هاوینێکی سەخت و بێئاویی یەخەی خەڵکی کوردستان دەگرێت

19-06-2022 09:34

پەرەگراف

لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین و گەرمادا قائیمقامی چەمچەماڵ داوای لێبوردنێک قەرزاری خەڵکی سنورەکەیەتی کە زۆرینەیان کەسوکاری شەهیدو ئەنفالکراوانن و ١١ ساڵە چاوەڕوانی جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکن بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە.

"ئێمە ڕاستییەکان بە هاووڵاتییان دەڵێین، داوای لێبوردن دەکەین و ئەوەی لە توانامان بووە تائێستا ٧٧ نوسراومان بۆ جێبەجێکردنی ئاوی گۆپتەپە- چەمچەماڵ کردووە لە پارێزگاوە تا ئەنجومەنی وەزیران سەردانمان کردوون" ڕەمک ڕەمەزان، قائیمقامی چەمچەماڵ بۆ پەرەگراف وای وت.

وتیشی "ئەم هاوینە سەخت دەبێت و دەتوانین لە دوو هەفتەدا تەنها دوو کاتژمێر ئاو بە هاووڵاتییان بدەین".

ئەو پڕۆژەیەی قائیمقام باسی دەکات ٢٠٠ هەزار دانیشتووی ئەو قەزایەو ناحیەکانی سوودی لێ دەبینن و تا ٤٠ ساڵ کێشەی ئاویان چارەسەر دەکات، پڕۆژەکە ١١ ساڵە فەرمانی جێبەجێکردنی هەیەو دوو جار بڕیاردراوە پارەی بۆ تەرخان بکرێت کە دواینیان مانگی ٤ی ئەمساڵ حکومەت ٧٠  ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان کرد، بەڵام هێشتا بەردی لەسەر بەرد نەنراوە.

هاوینی ئەمساڵ بۆ هەرێمی کوردستان جیاوازەو تەنها چەمچەماڵ نییە کە ڕوبەڕوی کەمئاوی و دۆخێکی سەخت و دژوار دەبێتەوە، لە سەرتاسەری هەرێمەکە کێشەیەکی گەورە بەرۆکی حکومەت دەگرێت بۆ دابینکردنی ئاوی ماڵان.

پەرلەمانتارو شارەزایان حکومەت بە کەمتەرخەم لە قەڵەم دەدەن بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ئەو قەیرانە گەورەو پێشبینیکراوەی بەهۆی وشکەساڵی و کەمبارانی و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە ڕوبەڕوی دەبێتەوە.

سەرەتای ئەم مانگە (٤-٦) پارێزگاری هەولێر هۆشدارییدا لە هاوینێکی سەخت لەبارەی وشکەساڵی و کەمئاویی.

ئومێد خۆشناو وتی، هۆکاری یەکەم وەرزی هاوینەو دووەم کاریگەریی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوایە، هۆکاری سێیەم کەمیی کارەبای نیشتیمانییە کە کاریگەریی لەسەر بیرەکان دەبێت کە بە تەواوەتیی پشتیان بە کارەبای نیشتمانی بەستووە، کاتێکیش کارەبا کەم دەبێت تۆڕەکانی ئاو بەتاڵ دەبن و بەو چەند کاتژمێرەی کارەبا دێتەوە تۆڕەکان پڕنابنەوە.

"لە هاویندا کێشە گەورەکە بەرۆکمان دەگرێت بۆ دابینکردنی ئاوی ماڵان، بۆ دەربازبوون لە گرفتەکانی ئاوی ئەمساڵ بودجەمان بۆ دانراوە بۆ لێدانی بیرو چارەسەرکردنی گرفتە تەکنیکییەکان" پارێزگاری هەولێر وای وت.

هاوکات لەگەڵ هۆشدارییەکانی پارێزگاری هەولێر، پەرلەمانتاران هۆشداریی تووندتر دەدەن لە قەیرانی کەمئاویی.

