڕابردوودا كە هەرێمی كوردستان لە قەیرانی داراییدا بووە، 150 قوتابخانە لەلایەن كەسایەتی‌و ڕێكخراوەكانەوە دروستكراون.

 

 

هاوكات بەپێی ئامارێك كە هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی لە مەراسیمەكەدا خستیەڕوو، لە پارێزگای سلێمانی 682 هەزار خوێندكارو 2 هەزارو 237 بینای قوتابخانە هەن، بەڵام پارێزگاكە پێویستی بە 350 قوتابخانەی دیكە هەیە.

 

قوتابخانەی زەكیە سام ئاغا یەكەم كاری خێرخوازیی بنەماڵەی جەلالی سام ئاغا نییە، بەڵكو خوشكێكی دیكەی جەلالی سام ئاغا بەناوی ئەختەر كە مامۆستای خانەنشینەو ئێستا باری تەندروستی ناجێگیرە، بەهەمانشێوە شوقەی نیشتەجێبوونی خۆی پێشكەش بە پەروەردەی سلێمانی كردووە، ئەمانە بەدەر لە کارە خێرخوازییەکانی جەلالی سام ئاغا.

 

 

بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لە مەراسیمی كردنەوەی قوتابخانەی زەكیە سام ئاغا سوپاسی ئەختەرخانی كرد بۆ پێشكەشكردنی شوقەكەی بە كەرتی پەروەردە، هاوكات سوپاسی فارقی مەلا مستەفا سەرمایەداری دیاری كوردستانی كرد كە بەشێك لە پێداویستییەكانی قوتابخانە کەی دابین کردووە.

 

دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی، باسیلەوەشكرد، ئەمساڵ دوو جار كۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرمایەدارو خاوەنكاران كردووە بەمەبەستی هاوكاریكردنی كەرتی پەروەردەو كۆبوونەوەكانی بە "سەركەوتوو" وەسفكرد، وتیشی"بەڵام كاك جەلالی سام ئاغا خۆی ناردی بە شوێنمانداو پێی وتین دەیەوێت پڕۆژەیەك پێشكەش بە پەروەردە بكات."

 

 

جەلالی سام ئاغا سەرۆکی پێشووی دیوانی چاودێری دارایی سلێمانی، كەسایەتییەكی دیاری سلێمانییەو لەسەردەمی سەرۆكایەتی ئەودا دیوانی چاودێری دارایی 2 هەزارو 720 ڕاپۆرتی لەسەر گەندەڵی ئامادەكردووە، بەدەر لەو ڕاپۆرتانە، هەرلەو سەردەمەدا دیوان 86 كەسی لەسەر گەندەڵی‌و سەرپێچی یاسایی‌و ئیداریی داوە بە دادگا كە زۆربەیان بەرپرسانی باڵای حكومەت بوون.

 

ساڵی 2010 كاتێك جەلالی سام ئاغا سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی سلێمانی بوو، پڕۆژەی بەخشینی خەڵاتێكی ساڵانەی دامەزراند بۆ خانمی سەلارو فەرمانبەری نمونەیی دیوان، بەمەبەستی دابینكردنی پارە بۆ بەخشینی خەڵاتەكە، جەلالی سام ئاغا پارچە زەوییەكی 200 مەتریی موڵكی خۆی فرۆشتووە بە زیاتر لە 70 ملیۆن دینارو پارەكەی لە بانك داناوە بە چەند مەرجێك كە تەنها بۆ بەخشینی ئەو خەڵاتە بەكاربهێنرێت‌و خاوەندارێتی ئەو حسابە بەناوی دیوانی چاودێری دارایی سلێمانی تۆماركراوە.

 

مانگی 7ی ئەمساڵ هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو خەڵاتەكە بەسەر 7 فەرمانبەری نمونەیی‌و 4 خانمی سەلاری دیوانی چاودێری دارایی سلێمانی دابەشكرا كە بڕێك پارەو نوسراوێكی سوپاس‌و پێزانین بوو.

 

جەلالی سام ئاغا كاتێك سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی بوو پێشتریش كە بریكاری وەزارەتی دارایی بووە، لە هەردوو پۆستەكەدا سەرجەم ئیمتیازاتەكانی ڕەتكردووەتەوە، هەرلە وەرگرتنی ئۆتۆمبێل‌و پاسەوان، هەروەها بۆ كەمكردنەوەی خەرجیی حكومەت داوایكردووە موچەی سەرۆك وەزیران‌و وەزیرەكان كەمبكرێنەوەو بۆئەوەش یەكەم كەس لە خۆیەوە دەستیپێكردووە.

 

كاتێك خانەنشین بووە بە پلەی وەزیر، بۆی هەبووە وەك هەر وەزیرێكی دیكە پاسەوانی هەبێت‌و ئۆتۆمبێلێكی حكومیی وەربگرێت، بەڵام جەلالی سام ئاغا ئیمتیازاتەكانی خانەنشین بوونیشی ڕەتكردووەتەوە. 

 

 

هەروەها جەلالی سام ئاغا ئەو خانووەی تێیدا دەژی لە گردی سەرچناری سلێمانی كردوویەتی بەناوی وەزارەتی تەندروستییەوە، بۆئەوەی دوای كۆچی دوایی خۆی بكرێت بە نەخۆشخانەی گشتی‌و پێشكەشی كەرتی تەندروستی كردووە.

 

لە بەرامبەر هاوكارییەكانی جەلالی سام  ئاغا بۆ كەرتی پەروەردە، ساڵی 2016 وەزیری پەروەردەی هەرێمی كوردستان، لەماڵەوە سەردانی كردو خەڵاتی ڕێزلێنانی پێبەخشی.