پەیامی ئەمەریكا لەبارەی كێشەكانی یەكێتی: بەكارهێنانی هێز بۆ چوونەسەر ماڵی لاهور شێخ جەنگی هێڵی سوورە

02-08-2021 10:52

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

ئەمەریكا پەیامی بۆ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ناردووە كە هێزی چەكدار لە كێشە ناوخۆییەكانیاندا بەكار نەهێنن‌و چوونەسەر ماڵی لاهور شێخ جەنگیی بە "هێڵی سوور" لەقەڵەم داوە، بەپێی دوو سەرچاوەی باڵای یەكێتی بۆ پەرەگراف.

ئەو پەیامەی ئەمەریكا لەكاتێكدا بووە، شەوی ڕابردوو ئاڕاستەی ماڵی مام جەلال‌و پشتیوانەكانیان لەناو یەكێتی ئامادەكارییان كردووە بە هێزی سەربازیی بچنەسەر ماڵی لاهور شێخ جەنگی لە گردی سەرچنار لە سلێمانی، ئەوەش لە چوارچێوەی تووندتربوونەوەی ناكۆكییەكانی نێوان هاوسەرۆكانی ئەو حیزبە.

"پاساوی چوونی هێزەكە دەستگیركردنی چەند كەسێك بووە كە دادگا فەرمانی گرتنی بۆدەركردوون‌و لەماڵی ئەودان" سەرچاوەكەی پەرەگراف وای وت.

وتیشی "هێزەكانی دژەتیرۆر بە فەرماندەیی وەهاب هەڵەبجەیی ڕەتیانكردووەتەوە بەشداری بكەن لە چوونەسەر ماڵی لاهور شێخ جەنگی، پەیامەكەی ئەمەریكاش كاریگەر بووەو لە ئەنجامدا جووڵەپێكردنی هێزەكە جێبەجێ نەكراوە".

دوای بیستنی پەیامەكەی ئەمەریكا، لاهور شێخ جەنگیی ئێوارەی ئەمڕۆ بێدەنگیی شكاندو پەیامێكی بڵاوكردەوە، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆش سكاڵای یاسایی لەسەر بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی تۆمار كردووە.

" لاهور شێخ جەنگی لە سكاڵاكەیدا باسی لەوەكردووە ناوی زڕێنراوەو سووكایەتی پێكراوە، داوادەكات ئەو تۆمەتانەی لە دوای 8ی تەمموزەوە ئاڕاستەی كراون لە دادگادا بسەلمێندرێن".

هەوڵدان بۆ بەكارهێنانی هێز لە دژی لاهور شێخ جەنگی، دوای ئەوەدێت كە لە كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ قوباد تاڵەبانیدا، لاهور شێخ جەنگیی داواكارییەكانی ئەوانی ڕەت كردووەتەوەو گرژیی‌و مشتومڕ لە نێوانیان ڕوویداوە.

بەوتەی سەرچاوە باڵاو ئاگادارەكانی پەرەگراف، "پێرێ قوباد تاڵەبانی سەردانی لاهور شێخ جەنگی كردووە، داوای لێكردووە دەستلەكاركێشانەوە پێشكەشی سەركردایەتی بكات‌و كوردستان بەجێبهێڵێت، هەروەها دەستلەكاركێشانەوە لە سەرۆكی هاوپەیمانیی كوردستان پێشكەش بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بكات، بەڵام لاهور شێخ جەنگی ئەو داواكارییانەی ڕەتكردووەتەوە".

لەو كۆبوونەوەیەی نێوان قوباد تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگیدا، مشتومڕی تووند دروست بووە، "قوباد تاڵەبانی هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی بەڵگەو پەنابردنەبەر دادگای كردووە لەسەر چەند تۆمەتێكی قورس كە ئاڕاستەی لاهور شێخ جەنگی‌و براكانی دەكرێن، لە بەرامبەردا لاهور شێخ جەنگی پێی گوتووە، چیتان لەدەست دێت بیكەن، منیش بەڵگەنامەی وام لەلایە بڵاوی بكەمەوە دەبێت ئێوە وڵات بەجێبهێڵن".

لاهور شێخ جەنگی پێشتر بە فەرمیی ڕایگەیاند، لە سەرۆكایەتی هاوپەیمانیی كوردستان دەكشێتەوە كە یەكێتی‌و گۆڕان پێكیانهێناوە بۆ هەڵبژاردن، بەڵام ئێستا پەشیمان بووەتەوەو دەیەوێت بە نەكشانەوەی لەمپەر لەبەردەم قوباد تاڵەبانیدا دروست بكات كە بۆ شوێنی ئەو دانراوە لە سەرۆكایەتیكردنی هاوپەیمانییەكە.

