شێروان شێروانى: ئامادەم لە زینداندا بمرم، بەڵام سازش بۆ جەلاد ناکەم

23-10-2025 11:56

پەرەگراف

"هەموو دەزانن ئەم سزایە باجى هەڵوێست و خۆڕاگریى منە لەناو زینداندا. نەک سێ ساڵ، بەڵکو سى ساڵى تریش سزام بدەن، سازش بۆ تاغووت ناکەم. ئەمە وەکوو بەرپرسیارێتییەکى مێژوویى و ئەخلاقى و دینى دەبینم. ئامادەم لەژێر ئەشکەنجەدا بمرم، بەڵام سازش بۆ جەلاد ناکەم"، ئەمە نوێترین پەیامى ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانییە لە زیندانەوە.

ئەم پەیامەى شێروانى پاش ئەوە هات کە ئەمڕۆ ٢٣-١٠-٢٠٢٥، دادگاى پێداچوونەوە دوایین سزاى سەر ڕۆژنامەنووسەکەى پەسەند کرد و تەنیا ماوەیەى یەک ساڵ کەمى کردەوە، لە کاتێکدا پارێزەیەکەى داواى هەڵوەشاندنەوەى سزاکەى کردبوو.

ڕۆژی ٢٠ـى ئابی ٢٠٢٥، دادگای تاوانەکانی هەولێر سزای چوار ساڵ و پێنج مانگ زیندانیکردنى "بەبێ بوونى بەڵگەى پێویست و لەسەر بنەماى چەند شاهێدیدانێکى دژبەیەک"، بەسەر شێروان شێروانیدا سەپاند. ئەوە سێیەم سزادانى ئەو ڕۆژنامەنووسە بوو لە ماوەى چوار ساڵدا. لە دۆسیەى یەکەمدا سزاى شەش ساڵ و لە دۆسیەى دووەمیشدا سزاى دوو ساڵ زیندانیکردنى بەسەردا یەپێندرابوو.

ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانى، لە چوارچێوەى هەڵمەتى دەستگیرکردنى ڕۆژنامەنووس و چالاکانى بادینان کە دەیان کەسى گرتەوە، ئێوارەى ٠٧-١٠-٢٠٢٠ لەلایەن هێزێکى ئەمنییەوە لە شارى هەولێر لەناو ماڵەکەى خۆیدا دەستگیر کرا.

ئەکات لەبارەى دەستگیرکردنەکەیەوە، ڕووگەش عیززەدین، ھاوسەری شێروان شێروانی، بە پەرەگرافـى وت"ئەو هێزەی هاتبوون بۆ دەستگیركردنی شێروان، هیچ مۆڵەتیان نەدەدا من قسە بكەم. لە كاتی هاتنە ژوورەوەدا چوار پیاو پێكەوە خۆیان بە دەرگای ماڵەكەدا كێشا. ١٠ كەس هاتنە ژوورەوە كە شەشیان جلوبەرگی سەربازیی ڕەشیان لەبەردا بوو، چواریشیان ئاسایش بوون و جلوبەرگی مەدەنییان لەبەردا بوو".

ڕۆژى ١٦-٠٢-٢٠٢١، دادگاى تاوانەکانى هەولێر، پێنج کەس ڕۆژنامەنووس و چالاکى بادینانى یەکى بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزا دا، کە یەکێکیان شێروان شێروانى بوو. سزاکە بە تۆمەتى "تێکدانى ئاسایشى نیشتمانى" و بەپێى یاساى ژمارە ٢١ـى ساڵى ٢٠٢٣ بوو، تۆمەتبارەکان و پارێزەرەکانیشیان تۆمەتەکەیان ڕەت کردەوە و بەڵگەى پێویستیش بۆ ساغکردنەوەى تۆمەتەکە لەبەردەستدا نەبوو.

دواتر سزادانى ئەو چالاک و ڕۆژنامەنووسانە کاردانەوەى فراوانى لەسەر ئاستى ناوخۆى هەرێمى کوردستان و دەرەوەش بەدوادا هات. لە ئەنجامى فشارەکاندا، نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، بە فەرمانێکى لێخۆشبوون ٦٠%ـى سزاى سەر ئەو پێنج کەسەى کەم کردەوە، بەڵام ئەوەى جێگاى سەرنج بوو، دەستکاریى لێخۆشبوونەکەى شێروان شێروانى کرا و بۆ ٥٠% کەم کرایەوە، بۆیە ئەو لەگەڵ هاوڕێکانیدا ئازاد نەکرا.

دواتریش بەر لە تەواوکردنى ماوەى سزاکەى، سکاڵایەکى دیکە لە دژى شێروان شێروانى جوڵێندرا و دادگای هەولێر بە تۆمەتی "ساختەكاری" و بەپێی دوو ماددە لە یاسای سزادانی عێراقی، سزای زیندانیكردنی بۆ ماوەی چوار ساڵ بەسەردا سەپاند. دواتر سزاکە لەلایەن دادگاى پێداچوونەوەوە بۆ دوو ساڵ کەم کرایەوە.

شێروان شێروانی لەلایەن چاكسازیی گەورانی هەولێرەوە تۆمەتبار كراوبوو بەوەی كە لە زینداندا واژووی ڕۆژنامەنووس گۆهدار زێباریی ساختە كردووە و لەبری ئەو واژووی داواكارییەكی كردووە. ڕۆژى بەڕێوەچوونى دادگاییکردنەکە ڕەمەزان ئەرتیسی، پارێزەری شێروان شێروانی، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "گۆهدار زێباری لەبەردەم دادوەردا شاهێدیی لە بەرژەوەندیی شێروان دا و وتی كە من خۆم شێروانم سەرپشك كردووە واژوو بۆ من بكات".