دوای 11 ساڵ لە تیرۆركردنی سەردەشت؛ باوكی لە ئازارێكی بەسوێدا دەژیو هێشتا چاوەڕێیە
هەمان داواكاریی یەكەم ڕۆژیان هەیەپەرەگراف- فەرمان سادق
كۆستی مەرگی كوڕە ڕۆژنامەنووسەكەی 11 ساڵە بە تووندی بەرۆكی مام عوسمانی گرتووە، ئەو هەفتانە سەردانی گۆڕەكەی دەكاتو بەدەم هەناسەیەكی قوڵی پڕ لە خەفەتەوە دەڵێت: تەنها داوای دۆزینەوەو سزادانی بكوژانی سەردەشت دەكەینو لە خوێنەكەی خۆش نابین.
ئەمڕۆ 11 هەمین ساڵیادی تیرۆركردنی ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان بوو، باوكی سەردەشت لەسەر گۆڕی كوڕەكەی قسەی بۆ پەرەگراف كرد، خەمو خەفەتی ساڵانی دوای سەردەشت بە تەواوی بە سیمایەوە دیاربوو، زوو زوو ئاهوهەناسەی قووڵی بۆ ئەو تراژیدیایە هەڵدەكێشا كە بەسەریانداهات دوای ڕفاندنی كوڕەكەیو تیرۆركردنی.
"سەردەشت كوڕێكی بێدەنگ بوو تێكەڵی كوڕانی كۆڵان نەدەبوو، هەموو كات پاش خوێندن لەگەڵ من دەهات بۆسەر ئیش، بۆیە لە هەمووان زیاترم خۆشدەویست، تەنانەت دراوسێكانیشمان سەردەشتیان نەدەناسی" مام عوسمان وای وت.
باوكی سەردەشت، پێنج شەممەی هەموو هەفتەیەك لەگەڵ هاوسەرەكەیدا سەردانی گۆڕی سەردەشت دەكەن، ئەوان لە ئازارێكی بەسوێدا دەژین، مام عوسمان وتی "ڕەنگە من خراپەم كردبێ، بەڵام سەردەشت نا".
3ی ئایاری 2010 دواین ڕۆژی پێكەوەبوونی سەردەشتو خێزانەكەی بوو، بەرەبەیانی ئەوڕۆژە بە ئۆتۆمبێلی برایەكی بەرەو كۆلێژی ئادابی زانكۆی سەلاحەدین لە هەولێری پایتەخت بەڕێدەكەون، سەردەشتی تەمەن 23 ساڵ، خوێندكاری بەشی ئینگلیزی بوو لەو كۆلێژە، لەگەڵ گەیشتنیانو دابەزینی سەردەشت لە ئۆتۆمبێلەكە، دواین ماڵئاوایی لە براكەی دەكاتو ئیدی بە زیندوویی نایبیننەوە.
دوای ساتێكی كەم، مینی پاسێك لەبەردەمیدا دەوەستێت، چەند كەسێك پەلاماری دەدەن و سەردەشت دەخەنە ناو ئۆتۆمبێلەكەو دەیڕفێنن، 3 ڕۆژ دواتر تەرمی سەردەشت لە گەڕەكێكی شاری موسڵ دۆزرایەوەو گوللە بە دەمییەوە نرابوو.
وردەكارییو چۆنیەتی ڕفاندنی سەردەشت لە هەولێرو دۆزینەوەی تەرمەكەی لە موسڵ، دەیان پرسیاری هەڵگرتووە كە 11 ساڵە بێوەڵامن.
بەشدار عوسمانی برای سەردەشت، دەڵێت "ڕۆژی 6ی ئایار تەرمی سەردەشتمان وەرگرتەوەو بەپێی ڕاپۆرتی پزیشكی دادوەریی 48 كاتژمێر دوای ڕفاندنەكەی تیرۆر كراوە واتە لە 5-5-2010".
