ڕۆژنامەنووسان وەزارەتی ڕۆشنبیری ڕەخنەباران دەکەن؛ ڕێنماییەکانی ‘بەندکردنی ئازادییە’
پەرەگراف- سورکێو محەمەد
دەرکردنی ڕێنماییەک لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیرییەوە تایبەت بە کاری میدیایی لە هەرێمی کوردستان، ناڕەزایی ڕۆژنامەنووسانی لێدەکەوێتەوەو ئەو وەزارەتە ڕەخنەباران دەکەن و پێیانوایە، بە جێبەجێکردنی ئەو ڕێنماییانە “ئازادیی ڕۆژنامەوانیی بەند دەکرێت” و بە مەترسیداری دەزانن بۆسەر ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن.
رێنمایی ژماره ١ی ساڵی 2023 تایبەت بە كاری میدیایی له ههرێمی كوردستان له 22ی مانگی ڕابردوو لە ڕۆژنامەی فەرمیی وەقایعی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، لە 17 ماددە پێکهاتووەو لە دادگاکاندا لەپاڵ یاسای کاری ڕۆژنامەوانیی و یاساکانی دیکەدا کاری پێدەکرێت و سەرپێچیکردن لە بڕگەو ماددەکانی سزای یاسایی بەدواوە دەبێت.
بەپێی ڕێنماییەکە دەبێت میدیای بیستراو و بینراو و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کۆمپانیاکانی ڕیکلام لەماوەی ٣ مانگدا خۆیان لەگەڵ بڕگەو ماددەکانیدا بگونجێنن.
د. سامان فەوزی مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕ لە یاسای راگەیاندن دەڵێت، ئەو ڕێنماییانە لە هەندێک بڕگەدا پێچەوانەی یاسای کاری ڕۆژنامەوانین و پێیوایە "هێندە خراپە بەکەڵکی هەموارکردنەوەش نایەت و پێویستە ڕەتبکرێتەوە، چونکە خاڵی مەترسیداری زۆری تێدایە بۆ رۆژنامەنووسان و دەزگاكانی راگەیاندن".
ئەو پسپۆڕەی یاسای ڕاگەیاندن ئەوە دەخاتەڕوو، ڕۆژنامەنووسان دەتوانن نووسراوێک ئاڕاستەی وەزیری ڕۆشنبیری بکەن و داوای ڕاگرتنی جێبەجێکردنی ڕێنماییەکان بکەن، ئەگەر ئەوەش جێبەجێ نەکرا، دەتوانرێت لە دادگای ئیداریی سکاڵای لەدژ تۆمار بکرێت بەوپێیەی هەندێک بڕگەی پێچەوانەی یاسای ڕۆژنامەگەرییە.
ڕێنماییەکانی وەزارەتی ڕۆشنبیری بە ئامانجی "ڕێکخستنی" کەناڵە تەلەفزیۆنییە ناوخۆیی و ئاسمانییەکان و ڕادیۆ و میدیای ئەلیکترۆنی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە.
لە هەرێمی کوردستان یاسای ڕۆژنامەگەریی ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ هەیە کە تایبەتە بە میدیای نووسراو و بەهۆی نەبوونی یاسای دیکەوە بۆ دۆسیە یاساییەکانی میدیای بینراو و بیستراویش کاری پێدەکرێت، حکومەت بە پاساوی نەبوونی یاسای تایبەت بە میدیای بینراو و بیستراو و ئەلیکترۆنی پەنای بۆ دەرکردنی ئەو ڕێنماییانە بردووە.
"ئەم کارە یان دەبێت یاسایەک لە پەرلەمان دەربچێت، یاخود دەستەیەکی سەربەخۆ ئەو ڕێنماییانە دەربکات کە سەربە حکومەت نەبێت، تەنانەت لە عێراق دەستەی سەربەخۆی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان ئەو کارە دەکات و پێدانی مۆڵەتی کەناڵەکانیش لای ئەو دەستەیەیە" سامان فەوزی وادەڵێت.
مەترسیی ڕێنماییەکانی وەزارەتی ڕۆشنبیری چین؟
ڕێنماییەکانی وەزارەتی ڕۆشنبیری بەدەر لە تووندکردنەوەی پێدانی مۆڵەتی کەناڵەکان و زیادکردنی رسووماتی وەرگرتنی مۆڵەت، هاوکات چاودێریی دەخاتەسەر ناوەڕۆکی بابەتە میدیاییەکان و بۆ کەناڵەکانی دیاریی کردووە کە چی بڵاو بکەنەوەو نابێت چی بڵاوبکەنەوە.
