توركیا لە سلێمانییە؛ پرسە دەخاتە دوو ماڵەوە و گوندێكی دیکە بە چۆڵكردن دەدات

21-05-2022 08:55
وێنەی ئۆتۆمبێلەکەو ئەو دوو مەدەنییەی تێیدا بوون و ئەمڕۆ لەلایەن فڕۆکەی تورکیاوە لە ئاغجەلەر بۆردومان کرا.

پەرەگراف

دوو هاووڵاتیی ئاغجەلەر، لە كاتی فریاگوزاریی و بەهاناوەچونی چەند "گەریلایەكی برینداری پەكەكە"ـدا، دەبنە ئامانجی بۆردومانی توركیا و لەناو ئۆتۆمبێلەكەیاندا دەسوتێن.

ئەو دوو مەدەنییە، خەزور و زاوای یەكترین، یەكێكیان لە گوندی توتەقەڵ و ئەویتر لە گوندی سەرچناری ناحیەی ئەغجەلەر لە قەزای چەمچەماڵ نیشتەجێن.

"ئارام كاكەخان و ئیسماعیل ئیبراهیم سەرقاڵی گواستنەوەی نەخۆشی پەكەكە بون، بە دیاریكراوی كاتژمێر 9ـی بەیانی بۆردومان كراون و پێكراون" کۆسرەت جومعە بۆ پەرەگراف وای وت، ئەو خەڵکی ناوچەکە و شایەتحاڵی روداوەكەیە، لە هەمانكاتیشدا ئامۆزا و پورزای هەردوو قوربانییەکەیە.

بۆردومانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركیا لەو ناوچەیە، لە كاتژمێر 5ـی بەرەبەیانی 21ی ئایاری 2022 بەدواوە دەستیپێكردووە، بەپێی زیاد لە سەرچاوە و شایەتحاڵێك، چەند جارێك ئەو بۆردومانە دوبارە بۆتەوە لە سنوری گوندی توتەقەڵی ئاغجەلەر، چونكە بارەگایەك كراوەتە ئامانج و پاشانیش ئەو ئۆتۆمبێلەی دوو هاوڵاتییەكەی تیادا بووە.

كۆسرەت جومعە وتی "ئەو دوو خزمەی ئێمە ئەندامی پەكەكە نەبون، ئیسماعیل پێشمەرگەی خانەنشینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە و ئارام كاكەخانیش هەر ئەندام و لایەنگری یەكێتی بوو"، هەروەها جەختیكردەوە هیچ نزیكایەتییەك لە نێوان ئەوان و پەكەكەدا نەبووە، جگە لەوەی لەو ناوچەیەدا بوونیان هەبووە و بەوهۆیەوە یەكترییان ناسیوە.

ئارام كاكەخان لە دایكبووی 1979ـیە، خاوەن پێداویستی تایبەت و موختاری گوندی توتەقەڵ بوو، ٧ منداڵی ھەیە، ئیسماعیل ئیبراهیم، كە دەكاتە زاوای ئارام و هاوكات خزمی یەكترین، لە دایكبووی 1972ـە، لە بەرەی دوو ژن 10 منداڵی هەیە.

"ئەو ئۆتۆمبێلە توێتاپیكئابەی كراوەتە ئامانج و سوتاوە، ئۆتۆمبێلی پەكەكە بووە و سێ كەسی ئەوانیشی تێدا شەهید بووە" بەوتەی كۆسرەت.

پەرەگراف بەدواداچونی زیاتری لەسەر روداوەكە كرد و بەپێی زیاد لە سەرچاوەیەك بارەگای پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لەو ناوچەیەدا هەیە، بەڵام تازە نییە.

هێمن بەهجەت، بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر بۆ پەرەگراف رونیكردەوە بۆردومانەكە لە ڕێی دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە بووە و ئۆتۆمبێلێكی جۆری توێتا كراوەتە ئامانج؛ كە پێنج سەرنشینی تیادا بووە و هەر پێنجیان گیانیان لەدەستداوە "دەگوترێت سیان لە كوژراوەكان گەریلای پەكەكە بوون و دوانەکەی دیکە مەدەنی و ناسراون و خەڵکی ناوچەکەن".

ئەو وتیشی "ماوەیەكە دەنگۆی جموجۆڵی چەکداری سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان لەسنورەکەدا هەبووە، بەڵام دڵنیانین جگە لە مەدەنییەكان ئەو قوربانییانەی دیكە كێن".

گوندی توتەقەڵ، كە گۆڕەپانی بۆردومانەكە بووە، لە بناری خاڵخاڵانە و بە دوری نزیكەی 30 كیلۆمەتر لە ناوەندی ناحیەی ئاغجەلەرەوە دوورە، دەكەوێتە باكوری خۆرئاوای سلێمانی.

"بارەگای پەکەکە لە شاخێکی نریک گوندی توتەقەڵە بە دوری سێ كیلۆمەتر، بەڵام ئاگاداری جموجۆڵیان نین و ئەوانیش تێکەڵی خەڵک نابن، نزیکەی پێنج ساڵە ئەو بارەگایە لەو گوندەدا هەیە" خزمە نزیكەكەی ئەو دوو قوربانییەی ئاغجەلەر وادەڵێت.

كۆسرەت جومعە وتیشی، بەهۆی مەترسی بۆردومان و لە پێناو پاراستنی گیانی هاوڵاتیان "خەڵكی توتەقەڵ كە 10 ماڵە، هەمویان گوندەكەیان چۆڵكردووە، چونكە ئەو بارەگایەش مەترسییە لەسەر گوندەكە و وادەكات توركیا بۆردومان بكات".