لە دوای ڕووداوەكانی 8ی تەمموز، لە میدیای یەكێتییەوە چەندین تۆمەتی قورس ئاڕاستەی لاهور شێخ جەنگی‌و كەسە نزیكەكانی كراون، تائێستاش فەرمانی دەستگیركردن بۆ چەند كەسێك لە نزیكەكانی دەرچووە بۆ تۆمەتی جیاواز، لەوانەش د.میران محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی‌و دوو برای لاهور شێخ جەنگی.

ئەو كەسانە هێشتا دەستگیر نەكراون‌و پەرەگراف زانیویەتی لە ماڵی لاهور شێخ جەنگیدان لە گردی سەرچنار لە سلێمانی، بەڵام "ئامادەن بچنەبەردەم دادگا".

سەرچاوەیەكی نزیك لە لاهور شێخ جەنگیی لەبارەی ئەو كەسانەو ڕادەستكردنیان بە دادگا بۆ پەرەگراف وتی "ئەوان ئامادەییان پیشانداوە بچنەبەردەم دادگا، بەڵام نەك بەوجۆرەی ئێستا كە دەستتێوەردانی ماڵی مام جەلال هەیەو سەربەخۆیی دادگا بوونی نییە لە ژێر فشاری ئەواندا، تەنانەت پۆڵادی برای كاك لاهوریش ئامادەیە بچێتە بەردەم دادگاو وەڵامی تۆمەتەكان بداتەوەو ڕاستییەكان ئاشكرا بكات‌و وتویەتی: دەچمە دادگاو هەموو شتێك دەڵێم".

هەر لە چوارچێوەی گرژیی‌و ئاڵۆزییەكانی نێوان بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگیی، میدیای فەرمیی یەكێتی ئەمڕۆ لە زاری سەرچاوەیەكی ڕەسمیی یەكێتییەوە بڵاویكردەوە "لاهور شێخ جەنگی تۆمەتبارە بە داڵدەدانی تاوانباران و تێوەگلاوان لەكەیسی گەندەڵی هەمەجۆر كە دادگا بە ڕەسمیی داوایكردوون".

"لاهور شێخ جەنگی تۆمەتبارە بەخراپ بەكارھێنانی دەسەڵاتەكانی پێچەوانەی بەرژەوەندییەكانی یەكێتی و كۆمەڵانی خەڵك و كەسوكاری شەهیدان" سەرچاوە ڕەسمییەكەی یەكێتی وادەڵێت.

ئەمشەویش میدیای یەكێتی چاوپێكەوتنی دوو برایان بڵاوكردەوە كە بازرگان بوون‌و براكانی لاهور شێخ جەنگییان ناسیوە، لە چاوپێكەوتنەكەدا باسلەوە دەكەن "ڕفێندراون‌و دەستبەسەر موڵك‌و ماڵیاندا گیراوە لە ژێری فشارو هەڕەشەدا".

لاهور شێخ جەنگی لە پەیامەكەی ئەمڕۆیدا كە دەڵێت دوای "دوای دانبەخۆداگرتنێكی زۆر" ئەو قسانە دەكات، وتی "لە ئێستادا پێم ڕاگەیەندراوە كوردستان بە جێبهێڵم، بە پێچەوانەوە وادیارە بڕیاریانداوە بە زەبری هێزی حكومی هەڵبكوتنە سەر ماڵەكەم لە كوردستان دوورم بخەنەوە، هەر بۆیە بڕیارم داوە كە وەك كۆڵەكەیەك ڕووبەڕووی ئەم پیلانگێڕییە ببمەوە و تا دوا هەناسەم میللەتەكەی خۆم بە جێنەهێڵم".

لاهور شێخ جەنگی لە پەیامەكەیدا هەڕەشەی كردو وتی "بەندەش دەمتوانی نەك لە ڕێگەی تۆمەتبەخشینەوە بەڵكو بە بەڵگە پەردە لەسەر زۆر كاری قێزەوەن هەڵبگرم، لەسەر ئەو كەسانەی تۆمەت بۆ بەندە دەبەخشنەوە، بەڵام پەروەردەی من و ڕەوشتی من هەرگیز ڕێگەی پێنەداوم كە كارێكی لەم جۆرە بكەم".