سەردەشت لە گوندی گردعازەبان لە سنووری ناحیەی شەمامك كە 42 كیلۆمەتر لە سەنتەری شاری هەولێر دوورە، بەخاك سپێردرا.
"كە دێین بۆ سەر گۆڕی سەردەشت، دڵمان ئارام دەبێتەوە" باوكی سەردەشت وای وت.
دوای تیرۆركردنی سەردەشت چەندین سیناریۆ باس كران، سەرەتا سەردەشت وەك "تیرۆریستێك ناسێنرا كە لە موسڵ كوژراوە"، دواتر سیناریۆی دەستگیركردنی كەسێك وەك تۆمەتبار و بكوژی سەردەشت، بەڵام پێداگریی ماڵباتەكەی لەسەر ڕەتكردنەوەی ئەو سیناریۆیانە، هۆكار بوون لەوەی ڕای گشتی باوەڕیان بەو سیناریۆیانە نەكرد.
تیرۆركردنی ئەو ڕۆژنامەنووسە كاردانەوەی فراوانی بەدواداهاتو زنجیرەیەك خۆپیشاندان لە ناوەوەو دەرەوەی هەرێمی كوردستان ئەنجام دران، لەو كاتەوە تا ئێستاش پەنجەی تۆمەت ڕوو بە دەسەڵاتدارانی هەولێرەو ڕای زاڵ ئەوەیە؛ "سەردەشت بەهۆی نووسینە ڕەخنەییەكانی لە دەسەڵات تیرۆر كراوە".
لە یەكێك لە كۆتا وتارەكانی سەردەشت عوسمان دا، "من عاشقی كچەكەی بارزانیم"، باس لە نادادپەروەریی لە هەرێمی كوردستان دەكاتو بە تەنزەوە ئەوە دەگێڕێتەوە كە ئەگەر ئەو ببێت بە زاوای سەرۆكی هەرێمی كوردستان دۆخی ژیانی چۆن دەگۆڕێتو چیی دەكاتو چۆن لە هەژاریی دەربازیان دەبێت.
سەردەشت لە وتارێكی دیكەیدا بە ناونیشانی "یەكەمین زەنگی كوشتنم لێیدا"، باسی ئەو هەڕەشانە دەكات كە لەڕێی نامە و تەلەفۆنەوە پێش كوشتنی لێیكراوەو تێیدا ڕەخنەی ئەوە دەگرێت كە بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر نەچووە بە دەنگییەوە هەرچەندە ئاگاداركراوەتەوە. سەردەشت ڕەخنە لە بێباكیی دەسەڵات دەگرێت بەرامبەر گەنجانو دێڕێك لە وتارەكەی لەسەر كێلی گۆڕەكەی نووسراوە كە دەڵێت: بەدبەختیی ئەو دەسەڵاتە ئەوەیە باكی بە مردنی نەوەكانی خۆی نییە.
لە كاردانەوەی فشارو خۆپیشاندانەكانو پیشاندانی توڕەیی جەماوەر، حكومەتی هەرێم لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی پێكهێنا، لیژنەكە لە 15-5-2010 دەستگیركردنی كەسێكی بەناوی (هیشام مەحمود، تەمەن 38 ساڵ) ڕاگەیاندو وەك "بكوژی سەردەشت عوسمانو سەربە ئەنسارلئیسلام ناسێنرا".
بەڵام خێزانی سەردەشت ئەو ئەنجامەیان ڕەتكردەوەو بە سیناریۆیەكی "دروستكراو" لەقەڵەمی دەدەن، ڕۆژنامەنووسو چالاكانیش هەمان هەڵوێستی خێزانی سەردەشتیان هەیەو بڕوایان بەو ئەنجامەی لیژنەكە نییە.
خێزانی سەردەشت داوای پێكهێنانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی بێلایەنیان كرد، بەڵام تا ئەمڕۆ ئەو داواكارییە لە شوێنی خۆیەتیو ئەو لیژنەیە پێكنەهێنرا.