هەر ڕۆژی شەممە 21ـی ئایار توركیا بۆردومانی كەمپی مەخموری كرد لە خۆرئاوای نەینەوا، كە پەنابەرانی باكوری كوردستانی تێدایە و لە ساڵی رابردووشەوە زیاد لە جارێك بە پاساوی پەكەكە، بۆردومانی چەندین ناوچەی جیاوازی لە شارباژێر و پێنجوێنی سلێمانی و ناوچەكانی دهۆك و نەینەوا كردووە.

سەرچاوەیەک لە پۆلیسی چەمچەماڵ کە داوایکرد ناوی بڵاونەكرێتەوە بۆ پەرەگراف وتی "لە 13 شوێندا پەكەكە بنكەی هەیە، بەڵام بە دیاریكراوی نازانین شوێنەكانیان لە كوێیە"، هەروەها وتی، دۆسیەی بۆردومانەكەی ئەمڕۆ لێكۆڵینەوەی تیادا دەكرێت.

"پەكەكە نەیانهێشت پەڕاو بۆ تەرمی كوژراوەكانیان بکرێتەوەو ڕەوانەی پزیشكی دادی بكرێن" بەوتەی ئەو سەرچاوەیە.

تائێستا توركیا بەرپرسیارێتی بۆردومانەكەی لە ئەستۆ نەگرتووە و هیچ یەكێك لە سەرۆكایەتییەكانی هەرێمی كوردستانیش هەڵوێستیان لەبارەی روداوەكەوە نییە.

١٧ی ئەم مانگەش لە شەقامی بەختیاریی لە سەنتەری سلێمانی کە شەقامێکی قەرەباڵغی شارەکەیە، تەقە لە زەکی چەلەبی پەنابەری سیاسیی خەڵکی باکوری کوردستان کرا لە ڕیستۆرانتەکەی خۆیداو کوژرا، نوێنەرایەتی هەدەپە لە هەرێمی کوردستان تورکیای بە "ئەنجامدەری ئەو ڕووداوە تاوانبار کرد".

حیكمەت خەتیب، هاوسەرۆكی نوێنەراتیی هەدەپە لە هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی "ئەو كەسانەی وەك پەنابەری سیاسی لە باكووری كوردستانەوە هاتوونەتە باشووری كوردستان، ڕۆژانە مافەكانیان پێشێل دەكرێت و ڕووبەڕووی هەڕەشە و مەترسی و تەنانەت شەهیدكردنیش دەبنەوە".

هاوسەرۆكی نوێنەراتیی هەدەپە وتیشی "تێكۆشەر و هەڤاڵی هێژا زەكی چەلەبی، لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە سزا دراوە و ناچار بووە بێتە هەرێمی كوردستان. 12 ساڵە هاتووەتە هەرێمی كوردستان و لە سلێمانی دەژیا. بەداخەوە لەلایەن توركیاوە بە شێوەیەكی دڕندانە تیرۆر كرا".

كامەران عوسمان، ئەندامی تیمی كوردستانی عیراقی رێكخراوی (CPT)، لە زاری كەسوكاری دوو قوربانییەكەی ئاغجەلەرەوە دەڵێت، ئەو دوو هاوڵاتییە ویستویانە سێ گەریلای برینداری بۆردومانی توركیا رەوانەی بنكەی تەندروستی بكەن، بەڵام ئۆتۆمبێلەكەیان كراوەتە ئامانج و خۆشیان گیانیانلەدەستداوە، ئەوان رزگاربوی ئەنفالن و زیاتر لە 80 كەسی بنەماڵەكەیان ئەنفالكراون.

ئەو بۆردومانە هاوكاتە  لەگەڵ بەردەوامی ئۆپەراسیۆنێكی توركیا بەناوی "چەنگ-قوفڵ"ـی دژی پەكەكە، كە 17ـی نیسانی ئەمساڵ دەستپێكرد و بەهۆیەوە سنوری هەرێمی كوردستانی بەزاندووە.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كە روداوەكەی ئاغجەلەر لە سنوری قەڵمڕەوی ئەواندایە، لە بەیاننامەیەكدا بەناوی مەكتەبی سیاسییەوە "نیگەرانی قوڵ" نیشاندەدەن، جگە لە ئیدانەی بۆردومانەكە، بەبێ ناوهێنانی پەكەكە، یەکێتی داوای راگرتنی هێرشەكانی توركیا لە  حكومه‌تی عێراق ده‌كات و بە پێویستی دەزانێت حكومه‌تی ھه‌رێم بانگهێشتی كونسوڵی ئەو وڵاتە بكات.

توركیا لە دوای شەڕی ناوخۆی پارتی و یەكێتییەوە لە ساڵانی نەوەدەكاندا بنكەی هێناوەتە هەرێم و بەپێی راپۆرتێكی ڕێكخراوی (CPT)، 37 بنكەی سەربازی و هەواڵگری داناوە، زۆرینەیان بە قوڵایی زیاتر لە 35 كیلۆمەتر لەناو خاكی هەرێم جێگیركراون.

ئەو رێكخراوە لە ساڵی رابردودا ئاشكرایكرد لە 2015ـەوە بەهۆی ئۆپەراسیۆن و بۆردومانەكانی تورکیاوە زیاتر لە 99 هاووڵاتیی شەهید بوون، جگە لە چۆڵبونی سەدان گوند و ئەو مەترسییانەی بۆ سەر ئاسایشی ژیان و بژێوی هەزاران خێزان دروستبون.