هاوسەرۆكی یەكێتی ئەوەش دەخاتەڕوو، بە مەرجی پێكهێنانی لیژنەی لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی دەكرێن ئامادەبووە دەسەڵاتەكانی ڕادەستی بافڵ تاڵەبانی بكات، "بەڵام بە داخەوە وادیارە بە هۆی ڕێگریكردنەوە حزبەكەم نەیتوانیوە ئەو لیژنەیە پێك بهێنن و دوای نائومێدبوونم لە مەكتەبی سیاسیی حزبەكەم بڕیارمدا كە پەنابەرم بۆ بەردەم دادگای سلێمانی و داوا بكەم كە هەموو ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵم لە ڕێگەی دادگاوە یەكلایی بكرێتەوە".

ماڵی مام جەلال دەیانەوێت بە شەرعیی‌و بەپێی ڕێكارەكانی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، بە تەواوەتی لاهور شێخ جەنگی دووربخەنەوەو لە حزبەكەیان دایببڕن، داوای جێهێشتنی كوردستانیش لەو چوارچێوەیەدایە تا لاهور شێخ جەنگی بە "ئامادەنەبوو" لە قەڵەم بدرێت، بەوپێیەی مادەی 36 لە پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی دەڵێت: لەكاتی ئامادەنەبوونی هەریەكێك لە هاوسەرۆك، هاوسەرۆكەكەی دیكە دەسەڵاتەكانی دەگرێتە ئەستۆ.

ئەگەر لاهور شێخ جەنگی سووربێت لەسەر جێنەهێشتنی كوردستان، ئەوا ماڵی مام جەلال چەند ڕێگایەكی دیكەیان لەبەردەمدایە بۆ گەیشتن بە ئامانجەكەیان كە دوورخستنەوەی یەكجاریی لاهور شێخ جەنگییە، بەوتەی سەرچاوەكانی پەرەگراف، هیچكام لەو ڕێگایانە ئاسان نین‌و دەبێت بگەڕێنەوە بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كە لە 124 ئەندام پێكدێن.

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، ئەگەر هاوسەرۆكی یەكێتی خۆی دەستلەكار كێشانەوە پێشكەش بكات، ئەوا پێویستی بە دەنگی زۆرینەی سادەی سەركردایەتی هەیە بۆ پەسەندكردنی كە دەكاتە 63 دەنگ.

بەڵام ئەگەر متمانەی لێوەربگیرێتەوە بەهۆی "پابەند نەبوون بە ئەرك و دەسەڵاتەكان"، ئەوا پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی هەیە كە 83 دەنگ دەكات.

هەرچەندە لە كۆنگرەی یەكێتیدا لاهور شێخ جەنگی دەنگی یەكەمی هێناو دواتریش زۆرینەی ئەندامانی سەركردایەتی لەگەڵدابوو كە نزیكەی 80 ئەندام دەبوون، بەڵام ئێستا ئەو زۆرینەیەی لەگەڵدا نەماوە.

لەگەڵئەوەشدا، سەرچاوەیەكی نزیك لە لاهور شێخ جەنگی دەڵێت "هێشتا دەوری 50 ئەندامی سەركردایەتی لەگەڵ كاك لاهوردان، ماڵی مام جەلال دوو لەسەر سێ-یان مسۆگەر نەكردووە بۆیە تائێستا پەنا بۆ ئەوە نابەن لە سەركردایەتی متمانەی لێوەربگرنەوە".

بەدەر لە هەوڵەكانی دوورخستنەوەی یەكجاریی لاهور شێخ جەنگی، بافڵ تاڵەبانی دەیەوێت سیستمی هاوسەرۆكی بگۆڕێت بۆ یەك سەرۆكی‌و ئەو پۆستە بۆ خۆی بێت. هەروەها سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی یەكێتی هەڵبوەشێنێتەوەو سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی نوێ لە 30 بۆ 40 كەس پێكبهێنێت.

بۆ ئەو گۆڕانكارییانە دەبێت پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی هەموار بكرێتەوە، ئەوەش دەبێت 50 ئەندامی سەركردایەتی داوای هەموارەكە بكەن‌و هەر گۆڕانكارییەكیش لە پەیڕەودا پێویستی بە دەنگی چوار لەسەر پێنجی سەركردایەتی هەیە كە 100 دەنگ دەكات لەكۆی 124 ئەندامی سەركردایەتی، بەبێ ئەوەی بۆیان هەبێت دەستكاریی بنەما گشتییەكان بكەن.

بنكۆڵكارییەكی پێشتری پەرەگراف بخوێنەرەوە لەبارەی دیوی پشتەوەی ڕووداوەكانی ناو یەكێتی‌و سەرەتای تەقینەوەی ناكۆكییەكان

یەك هەفتە بوومەلەرزەی سیاسی سلێمانی هەژاند؛ لەناو یەكێتی چی ڕوویدا؟