کاوە عەبدولقادر سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت، خەڵکی هەولێر لەبەردەم مەترسییەکی گەورەی کەمئاویدان، "هێشتا سەرەتای وەرزی هاوینە لە بەشێکی زۆری گەڕەکەکانی ناو شاری هەولێرودەوروبەری کێشەی نەبوونی ئاو سەری هەڵداوەو حکومەتیش بێ پلان وبەرنامە دەستەوەستانەو تا ئێستا هیچ چارەسەرێکی پێ نیە".

هەولێر پلانی لێدانی زیاتر لە ١٣٠ بیری نوێی قووڵی هەیە تا بە ئاوی ژێر زەویی چارەسەری کەمئاویی ئەمساڵ بکات، بەڵام ئەو هەنگاوە جێی ڕەخنەیەو ئەگەر بیری قووڵ لێبدرێت ڕەنگە بیری دیکە وشک بکات.

هێڤیدار ئەحمەد پەرلەمانتاری پارتی، دەڵێت "ئاوی ژێر زەوی هیچ جارێ لە مێژووی کوردستان دا هێندەی ئێستا ئاستەکەی دانەبەزیوە، لە قوشتەپە و بەحرکە لە هەولێر بۆ لێدانی بیری ئاو قووڵایی هەڵکۆڵین گەیشتووەتە 700 مەتر، کەچی لە ساڵی 1989دا لە هەولێر بە 80 مەتر بیری ئاو لێدەدرا".

هێڤیدار ڕەخنەی ئەوە دەگرێت، لەم قەیرانە ئاوییەدا کە زانیاریی تەواو لە بەردەستی حکومەتدایەو ئاوی ژێر زەوی کەم بووەتەوە، "تازە بە تازە پلان هەیە بۆ پارێزگای هەولێر لە 2022 دا زیاتر لە 135 بیری ئاو لێبدرێت، کەچی ئاوی زێ(زێی گەورە) وا لە تەنیشت هەولێرەوە دەڕوات".

شارەزایان پێیانوایە، قەیرانی ئاو لە هەردوو کەرتی سەر زەوی و ژێر زەوی لە هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ئیدارەدانێکی زانستیی ئاو.

"تا ئێستا بە شێوەی زانستی ئاو ئیدارە نەدراوە، هۆکارێکی تری کەم بوونی ئاوی ژێرزەوی بەهۆی زۆر دەرهێنانی ئاو و کەم بوونی خزانی ئاوە بۆ ژێر زەوی ئەوەش بەهۆی کەم دابارین و گۆڕانی سیستەمی باران و زۆربوونی بارانی بە لێزمە کە لە قازانجی ئاوی ژێر زەوی نییە، بەپێی دواهەمین ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان تێکڕای ڕۆچوونی ئاو بۆ ناو خەزانی ژێر زەوی ٤٠٪ واتە ١٠٠ لیتر ئاو دەرکرابێت تەنها ٤٠ لیتر ئاو ڕۆچووە بۆ ناو زەوی" دکتۆر هەڵەت ڕەشید، دکتۆرا لەجوگرافیای سروشتی بۆ پەرەگراف وای وت.

بەوتەی ئەو پسپۆڕەی جوگرافیای سروشتی، چارەسەر ئەوەیە بەنداو دروست بکرێت بۆ ئاودێری، بۆ ماڵانیش پێویستە سیستمی پێدانی ئاو بگۆڕێت، بۆ نمونە شارێکی وەک چەمچەماڵ لە بری ئەوەی ١٠ ڕۆژ جارێک ٣ کاتژمێر ئاو بە هاووڵاتییان بدرێت، بکرێت بە دوو ڕۆژ جارێک و ٤٠ خولەک ئاویان پێبدرێت "ئەوەش ٧٠٪ کێشەکە چارەسەر دەکات بەو ئیمکانیاتەی ئێستا لەبەردەستە".

لە زۆرناوچەی کوردستان ئاوی ژێرزەویی دەردەهێنرێت بۆ ئاودانی ئەو باخ و باخاتانەی بۆ کات بەسەربردن دروست کراون، ئەوەش بەلای پسپۆڕانەوەی جێی ڕەخنەو نیگەرانییەو پێیانوایە ئاوی ژێرزەوی دەبێت لە حاڵەتی زۆر پێویست و ناچاریدا پەنای بۆ ببرێت نەک بۆ خۆشیی و کاتبەسەر بردن. 

