چیرۆکە تراژیدییەکانى ڕۆژئاوا؛ کۆمەڵکوژکردنى خێزانێکى کورد لەلایەن گرووپەکانى دیمەشقەوە
پەرەگراف - ڕێكخراوی (CPT)ـی ئەمریكی، پەردە لەسەر تاوانی "كۆمەڵكوژكردن"ـی خێزانێكی كورد لەلایەن گرووپە چەكدارییەكانی سەر بە دیمەشقەوە هەڵدەداتەوە. بە دەستڕێژی گوللـە شەش ئەندامی خێزانەكە كوژراون و شەشی دیكەش بە سەختی بریندارن. چەكدارانی گرووپەكە بە "دەرهێنانی چاو، هەڵدڕینی سك و شێواندنی دەموچاو"ـی بەشێك لە قوربانییەكان، تاوانەكەی خۆیان قێزەونتر كردووە.
چیرۆكەكە لێرەوە دەست پێ دەكات، "18ـی كانوونی دووەم، لە كاتی هێرش بۆ سەر شاری ڕەققە، خێزانێكی كوردی دوازدە كەسی بە ئۆتۆمبێلێكی (كیای بارهەڵگر - ژمارە ٤٠٠١٣) لە ڕەققەوە بەرەو حەسەكە دەڕۆیشتن. لە نزیك گوندی ئەبوو خەشەب كە دەكەوێتە نێوان هەردوو شارەكە، لەلایەن گرووپێكی چەكداریی سەر بە حكومەتی سووریاوە ڕاگیراون".
كامەران عوسمان، ئەندامی تیمی كوردستانی عێراقی ڕێكخراوی (CPT)ـی ئەمریكی كە ئێستا بۆ بەبەڵگەكردنی پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژئاوای كوردستانە، بەم شێوەیە درێژە بە چیرۆكەكە دەدات "پرسیاریان لێ دەكرێت: خەڵكی كوێن؟ وەڵام دەدەنەوە: ڕەقە. بەرپرسی گرووپە چەكدارییەكە دەپرسێت: كوردن یان عەرەب؟ ئەوانیش لە وەڵامدا دەڵێن: كوردین، بەڵام سەر بە هیچ حزب و هێزێك نیین. بەرپرسەكە دەڵێت: تەواو، ئێستا كۆتایی بە هەمووتان دەهێنم!”.
"بەرپرسەكە فەرمان دەكات كە ئەوانەی بەتەمەنن، هەموویان بكوژرێن. خێزانەكە لەتاو گیانی خۆیان، دەیانەوێت لە ئۆتۆمبێلەكە بێنە دەرەوە، بەڵام چەكدارەكان تەقە دەكەن و سەرەتا فیشەك دەنێن بە سەری باوكی خێزانەكەوە كە ناوی (محەمەد ئیسماعیل ساڵح - تەمەن ٥٠ ساڵە) و دەیكوژن. دەستی دایكی خێزانەكە بە ناوی (سارا شاهین ساڵح - تەمەن ٤٩ ساڵ) لە پشتەوە دەبەستنەوە و فیشەك دەنێن بە سەریەوە و دەیكوژن"، كامەران عوسمان وا دەڵێت.
دواتر چەكدارانی گرووپەكە "بە هەڕەمەكی" تەقە لە خێزانەكە دەكەن و چوار ئەندامی تری خێزانەكە بە ناوەكانی (یوسف محەمەد ساڵح - تەمەن ٢٠ ساڵ، لەیلا محەمەد ساڵح- تەمەن ١٧ ساڵ، ئەڤین محەمەد ساڵح - تەمەن ١٠ ساڵ، مەحموود ئەحمەد ساڵح - تەمەن ٢٦ ساڵ) دەكوژن، كە دووانیان منداڵن.
ئەندامەكەی تیمی كوردستانی عێراقی ڕێكخراوی (CPT) دەڵێت "دوای كوشتنی ئەو شەش ئەندامەی خێزانەكە، چەكدارەكان پێستی دەموچاوی (لەیلای تەمەن ١٧ ساڵ) هەڵدەكەنن و بە چەقۆ سكی هەڵدەدڕن. هەروەها چاوی ڕاستی (مەحمودی تەمەن ٢٦ ساڵ) دەردەهێنن. ئینجا لۆگۆی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ دەخەنە سەر سنگی.
