پەرەگراف - بانكی ناوەندیی عێراق لەبارەی چاپی كۆن و نوێی دۆلارەوە ڕوونكردنەوە دەدات و ڕایدەگەیەنێت "یاسا و ڕێنمایی و دەقە كارپێكراوەكان، هیچ جیاكارییەك لەنێوان چاپە جیاوازەكانی دراوی دۆلاری ئەمریكیدا ناكەن". جەختیش دەكاتەوە كە بانكەكە "بەردەوامە لە وەرگرتنی ئەم چاپانە و مامەڵەكردن پێیانەوە لە ڕێگەی هەموو بانكە ڕێپێدراوەكان".
بانكی ناوەندیی عێراق ڕێنمایی ئاراستەی بانكە ڕێپێدراوەكان و دامەزراوە داراییە نابانكییەكان كردووە و دووپاتی كردووەتەوە كە "گرنگە دیاردەی جیاكاری لە نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلاری ئەمریكی لەنێوان چاپە كۆنەكان و چاپە نوێیەكاندا كەم بكرێتەوە".
ئەم ڕوونكردنەوەیەی بانكی ناوەندی لە كاتێكدایە هێشتا دیاردەی جیاوازیی نرخی دۆلاری چاپی كۆن و نوێ لە بازاڕەكانی ئاڵوگۆڕی دراو و هەموو مامەڵەكانی دیكەدا لە عێراق و هەرێمی كوردستان بەردەوامە. ئێستا لە سلێمانی جیاوازیی نێوان 100 دۆلاریی چاپی كۆن (سپی) و دۆلاری نوێ (شین) دوو هەزار دینارە، پێشتر جیاوازییەكە تا پێنج هەزار دینار ڕۆیشت.
بانكی ناوەندی ڕایدەگەیەنێت "پێویستە هەموو بانك و دامەزراوە داراییەكان پابەند بن بە ڕێنماییەكانی ئاڵوگۆڕكردنی دراوە كاغەزییەكان و گۆڕینەوەیان، بەپێی ئەو پێوەرە پەسەندكراوانەی كە تایبەتن بە دراوە كاغەزییە بیانییەكان، بەتایبەتی دۆلاری ئەمریكی، بە شێوەیەك كە یارمەتیدەر بێت لە دەستەبەركردنی سەلامەتیی مامەڵە نەختییەكان و سەقامگیریی بازاڕ".
بۆ كۆنترۆڵكردنی جیاوازیی نێوان دۆلاری چاپی كۆن و چاپی نوێ، بازاڕەكانی ئاڵوگۆڕی دراو و بازرگانان لەسەر ڕێسایەك ڕێككەوتوون، ئەویش بوونی ڕێژی 20%ـی دۆلاری چاپی كۆنە لە هەر 10 هەزار دۆلارێكدا بۆ مامەڵەكردن (واتە لە دەفتەرێكدا 20 گەڵا)، ئەمە هاوسەنگیی گەڕاندووەتەوە، بەڵام هێشتا جیاوازیی نرخی ئەو دوو چاپەی دۆلار هەر ماوە.