پەرەگراف- غەمگین محەمەد
نزیكەی 300 رێكخراوی داكۆكیكار لە مافەكانی ژنان هەن، بەڵام ئامارەكانی كوشتن و توندوتیژی هەر لە هەڵكشاندان، ئەوەش زۆرینەیانی روبەڕوی رەخنە كردۆتەوە.
بەپێی بەدواداچونی پەرەگراف و ئەو ئامارانەی لە فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكانی هەرێمی كوردستانەوە دەستیی كەوتوون؛ ئەو رێكخراوانە لە بوارە جیاوازەكانی تایبەت بە بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی، پەرەپێدانیی تواناكانی ژنان و داكۆكیی لە مافەكانی ژناندا كاردەكەن و زۆرینەشیان ناحكومین.
"ئەگەر رێکخراوەکانی ژنان نەبوونایە، کوشتن و توندوتیژییەکان بەرامبەر بە ژنان زۆر لەو ئامارانەی ئێستا زیاتر دەبوون" شیلان حەمەنوری، راهێنەری بواری یەكسانیی جێندەری بەوپەڕی دڵنیاییەوە وای وت.
ئەو بۆ پەرەگراف-ـی رونكردەوە کاری سەرەکی رێکخراوەکان هۆشیارکردنەوە و ئاشناکردنی ژنانە بە مافەکانیان، "ئەوەشیان كردووە، ژنان هۆشیاربوون و قبوڵی زەبرو زەنگ و توندوتیژی و کۆیلەیی ناکەن، بۆیە رەگەزی نێر بەرامبەری دەوەستێتەوە و دژایەتی دەکات و پاشان توندوتیژی دروستدەبێت".
ئەوە لەكاتێكدایە ئامارەكانی توندوتیژیی بەردەوام لە زیادبوندایە و بەپێی نوێترین ئاماری رێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان، تەنیا لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 22 ژن كوژراون، 31 ژن خۆیان كوشتووە و 29 ژنیش خۆیان سووتاندووە، هەرچەندە بە درێژایی ساڵی رابردوو تەنیا 24 دۆسیەی كوشتنی ژنان تۆماركراون.
هەر ئەو ئامارانەیە زۆرینەی رێكخراوەكانی روبەڕوی رەخنەی هاوڵاتیان و لە نێویاندا خودی چالاكوانانی ژنان كردۆتەوە.
شنۆ عەبدوڵا، چالاكی بواری ژنان بە پەرەگراف-ـی وت "رێکخراوەكانی ژنان لە دوای راپەڕینەوە رۆڵیان هەبووە ئیتر چ بەئیجابی بێت یاخود سلبی، بەڵام هەندێک رێکخراو بەئاشکرا پێیانەوە دیارە كاریان تەنیا بەكاڵاكردنی ژنانە".
لە پاڵ زیادبونی توندوتیژییەكاندا؛ ژمارەی سكاڵای ژنانیش زیاتر بون، بەپێی بەدواداچونێكی پێشتری پەرەگراف لە ساڵی 2012ـەوە تا كۆتایی ساڵی 2021 زیاتر لە 80 هەزار سكاڵا لەسەر ئەو پێشێلكاریی و توندوتیژییانەی بەرانبەر بە ژنان هەیە، تۆماركراون.
هەر لەو 10 ساڵەی رابردوودا؛ 571 دۆسیەی خۆكوشتنی ژنان و 412 دۆسیەی کوشتنی ژنان تۆماركراون، لەگەڵ هەزار و 684 دۆسیەی سوتان، هەزار و 15 دۆسیەی خۆسوتان و نزیكەی هەزار و 400 دۆسیەی دەستدرێژی سێكسی.
"زۆربەی ئەو ژنانەی کوژراون یان ئەو توندوتیژییانەی بەرامبەریان کراوە زانراوە و بڵاوبووەتەوە، پێشتر سەردانی رێکخراوەکانیان کردووە بۆ چارەسەر، بەڵام کێشەکەیان چارەسەر نەکراوە" بەوتەی ناسک رەحیم، بۆ پەرەگراف.
ئەو ژنە مامۆستایە و لە رێكخراوەكانی بەرگریكار لە ژنان توڕەیە، "تەنیا کاریان کۆنگرەی رۆژنامەوانی و ئیدانەکردنە لەکاتی کوشتن و توندوتیژییەکاندا، ئەوەندەی سەرنجمداوە تەنانەت کاریان نەکردووە بۆ جوانکردنی خۆیان و وابکەن کارەکانیان لەلایەن زۆرینەی هاووڵاتیانەوە قبوڵبکرێت".