دوای ئەوە شەش ئەندامەكەكەی تری خێزانەكە ڕادەكەن و دەیانەوێت لە دەستی چەكدارەكان ڕزگاریان بێت، بەڵام چەكدارەكان "بە هەڕەمەكی تەقەیان لێ دەكەن و هەموویان بە سەختی بریندار دەكەن".
پاشان چەكدارەكان تەرمی كوژراوەكان لە شوێنەكە جێدەهێڵن و بریندارەكان لەگەڵ خۆیان دەبەن. دوای كاتژمێرێك، بریندارەكان لە چۆڵەوانییەك لە نزیك شاری دێرەزوور فڕێ دەدەن و ئەوانیش بەجێ دەهێڵن. دوای ئەوەی كە خێزانێكی یەكێك لە گوندەكانی دێرەزوور بریندارەكان دەدۆزێتەوە، دەیانبات بۆ نەخۆشخانەی گشتیی دێرەزوور.
كامەران عوسمان دەڵیت "لە نەخۆشخانەكەدا، سەرباری ئەوەی كە چارەسەری پێویست پێشكەش بە بریندارەكان ناكرێت، یەكێك لە پزیشكەكان سووكایەتی بە بریندارەكان دەكات و دەڵێت: دەبوو ئێوەش كوژرابان و نەهێندرابان بۆ ئێرە. پاش ٤٠ كاتژمێر، بریندارەكان دەگوازرێنەوە بۆ شاری ڕەقە و لەوێش لە یەكتری جیا دەكرێنەوە".
ناوی بریندارەكان، تەمەن و جۆری برینەكانیان:
• شیرین محەمەد ساڵح - ٢٥ ساڵ. چوار فیشەك بەر سكی كەوتووە.
• غەزال محەمەد ساڵح - ١٦ ساڵ. فیشەك بەر قاچی كەوتووە.
• ئیبراهیم محەمەد ساڵح - ١٣ ساڵ. فیشەك بەر دەست و قاچی كەوتووە.
• شادی مەحمود ساڵح - ٦ ساڵ. فیشەك بەر قاچی كەوتووە و دەموچاویش بریندارە.
• لاوەند مەحمود ساڵح - ٢ ساڵ و نیو. فیشەك بەر پێستی سەری كەوتووە و سەری بریندارە. دوو پەنجەی دەستی ڕاستیشی لەدەستداوە.
• ئیبراهیم مەحمود ساڵح - ٤ ساڵ. فیشەك بەر قاچ و ئەندامی نێرینەی كەوتووە.
"دوای دوو ڕۆژ لە ڕووداوەكە، هەندێك هاووڵاتیی گوندی ئەبوو خەشەب، تەرمی كوژراوەكان كۆدەكەنەوە و دەیبەن بۆ نەخۆشخانەی پارێزگای دێرەزوور. تاوەكو ئێستاش تەرمەكان لەو نەخۆشخانەیە ماونەتەوە و بەخاك نەسپێردراون"، كامەران عوسمان وا دەڵێت.
ڕێكخراوە ئەمریكییەكە ڕایدەگەیەنێت "كوشتنی هاووڵاتیانی مەدەنی، سووكایەتیكردن بە تەرمەكانیان، تۆقاندنی دەستگیركراوان و تەقەكردن لێیان، ئەمانە هەموو پێشێلكاریی گەورەی مافی مرۆڤ و تاوانی گەورەن، كە چەكدارانی سوپای حكومەتی نوێی سووریا لە هێرشەكانی ئەم دواییەیاندا بۆ سەر ناوچەكانی باكوور و خۆرهەڵاتی سووریا و ناوچەكە كوردنشینەكان، ئەنجامیان داوە".
سی پی تی كە ڤیدیۆییەكی تەڵخكراوی قوربانییانی كۆمەڵكوژییەكەی بڵاو كردووەتەوە، جەخت دەكاتەوە كە تەواوی بەڵگەنامەكانی ئەم كۆمەڵكوژییە و وێنە و ڤیدیۆ و دەنگی لەبەردەستدایە و ڕاستاندنی بۆ ڕووداوەكە كردووە.
ڕێكخراوی CPT كە چەند ڕۆژێكە تیمی لە ڕۆژئاوای كوردستانە، پێشتر تاوانێكی گەورەی دیكەی گرووپە چەكدارییەكانی ئاشكرا كرد كە "ئەندامانی دەیان خێزانیان كوشتووە و تەرمەكانیان هەڵداوەتە ناو ڕووبار. دەستدرێژییان كردووەتە سەر ژنان و فڕێیان دراون".