هەوڵەكان بەردەوامن بۆ دیاریكردنی چارەنوسی پێشمەرگە بێسەروشوێنەكانی شەڕی داعش

06-03-2019 07:48
پێشمەرگە لە شەڕی داعشدا 1720 شەهیدی هەبووە. وێنە؛ پەرەگراف.


پەرەگراف

هەوڵەكانی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ دیاریكردنی چارەنوسی ئەو پێشمەرگانە بەردەوامە كە لە شەڕی دژ بە داعش بێسەروشوێن بوون، تائێستا 44 ناو لە وەزارەت تۆماركراوە كە بێسەرو شوێنن.

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا كە پەرەگراف ئامادەی بوو، ئەوەی خستەڕوو، هەوڵەكانیان لە عێراق‌و سوریا بەردەوامەو "ئومێدی گەورە"یان هەیە پێشمەرگە بێسەروشوێنەكان زیندوبن.

كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەی جەبار یاوەر، لە پەراوێزی شەشەم دیداری سلێمانیدا ئەنجامدرا كە سەنتەری لێكۆڵینەوەی هەرێمی و نێودەوڵەتی لە زانكۆی ئەمریكی لە عێراق- سلێمانی بە ناونیشانی "عێراق و وڵاتانی دراوسێ، بەرەو سیستمێكی نوێی هەرێمایەتی" بە بەشداری چەندین كەسایەتی عێراقی و بیانیی ئەنجامیداو سبەینێش بەردەوام دەبێت.

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، وتی"هەوڵێكی زۆر دراوە بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو پێشمەرگانەی هەواڵایان نییە، ئەو پێشمەرگانەی كە ناڵێین دیلن، دەڵێین بێسەروشوێنن، نزیكەی 44 ناومان لا یاداشت كراوە كە بێسەروشوێنن، بەردەوامین هەم لەناو عێراق‌و تەنانەت لە سوریاو لەو شەڕانەی لەوێ دەبێت بۆئەوەی چارەنوسی ئەو بێسەروشوێنانە دەربكەوێت، ئومێدێكی گەورەمان هەیە كە پشتیوان بە خودا زیندوبن‌و بگەڕێنەوە بۆ ناو خێزانەكانیان‌و لەو بارەیەوە هەوڵەكانمان نەوەستاوە."

وتەكانی جەبار یاوەر لەكاتێكدایە داعش لە سوریا لە كۆتا ساتەكانی خەلافەتەكەیدایە لەسەر دەستی شەڕڤانانی كوردو تەنها ناوچەیەكی كەمیی لە ژێر دەستدا ماوە لە شارۆچكەی باغۆز كە دەكەوێتە خۆرهەڵاتی دێرەزوور، هەفتەی ڕابردووش شەڕڤانان ڕایانگەیاند كە 24 شەڕڤانیان ڕزگاركردووە كە پێشتر لای داعش دیل بوون.

هێزەكانی پێشمەرگە لە ساڵی 2014وە بۆ ماوەی سێ ساڵ بە درێژایی سنورەكانی هەرێم كەوتنە شەڕی سەختەوە لەگەڵ چەكدارانی داعش، بەوهۆیەوە بەدەر لە بێسەرو شوێنەكان، 1720 پێشمەرگە شەهیدو 1729ی دیكە برینداربوون، ئەمەش بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی پێشمەرگە.

هەرچەندە زیاتر لە ساڵێكە بە فەرمیی نەمانی داعش لە عێراق ڕاگەیەندراوە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونێكی پێشتری پەرەگراف داعش لە چەند ناوچەیەكی نێوان هەرێمی كوردستان‌و عێراق بوونی هەیە، بەتایبەت لە باشوری كەركوك.

جەبار یاوەر دەربارەی پرسی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە جێناكۆكەكان‌و مەترسیی داعش، باسیلەوەكرد، داعش بە شێوازی گروپی بچوك دەمێنێتەوەو دەبێت كارەكانیان لە ڕووی سەربازیی‌و هەواڵگریی بەردەوام بێت بۆ كۆتاییهێنان بە داعش.

دەربارەی گفتوگۆكانی نێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق بۆ كاری هاوبەش، یاوەر وتی"لە دیالەوە هەتا نزیك ڕەبیعە سەرقاڵی كاركردنن بۆ ڕوپێوكردنی شوێنەكانی هێڵەكانی پێشمەرگە لەگەڵ هێڵەكانی سوپای عێراق، بۆ دیاریكردنی بۆشاییەكان‌و پێشكەشكردنی پێشنیار كە چۆن ناوەندەكانی هەماهەنگی‌و هێزی هاوبەش دروست بكەین‌و دەستبكەین بە ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەو ناوچانەی جێناكۆكن، كە لیژنەكان تەواوبوون كۆبوونەوەیەكی لیژنەی باڵا دەكەین‌و ئەو كاتە بە كرداریی دەستدەكەین بە كاركردن."

هێزەكانی پێشمەرگە لەدوای ساڵی 2014 و هێرشەكانی داعش لە زۆربەی ناوچەكانی جێناكۆك جێگیربون، لەدوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017و كشانەوەی پێشمەرگە، حەشدی شەعبی چوونە ئەو ناوچانە.

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەشی خستەڕوو، داعش ئەگەر بەشێوەی سەربازیی كۆتایی بێت بە فكریی ماوەو دەبێت هەموو ئەولایەنانەی شەڕی داعش دەكەن شەڕی فكریی دەستپێبكەن‌و میكانیزمی بۆ دابنێن لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانان.