پەرەگراف – ئەو سکە دێرینانەی دوو مانگ لەمەوبەر لە گوندی بێستانسووری شارەزوور دۆزرانەوە، ئەمڕۆ لەلاین ئاسایشی سلێمانییەوە ڕادەستی مۆزەخانە کران.
عهقید كارزان شێركۆ وتهبێژی دهزگای ئاسایشی ههرێمى کوردستان(سلێمانی)، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەوەی خستەڕوو، سکە دێرینەکان لە کۆتاییەکانى ساڵى 2025 دەستیان بەسەردا گیراوەو ژمارەیان 272 سکەى مێژوویىە کە مێژووەکەىان دەىگەڕێتەوە بۆ سەدەى 18ى زاینى.
وتەبێژەکەی ئاسایش وتیشی، هەوڵدراوە سکەکان بفرۆشرێن و دوای لێکڵینەوەو بەدواداچوونی ئاسایش، حەوت کەس لەسەر ئەو بابەتە دەستگیرکراون و دۆسیەی یاساییان بۆ کراوەتەوە.
هاوکات هاشم حەمە عەبدوڵا بەڕێوەبەری مۆزەخانەی سلێمانی، دۆزینەوەی سکەکانی بە گرنگ لە قەڵەمداو وتی دەبنە بابەتی توێژینەوەو سکەکان کانزان، بەڵام زێڕ نین.
سکەکان چۆن دۆزرانەوە؟
ناوەڕاستی مانگی ١٢ی ٢٠٢٥، دەستگیركردنی ژمارەیەك مێرمنداڵ و كەسوكاریان لە گوندی بێستانسوور لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە، پەردەی لەسەر دۆزینەوەیەكی شوێنەواری هەڵدایەوە كە مشتومڕی بەدوای خۆیدا هێنا.
سەرەتای چیرۆكەكە لە ڕۆیشتنی پێنج مێرمنداڵی گوندی بێستانسوور بۆ قارچك دەست پێ دەكات، بەڵام لەبری قارچك، بەسەر كۆمەڵێك دراوی كۆندا دەكەون كە لەناو چاڵێكدا بووە و بەهۆی بارانبارینەوە دەركەوتووە، ئەوانیش كۆی دەكەنەوە و بەدەم گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، لە بەینی خۆیاندا بەشی دەكەن، بەبێ ئەوەی لە گرنگی و بەهای ئەم دۆزینەوەیە تێبگەن.
ئەوکات پەرەگراف بەشێوەیەكی مەیدانی بەدواداچوونی بۆ چیرۆكەكە كرد و كەسوكار و خەڵكی گوندی بێستانسوور دوواند، هەرچەندە ئەو ڕێكارە ئەمنییەی بۆ بەدواداچوونی بابەتەكە گیراوەتە بەر، هەموانی ترساندووە و خۆیان دەپارێزن لەوەی قسەی وردی لەبارەوە بكەن.
برای یەكێك لەو مێرمنداڵانە بە پەرەگرافى وت "براكەم لەگەڵ چوار هاوڕێی كە تەمەنیان لە دەوروبەری 10 ساڵدایە،، بەمەبەستی كۆكردنەوەی قارچك چوونەتە پێدەشتەكانی دەوروبەری گوندەكە، بەڵام لەوێ ئەو سكە زیوییانەیان دۆزیوەتەوە".
وەكوو ئەو وتی، سەرەتا مێرمنداڵەكان نەیانزانیوە ئەوەی دۆزیویانەتەوە چییە و "یاریی شێروخەتیان پێ كردووە"، بەڵام كە دواتر بردوویانەتە ماڵەوە، زانراوە كە ئەو دراوانە كۆنن و پارچەی شوێنەوراین.
دوای چەند ڕۆژێكیش دەزگا ئەمنییەكان لە بابەتەكە ئاگادار كراون، بۆیە نیوەشەوێك ئاسایشی ناحیەی عەربەت باوكی ئەو پێنج مێرمنداڵە بانگ دەكات و ماوەی هەفتەیەك بۆ لێكۆڵینەوە دەستبەسەریان دەكات، هەروەها چەند جارێك لێكۆڵینەوە لەگەڵ مێرمنداڵەكانیش دەكرێت و چەند ڕۆژێكیش ئەنجوومەنی گوندەكە دەستبەسەر دەكرێت، دواتر هەموویان بە كەفالەت ئازاد دەكرێن.
هەرچەندە سەرەتا هەواڵەكە وا بڵاو كرایەوە كە "600 دراوی ئاڵتوونی دۆزراوەتەوە و بەهایەكی زۆری ماددی و مێژوویی هەیە"، بەڵام كەسوكاری مێرمنداڵەكان و خەڵكی گوندەكە ئەوەیان ڕەت کردەوەو وتیان "دراوەكان زیوی بوون و زۆر لەو ژمارەیەش كەمتر بووە".
بەپێی یاسا، گەڕان بۆ شوێنەوار و مامەڵەكردن پێیەوە قەدەغەیە، لە كاتی دۆزینەوەی پارچەیەكی شوێنەواریشدا پێوستە لایەنی پەیوەندیدار و دەزگا ئەمنییەكان ئاگادار بكرێنەوە.
گوندی بێستانسوور ناوچەیەكی شوێنەواریی زۆر گرنگە لەسەر ئاستی جیهان، دۆزینەوە شوێنەوارییەكان لە چەند ساڵی ڕابردوودا، ئەو گوندەی كردە یەكێك لە دێرینترین ناوچە كە مرۆڤ تێیدا نیشتەجێ بووە. توێژینەوە و كنە و پشكنینە هاوبەشەكان بە هاوكاریی توێژەرانی ئەڵمانی، نیشانی دەدەن كە 11 هەزار ساڵ لەمەوبەر مرۆڤ لەم گوندەدا نیشتەجێ بووە و مێژووەكەی لە گوندی چەرموو كۆنترە.