پەرەگراف - پاش نزیكەی هەشت كاتژمێر كۆبوونەوە و گفتوگۆی ناڕاستەوخۆی نێوان شاندەكانی ئەمریكا و ئێران، وەزیری دەرەوەی ئێران بە "دەستپێكێكی باش" وەسفی دەكات و ڕایگەیاند "بەردەوامبوونى پەیوەستە بە گەڕانەوەی هەردوولا بۆ پایتەختی وڵاتەكان و ڕاوێژكردن و بڕیاردان لەبارەی چۆنێتیی درێژەپێدانی گفتوگۆكانەوە".
گفتوگۆكان ئەمڕۆ هەینى ٠٦-٠٢-٢٠٢٦، لە كاتژمێر ١٠:٠٠ـی بەیانی لە مەسقەتی پایتەختی عومان دەستی پێ كرد و تا نزیكی كاتژمێر ٠٦:٠٠ـی ئێوارە بەردەوام بوو.
دانوستانەكان هاوشێوەى دانوستانەکانى نیسانى ٢٠٢٥، بەشێوەی ناڕاستەوخۆ بەڕێوە چوون. بەدر بووسەعید، وەزیری دەرەوەی عومان، پەیام و بۆچوونەكانی هەردوولای ئاڵوگۆڕ پێ دەكرد.
عەباس عێراقچی، وەزیرى دەرەوە و سەرۆکى شاندى ئێران، دوای كۆتاییهاتنی كۆبوونەوەكان ڕایگەیاند "چەندین كۆبوونەوە بەشێوەی ناڕاستەوخۆ بەڕێوە چوون. گفتوگۆی درێژ و چڕوپڕمان ئەنجام دا. هاوڕابووین لەسەر درێژەپێدانی".
سەرۆكی شاندی ئێران وتیشی "نیگەرانی و بەرژەوەندی و مافەكانی ئێران بە لایەنی بەرانبەر گەیەندرا و گوێ لە تێڕوانینەكانی ئەوانیش گیرا".
"ئەو بێمتمانەییەی لە ماوەی هەشت مانگی ڕابردوو دروست بووە، لەگەڵ بێمتمانەییەكانی پێشوو، ئاڵنگارییەكی گەورەی بەردەم دانوستانەكانە. دەبێت بەسەر ئەم دۆخە بێمتمانەییەدا زاڵ بین و دواتر بتوانین چوارچێوەی گفتوگۆیەك دابڕێژین كە مافەكانی ئێران گرەنتی بكات"، وەزیری دەرەوەی ئێران وای وت.
عەباس عێراقچی جەختی كردەوە كە "ئەگەر ڕێڕەوی دانوستانەكان بە شێوەیە بەردەوام بێت، دەتوانین لە كۆبوونەوەكانی داهاتوودا لەسەر چوارچێوەیەكی هاوبەش بۆ دانوستانەكان ڕێك بكەوین".
نزیکى ١٠ مانگ لەمەوبەر و لە ڕۆژى ١٢-٠٤-٢٠٢٥، پاش ماوەیەک لە دەستبەکاربوونى دۆناڵد ترەمپ وەکوو سەرۆکى ئەمریکا، دانوستانە ناڕاستەوخۆکانى ئەمریکا و ئێران لە مەسقەتى پایتەختى عومان دەستیان پێ کرد. پاش چەند قۆناغێک، نەگەیشتنە ڕێککەوتن و دواتریش شەڕى ١٢ ڕۆژەى ئیسرائیل-ئێرانى بەدوادا هات.
ترەمپ لەدواى دەستبەکاربوونى، نامەیەکى تایبەتى بۆ عەلى خامنەیى، ڕابەرى باڵاى شۆڕشى ئێران نارد. تێیدا داواى چارەسەرکردنى کێشەکانى بە گفتوگۆ کردبوو. تێیدا وتبووى "من سەرۆكی ئاشتیم، ئاشتی ئەو شتەیە كە من دەمەوێت. هیچ هۆكارێك نییە كە كێشەكان بە ڕێگەی سەربازی چارەسەر بكەین".
بەڵام هاوکات ترەمپ هۆشداریى دابوو بە ئێران كە "گومان و دوودڵییەكان"یان دەربارەى مەترسیى بەرنامە ئەتۆمییەکەى بڕەوێنێتەوە، بە پێچەوانەوە "بژاردەی دواتر، بژاردەیەكی باش نییە"، كە مەبەستی بژاردەی سەربازییە دژی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران بوو. دواجاریش کە نەکەیشتنە ڕێککەوتن، ئەو کارەى کرد و هێرشى کردە سەر بەرنامە ئەتۆمییەکەى ئێران.
نوێ دەكرێتەوە...