"11 ساڵ پێش ئێستاو لەكاتی ناشتنی تەرمی سەردەشت، دامەزراوە باڵاكانی حكومەت بەڵێنی ئەوەیاندا كە بكوژانی سەردەشت بدۆزنەوە و دادگاییان بكەن، بەڵام دواتر هاوكێشەكە پێچەوانە بووەوە، هەموو دامەزراوەكان لە هەوڵی شاردنەوەی بكوژی سەردەشت و دروستكردنی بكوژی وەهمیدا بوون بۆ ئێمەو ڕای گشتی" بەشدار عوسمان برای سەردەشت بۆ پەرەگراف وای وت.
بەشدار وتیشی "جارێكی تر وەك یەكەم ڕۆژی تیرۆركردنی سەردەشت دەڵێین، لە خوێنی سەردەشت خۆش نابین و هەمان داوای یەكەم ڕۆژمان هەیە. بكوژانی سەردەشت و ئەوانەی لە پشت كوشتنی سەردەشت بوونو ئەوانەی پیلانیان داڕشتووەو ئەوانەیشی تۆمەتیان بۆ دروست كردووە، دەبێت بۆ ئێمەو خەڵكی كوردستان ئاشكرا بكرێن و دادگاییش بكرێن".
ڕۆژنامەنووسو چالاكان هەمان داواكاریی خێزانی سەردەشتیان هەیە كە دۆزینەوەی بكوژانی هەقیقیو ئەوانەیە كە لە پشتی ئەو كارەوە بوون.
دوو ساڵە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە مەراسیمی فراوان بۆ یادی سەردەشت عوسمان ئەنجام نادرێت، ئەمڕۆ ژمارەیەك لە ڕۆژنامەنووسو چالاكان لەگەڵ خێزانی سەردەشت چوونەسەر گۆڕەكەی.
بەهزاد حسێن، چالاكی مەدەنیو سەرپەرشتیاری یادەكەی ئەمساڵ، بۆ پەرەگراف وتی "یانزە ساڵە، تیرۆریستان بەخەیاڵی خۆیان قەڵەمێكیان لێبردین، بەڵام بێ ئاگا لەوەی بەدەیان قەڵەمی بوێرتر و نوكتیژتر و دلێرتر هاتوونەتە مەیدانەكە".
ڕۆژنامەنووسو چالاكان لەسەر گۆڕی سەردەشت بەیاننامەیەكیان خوێندەوەو كەیسی ڕۆژنامەنووسانی دیكەیشیان هێنایەوە یاد، ڕووەو دەسەڵات دەڵێن "ناتوانن بۆ یەك چركەش ساردمان بكەنەوەو هەرگیز دەستبەرداری كەیسی تیرۆركردنی (سەردەشت عوسمان) و كاوە و سۆران و وەدات و دەیانی تر نابین".
"وەك چالاكوان و ڕۆژنامەنووس و ئازادیخوازانی هەولێر، پێمانوایە هەموو ئەگەرێكی بەرنامە بۆ داڕێژراو لەم دەسەڵاتە چاوەڕوان كراوە، بۆ كپكردن و كوشتنی دەنگی ئازادیخوازانی هەولێر، وەك درێژكراوەی كوشتنی دەنگە ئازا و بوێرەكانی براكانمان لە بادینان. ئێمەش ئەو دەسەڵاتە دڵنیادەكەینەوە كە هیچ باكمان بە سیناریۆكان نییە" بەیاننامەكە وادەڵێت.
ڕەخنەكان لە كاتێكدایە، ڕەوشی ئازادیی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان بە تایبەت لە دوای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكوومەت بە سەرۆكایەتیی مەسروور بارزانی، لە ئاستێكی خراپدایە. دەستگیركردنی دەیان چالاكوانو ڕۆژنامەنووسو لە بادینانو سزادانی 5 لەوانە بە 6 ساڵ زیندانیكردن، هەرێمی كوردستانی ڕوبەڕوی ڕەخنەی تووندی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان كردووەتەوە.