لەبارەی پێدانی مۆڵەت بە میدیای بینراو و بیستراو و دەزگاکانی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، بەپێی ڕێنماییەکو وەزارەتی ڕۆشنبیری بەرپرسە لە پێدانی مۆڵەت، بەڵام بە ڕەزامەندیی وەزارەتی ناوخۆ بۆ لایەنی ئەمنیی لەسەر خاوەنی کەناڵەکە، ئەوەش لە ماوەی ٩٠ى ڕۆژ لە پێشکەشکردنی داواکاریی، بەڵام ئەگەر وەزارەتی ناوخۆ ڕەزامەندیی نەدا، بەپێی ڕێنماییەکە ئەو کەسەی داوای مۆڵەتی کردووە هیچ مافێکی نییە تانە لە بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ بدات.
ڕسووماتی وەرگرتنی مۆڵەتیش بۆ کەناڵی ئاسمانیی ٤٠ ملیۆن دینارەو تەلەفزیۆنی ناوخۆیی ٢٠ ملیۆن و ڕادیۆ ١٠ ملیۆن دینار و کۆمپانیاکانی پەخش ٢٠ ملیۆن دینارە.
ڕێنماییەکە ٢٢ مەرجی دیاری کردووە بۆ میدیای بینراو و بیستراو کە لە ڕووی کوالێتی و ناوەڕۆکەوە پێویستە پابەندبن پێیانەوە، بەشێک لەو مەرجانە ناڕوونن و بەشێکیان لاستیکین و تەفسیری جیاواز هەڵدەگرن، هەنێکیشیان پێچەوانەی مافی ڕۆژنامەنووسان و کەناڵەکانی ڕاگەیاندنن کە لە یاسای ڕۆژنامەگەرییدا ڕێگەپێدراون.
"زیان نەگەیاندن بە ئاسایشی نیشتمانی و بەرژەوەندی گشتی.. دوورکەوتنەوە لەو کارانەی دەبنەهۆی قەیرانی ئابوری شڵەژاندنی بازاڕ.. پەنانەبردنەبەر بێزارکردنی کەسەکان یاخود لایەنی مەعنەوییان.. بڵاونەکردنەوەی هیچ شتێکی نامۆ و زیانبەخش بە کولتورو کۆمەڵی کوردەواری و کۆمەڵگەی کوردستانی" ئەمانە بەشێکن لە مەرج و پابەندیی میدیاکان کە ڕێنماییەکە دیاری کردووە.
لە خاڵێکی دیکەی ڕێنماییەکەدا هاتووە "پابەندبوون بە پێوەرەکانی ناوەڕۆکی میدیایی، کە لە لایەن فەرمانگەی میدیاو زانیاریی دەردەچێت"، بەپێی ئەم خاڵەبێت لە داهاتوودا حکومەت پێوەردادەنێت کە ناوەڕۆکی بابەتە میدیاییەکان دەبێت بەو شێوەیەبن کە بۆیان دیاری دەکرێت.
ڕۆژنامەنووس شوان محەمەد دەڵێت "بە دەرکردنی ئەو ڕێنماییانە بە تەواوی ئەرکی وەزارەتی ڕۆشنبیری گۆڕدرا بە وەزارەتێک بۆ سەرکوتکردنی ئازادیی و ڕێنماییەکان پاشەکشەیە لە یاسای ڕۆژنامەگەریی".
هاوکات سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە ڕۆژنامەنووسان داوای ڕەتکردنەوەی ڕێنماییەکان دەکات، دیاری محەمەد بەڕێوەبەری سەنتەرەکە دەڵێت "ڕێنماییەكان سیاسەتی كۆتوبەندی ئازادی رادەربڕینەو ناوەڕۆكی یاسای رۆژنامەگەری بەتاڵدەكاتەوە".
هەربەپێی ڕێنماییەکان بڵاوکردنەوەی وتەی تۆمەتبار پێش دادگاییکردن ڕێگەپێدراو نییە، بەڵام دەزگا ئەمنییەکان خۆیان بەردەوام وتەو ڤیدیۆی دانپێدانانی تۆمەتباران بڵاودەکەنەوە بەرلەوەی دادگایی بکرێت ئەوەش بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە قەڵەم دەدرێت.