هەڵەت ڕەشید پێیوایە هەموو کێشەکە ئەوەیە پلان نەبووە بۆ ئاودان، "تەنها لە کوردستان هەیە تانکی لەسەربان بێت و هاووڵاتیی ئاو خەزن بکات، کە ئەمەش وایکردووە حکومەت بێ خەم بێت و دەزانێت هاووڵاتی ئاو خەزن دەکات، ئەگەر نا دەبێت ئاو وەک کارەبا جاریی بێت و هەموو کاتێک لە بۆرییەکەدا هەبێت نەک  بەتانکی لەسەر بانی ماڵەکان خەزن بکرێت".

"کێشەی گەورە ئیدارەدانە ئەگەر نا ئەو سەرچاوە ئاوییانەی لە هەرێم هەیە بەشی دەیان نەوەی دوای خۆمان دەکات، ئەو ئاوەی لە هەرێم هەیە زیاترە لە هەموو ئاوی نیشتیمانی عەرەب جگە لە ڕووباری نیل، کەچی دەبینی لە یەک وڵاتی عەرەبی کێشەی ئاو نییە ئەوەش دەرخەری ئەوەیە ئێمە کێشەی ئیدارەدانی ئاومان هەیە" پسپۆڕەکەی جوگرافیا وادەڵێت.

بە نزیکەیی ساڵانە ٤٠ بۆ٥٠ ملیار مەتر سێ جا ئاو لە زێ و ڕووبارەکانی کوردستانەوە دەڕوات، لەو ڕێژەیە تەنها ٢٥٪ی لە بەنداو و پڕۆژەکانی ئاودا سودی لێ وەردەگیرێت و ٧٥٪ی بەفیڕۆ دەڕوات، ئەوە بەپێی ئامارێک کە لای ئەو پسپۆڕەی جوگرافیای سروشتییە، ئەو دەڵێت "ئەو ئاوەی بەفیڕۆ دەڕوات دەتوانرێت بە ترومپا زەوییەکانی پێ ئاودێریی بکرێت، بەوەش ئاوی ژێر زەوی زیاد دەکات و پلەکانی گەرما کەم دەکاتەوەو ڕێژەی سەوزایش زیاد دەبێت".

وشکەساڵی و بێئاویی لە هاوینی ئەمساڵ، وەک قائیمقامی چەمچەماڵ دەڵێت، "مەترسی کارەساتی مرۆیی و بڵاوبونەوەی نەخۆشیی لێدەکرێت"، چونکە لەگەڵ کەمبوونەوەی پێدانی ئاو کوالێتیی ئاوەکەش دادەبەزێت و وەک پێویست شیاوی خواردنەوە نابێت.

چەمچەماڵ بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە پشت بە هێڵی دووەمی ئاوی دوکان- سلێمانی و چەند بیرێک دەبەستێت کە لە ئێستادا زۆربەی بیرەکان وشک بوون و ئەو بڕە ئاوەشی لە هێڵی دووکانەوە پێی دەگات بەشی کەمتر لە ٢٠٪ی شارەکە دەکات.

پڕۆژەی نوێی ڕاکێشانی ئاو بۆ چەمچەماڵ کە داواکاریی سەرەکی دانیشتوانەکەیەتی، ئەگەر ئێستاش دەست بە جێبەجێکردنی بکرێت، بە وتەی بەڕێوەبەری ئاوی ئەو قەزایە "٩٠٠ ڕۆژی پێدەچێت تا تەواو دەبێت"، هەربۆیە لانیکەم تا سێ ساڵی دیکە چەمچەماڵ لەو دۆخە سەختەدا دەمێنێتەوە.

جومعە ئەمین، بەڕێوەبەری ئاوی چەمچەماڵ بە پەرەگرافی وت "لە ئێستادا دابەشکردنی ئاو گەیشتۆتە ١٣ ڕۆژجارێک تەنها دوو کاتژمێر، لە مانگی داهاتووشدا دەگاتە ١٤ بۆ ١٥ ڕۆژجارێک".