"ئەوان بە لایەنی كەمەوە بۆ ماوەی شەش ساڵ سزای زیندانییان بەسەرا سەپاوە بەهۆی ڕەخنەگرتن لە دەسەڵاتدارانی هەرێمێك كە بەردەوام بانگەشەی ڕێزگرتن لە ئازادی ڕۆژنامەگەریو ئازادی ڕادەربڕین دەكەن، بەڵام بەردەوام بێزاركردن و دەستدرێژی و دەستبەسەركردنی ئەو ڕۆژنامەنووسانە ھەیە كە ڕووماڵی ناڕەزاییەكان دەكەن ڕەخنەیان لە حكومەت هەیە لە سەرانسەری كوردستاندا" ئیگناسیۆ میگێل دێلگادۆ نوێنەری كۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان(سی پی جەی) بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو باكوری ئەفریقا بۆ پەرەگراف وای وت.
ئەوەی هەرێمی كوردستان لە عێراقو تەنانەت وڵاتانی دراوسێش جیادەكاتەوە، ئەو پەراوێزەیە لە ئازادیی كە بە یاسا پارێزراوەو جێی شانازیی بووە بۆ دەسەڵاتدارانو حكومەتی هەرێم، بەڵام پێشێلكارییە زەقو بەردەوامەكان نیشانەی پرسیاری لەسەر حكومەتی هەرێمو بەرپرسان دروست كردووە.
"لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا شاهیدی تێكچوونی ئازادی ڕۆژنامەگەری بووین لە كوردستانی عێراق. ئێمە بەڵگەمان هەیە لە زیادبوونی ئەوجۆرە بێزاركردن و دەستدرێژی و دەستبەسەركردنانەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی كە ڕووماڵی ناڕەزاییەكان دەكەن.. دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووسانیش لە بەرزبوونەوەدایە" نوێنەرەكەی سی پی جەی وادەڵێت.
لەگەڵ ئەو مامەڵە تووندو پێشێلكارییانەی دەسەڵات بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمی كوردستان دەیكات، ڕۆژنامەنووسانو ڕێكخراوە ناوخۆییەكان بەردەوام ڕەخنەی ئەوە دەگرن كە زۆربەی ئەوانەی هێرش دەكەنەسەر ڕۆژنامەنووسانو تاوانیان بەرامبەر ئەنجام دەدەن، لە یاسا دەربازیان دەبێتو لێپرسینەوەو دادگایی كردن نایانگرێتەوە.
بەپێی ئاماری سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، لە ساڵی 2020دا 138 حاڵەتی پێشێلكاریی بەرامبەر 315 ڕۆژنامەنووسو دەزگای ڕاگەیاندن ئەنجام دراون.
لەگەڵ هەبوونی چەند حاڵەتێكی تیرۆركردنی ڕۆژنامەنووسان لە دوو دەیەی ڕابردوودا، هێشتا خەڵكی كوردستان بینەری هیچ دادگاییەك نەبوون كە تێیدا بكوژانی ڕۆژنامەنووسانو ئەوانەی لە پشتیانەوەن دادگایی بكرێن.
باوكی سەردەشت عوسمان، 11 ساڵە لە چاوەڕوانیی لێكۆڵینەوەیەكی بێلایەنو دادگایەكدایە كە دادپەروەریی بچەسپێنێتو كەمێك لە خەمو ئازارەكانی ئەوان كەم بكاتەوە.
مام عوسمان دەڵێت "بەهیچ شێوەیەك لە خوێنی سەردەشت خۆش نابم، وەسیەتیشم بۆ كوڕەكانم كردووە لێی خۆش نەبن".