پەرەگراف لەم بەدواداچونەدا نەیتوانیی زانیاریی لەسەر سەرچاوە و بڕی داهاتی رێكخراوەكانی داكۆكیكار لە ژنان و ئەو پاڵپشتییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییانە دەستبكەوێت کە لەو بوارەدا خەرج کراون.
لە یاسای بودجەی ساڵی 2013ـی هەرێمی كوردستان، پارە بۆ رێكخراوە ناحكومییەكان تەرخانكرا و لە ساڵی 2014ـیشدا بەردەوام بوو، تا لە 2015 و بەهۆی قەیرانیی داراییەوە حكومەت تەرخانكردنی بودجەی بۆ رێكخراوەكان بڕی و لەوكاتەوە دەستیپێنەكردۆتەوە.
بارزان ئەکرەم، سەرۆكی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان كە سەر بە ئەنجومەنی وەزیرانە بۆ پەرەگراف وتی، بەردەوام لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و بەخشەرەکاندا لە پەیوەندیدان و توانیویانە فەند بۆ رێکخراوە ناوخۆییەکان پەیدابکەن.
بەشێك لە رێكخراوەكان بەپێی پرۆژە و بەرنامەی كار، لە چوارچێوەی هاوكاریی وڵاتان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكاندا، بڕە پارەی دیاریكراو وەردەگرن.
لە هەرێمی کوردستان؛ دوو جۆر رێکخراوی تایبەت بە ژنان هەن، رێکخراوە حزبییەکان و رێکخراوی سەربەخۆ، بەشێکی رێکخراوە حزبییەکان هەیانە تەمەنی کارکردنی 30 ساڵی تێپەڕاندووە، لەگەڵ ئەوەشدا رەخنەی ئەوەیان لێدەگیرێت کە بەپێی پێویست کاریاننەکردووە.
جگە لە رێكخراوەكان؛ ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان هەیە، سەر بە حكومەتە و لە ساڵی 2010ـەوە دامەزراوە.
شیلان حەمەنوری وتی "رێکخراوە حزبییەکانی تایبەت بە ژنان بودجەی باشیان لەبەردەستدایە و ئەگەر مەبەستیان بێت کاری زۆریان پێ دەکرێت".
فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكان 10 ساڵە هەیە، بەڵام کەمتر لە دوو ساڵە بەڕێوەبەرایەتی تایبەتیان هەیە بۆ بەدواداچوون بۆ کارو چالاکی رێکخراوەکان و تائێستا داتابەیسێکیان نییە کە کار و چالاکی و پرۆژەی رێکخراوەکانی تێدا تۆمارکرابێت بەپێی سێکتەری کارکردنیان، ئاگاداری ئەوەش نین ئەو پارانەی رێکخراوە ناوخۆییەکان لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەردەگرن یان رێکخراوە حزبییەکان ئەو بودجەیەی لە حزبەکانیانی وەردەگرن، پرۆژەی پێ ئەنجام دەدەن یان نا.
سەرۆكی ئەو فەرمانگەیە جەختیكردەوە بەپێی یاسا پێویستە لەسەر رێکخراوەکان ساڵانە راپۆرتی دارایی پێشکەش بە فەرمانگەکەیان بکەن، "بەڵام زۆرینەی رێکخراوەکان بە بیانووی بوونی بەربەست لە فەرمانگەی باج و کەمتەرخەمیی پابەندی ئەو بڕگە یاساییە نابن، لە پلانماندایە لە داهاتوودا ناچاریان بکەین و هەر رێکخراوێک راپۆرت پێشکەش نەکات رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگرینەبەر" بارزان ئەکرەم وادەڵێت.
پێویستە لەسەر هەموو ڕێکخراوەکان کە ڕاپۆرتێکی دارایی پێشکەش بکەن، تەنانەت ئەگەر داهاتیشیان نەبووبێت، ئەوەش بەپێی رێنمایی و رێكار و هەروەها بڕگەكانی یاسای ژمارە (1)ـی ساڵی 2011ـی رێكخراوە ناحكومییەكان لە هەرێمی كوردستان، كە سزای سەرپێچییەكانی داناوە و تیایدا ئاگاداركردنەوە هەیە تا راگرتنی كار و هەڵوەشاندنەوەی رێكخراو بەبڕیاری دادگا و لەسەر سكاڵای فەرمانگە.