لەبارەی پەخشکردنی درامای بیانیی لە کەناڵەکان کە مشتومڕی زۆری لەسەرە، ڕێنماییەکە دەڵێت "ئەو درامایانەی کە جۆرێک لە هاندانی کوشتن و خۆکوشتن و ناپاکی هاوسەرگیری و هەڵخەڵەتاندنی تێدا دەبیندرێت، نەکڕدرێت و پەخش نەکرێت".
بەپێی ڕێنماییەکان، میدیاکان لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری چاودێریی دەکرێن بە مەبەستی تۆمارکردنی سەرپێچییەکانی میدیا بیستراو و بینراو وکۆمپانیاکانی پەخشکردنی میدیایی.
لەبارەی سزای ئەو میدیایانەی سەرپێچی ڕێنماییەکان دەکەن، سەرەتا بە ئاگادارکردنەوەو پاشان بە ڕاگرتنی پەخش سزا دەدرێن -بەپێی یاسای ڕۆژنامەگەریی ڕۆژنامە قەدەغە ناکرێت و دەستی بەسەردا ناگیرێت- هەر بەپێی ڕێنماییەکان لەکاتی بەردەوامبوون لەسەر سەرپێچییەکان ڕاگرتنی پەخشیان بەردەوام دەبێت، هەر میدیایەکیش لەماوەی ٢ ساڵدا ٥ سەرپێچیی هەبێت ئەوا دەخرێتە لیستی ڕەشەوە.
ئەو میدیایانەی دەخرێنە لیستی ڕەشەوە، هیچ هاوکاری و پاڵپشتی و پشتگیرییەک ناکرێن لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری بۆ ماوەی یەک ساڵ، وە بە لیستیک ناویان ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت و لەوێوە گشتاندن بۆ هەموو وەزارەتەکان دەکرێت تا هیچ مامەڵەیەک لەگەڵ ئەو کەناڵانە نەکرێت بۆ ماوەی یەک ساڵ.
ڕێکخستنی میدیای ئەلیکترۆنی
بەشی ڕێکخستنی میدیای ئەلیکترۆنی لە ڕێنماییەکەی وەزارەتی ڕۆشنبیریدا بووەتە مایەی سەرلێشێواندنی ڕۆژنامەنووسان و لایان ڕوون نییە ماددەو بڕگەکانی ئەم بەشەو قەدەغەکراوەکان ئەوان دەگرێتەوە یان نا.
لەسەرەتای ئەم بەشەدا نووسراوە "ئەم ڕێنماییە بواری ڕۆژنامەگەری و ڕۆژنامەنووسان ناگرێتەوە". بەڵام لە ماددەی دواتردا نووسراوە ئەم ڕێنماییە "پەیج و پۆرتاڵ و گروپی ناو ئەپەکانی پەیوەندی و پۆرتاڵی میدیا ئەلیکترۆنی و وێب تیڤییەکانیان" دەگرێتەوە. دواتریش سەندیکای ڕۆژنامەنووسان کراوە بە ئەندامی ئەو بۆردەی سەرپەرشتی جێبەجێکردنی ئەو ڕێنماییانە دەکات.
"منیش نازانم و لام ڕوون نییە ئەم بەشە ڕۆژنامەنووسان و ماڵپەڕە ڕۆژنامەوانییەکان دەگرێتەوە یان نا؟" د. سامان فەوزی وای وت.
ئەگەر ئەم بەشە لە ڕێنماییەکانی وەزارەتی ڕۆشنبیری بۆ ڕۆژنامەنووسان و میدیای ئەلیکترۆنی نییە و بۆ خەڵکی ئاسایی و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە، ئەوە یاسای تایبەت بەخۆی هەیە بەناوی یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیکردن.
ڕۆژنامەنووسان نیگەرانن لەوەی کە لەگەڵئەوەی یاسایەکی تایبەت بەخۆیان هەیە، بەڵام ھێشتا بەشێك لەو سکاڵایانەی لە دژی ڕۆژنامەنووسان تۆماردەکرێن بە یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت کە سزای تووندی تێدایە، ئەوەش بەردەوام جێگەی ڕەخنەی ڕۆژنامەنووسان و ڕێکخراوەکانی بەرگری لە مافی ڕۆژنامەنووسان بووە.
یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن لە ساڵی 2008دا دەرچووە بە ئامانجی سزادانی ئەو کەسانەی هەوڵدەدەن مۆبایل و ئینتەرنێت بۆ بێزاركردن و لەكەداركردنی هاوڵاتیان بەكاربهێنن نەك كاری ڕۆژنامەوانی. ماددەی دووەمی یاساكە، بۆتە مۆتەكە بۆ ڕۆژنامەنووسان و هەندێكیش وەك چەكێك دژ بە ئازادی ڕادەربڕین و نوسین دەیبینن، بەوپێیەی دەیان ڕۆژنامەنووس و ئازادیخواز لەسەر نووسینێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەو ماددەیە ڕاپێچی دادگا دەكرێن.
پەرلەمانی کوردستان مانگی ٧ی ٢٠٢٠ ھەوڵیدا بە یاسا میدیای ئەلیکترۆنی ڕێکبخات، بۆئەوەش خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پێشنیازەیاسایەک کرد، بەڵام بەھۆی ڕەخنەی تووندی ڕۆژنامەنووسان و ڕێکخراوەکانەوە کارکردن لەسەری ڕاگیراو نەبوو بە یاسا.
ئەو پێشنیازەیاسایە؛ لە سزای غەرامەوە تا تۆمەتی تیرۆر و هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی كاركردنی تێدابوو، بۆ ئەو میدیا ئەلیکترۆنییانەی كارەكانیان بەپێی یاساكە بە پێشێلكاریی دادەنرا.
لە بەشی ڕێکخستنی میدیای ئەلیکترۆنی ڕێنماییەکەدا، ١٥ خاڵ دیاریی کراوە لە ژێر ناونیشانی "قەدەغەکراوەکان" کە بڵاوکردنەوەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سەرجەم هۆیەکانی پەیوەندی ئەلیکترۆنی قەدەغەیە.
"هەر بابەتێک تێکدانی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی لێ بکەوێتەوە.. ناوزڕاندنی کەس و سیمبولی نیشتیمانی لێ بکەوێتەوە بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ.. ئەو بابەتانەی بەرژەوەندیی گشتی دەخەنە مەترسییەوە هاوشێوەی گومان لە ئازادی بیروڕا و سیاسەتی ئابوری و ئاسایشی نیشتمانی و هەر بەرژەوەندییەکی دیکەی گشتی" ئەمانە بەشێکن لە قەدەغەکراوەکان، ئەوە لە کاتێکدایە ئەم چەمکانە جێگای مشتومڕن و هەندێکیان پێناسەی ڕوونیان نییە.
خاڵێکی دیکەی قەدەغەکراوەکان بریتییە لە "ئاشکراکردنی نامە، تەلەگرام یا ئەو جۆرە دۆکیۆمێنتانەی لەلایەن ئۆرگانەکانی حکومەتەوە مۆڵەتی بڵاوکردنەوەی گشتی نییە".
هەروەها لە خاڵێکی دیکەدا هاتووە "بڵاوکردنەوەی هەر بابەت و دەنگۆیەک کە کەسێک لەکەدار دەکات یان نهێنی ژیانی کەسێک ئاشکرا دەکات، هەرچەندە ڕاست بن، تەنها لە ڕێگەی دادگاوە ڕەزامەندی بۆ وەردەگیرێت". بەپێی ئەم خاڵەبێت گەندەڵیی بەرپرسانی حکومەت ئەگەر بەڵگەش لەسەریان هەبێت نابێت بڵاوبکرێنەوە بە پاساوی "لەکەدار" نەکردنیان مەگەر دادگا ڕەزامەندیی بدات، روونیش نییە لە حاڵەتێکی لەو جۆرەدا چۆن ڕەزامەندیی دادگا وەردەگیرێت؟.
پەرەگراف بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر و ڕوونکردنەوەی خاڵە ناڕوونەکانی ڕێنماییەکە، پەیوەندی بە چەند بەرپرسێکی وەزارەتی ڕۆشنبیرییەوە کرد، ئەوان ئامادەنەبوون قسەی لەبارەوە بکەن و وتیان ئەوانیش دوای بڵاوبوونەوەی ڕێنماییەکان بینیویانە.
یەکێک لەو بەرپرسانە وتی "نووسینگەی سەرۆکی حکومەت دەستی باڵای هەبووە لە ئامادەکردنی ڕێنماییەکان لەگەڵ فەرمانگەی میدیاو زانیاریی و وەزیری ڕۆشنبیری"، پەرەگراف هەوڵیدا قسە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو دوو دامەزراوەیەو وەزیری ڕۆشنبیری بکات، بەڵام دەستنەکەوتن.