پەرەگراف - کەتیبەکانى حیزبوڵڵاى عێراق تۆمەتى دەستبەرکردنى "ڕێڕەوى زەمینى"ـى بۆ هێرشى ئەمریکا بۆ سەر ئێران، دەداتە پاڵ کورد لە ڕۆژئاوا و هەرێمى کوردستان. لە ڕاگەیەندراوێکى هۆشداریئامێزدا دەڵێت "پێویستە کورد ژیرانە مامەڵە بکات و خۆی لە سەرکێشیی سەربازی دژى ئێرانەوە نەگلێنێت".
ئەبوو عەلى عەسکەرى، سەرکردەى دیار و بەرپرسى ئەمنى لە کەتیبەکانى حیزبوڵڵاى عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت "ئامادەکارییەکانی ئەمریکا بۆ بە ئامانجگرتنی کۆماری ئیسلامی ڕوو لە هەڵکشانە، کە لە سوریاوە دەست پێ دەکات و بە هەرێمی کوردستانی عێراقدا تێدەپەڕێت، لە ڕێڕەوێکدا کە سروشتێکی وشکانی (زەمینی) وەرگرتووە".
ئەبوو عەلى عەسکەرى دەشڵێت "پێویستە کوردانی ناوچەکە ژیرانە مامەڵە بکەن و خۆیان نەگلێنن لە هیچ سەرکێشییەکی سەربازی کە ئێرانی ئیسلامی بکاتە ئامانج".
بەرپرسەکەى حیزبوڵڵاى عێراق پەیام ئاراستەى دەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی ئێران دەکات کە "لەئەوپەڕی ئامادەباشیدا بن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر جووڵەیەک کە ئێران و سنوورەکانی باکووری ڕۆژئاوای بکاتە ئامانج"، کە مەبەست لێى سنوورەکانیەتى لەگەڵ هەرێمى کوردستان.
ڕاگەیەندراوەکەى کەتیبەکانى حیزبوڵڵاى عێراق لە کاتێکدایە کە ئەمریکا هێزەکانى لە سووریا بە ئاراستەى هەرێمى کوردستان دەکشێنێتەوە. هاوکات ڕۆژى ٢٢ـى ئەم مانگە پێنج حیزبى ڕۆژهەڵاتى کوردستان کە بارەگاکانیان لەناو خاکى هەرێمى کوردستاندایە، دواى کۆبوونەوە سەرۆکەکانیان، هاوپەیمانێتییەکیان بۆ خەباتى هاوبەش ڕاگەیاند و "ڕووخاندنى کۆمارى ئیسلامیى ئێران"یان بە ئامانجى سەرەکیى خۆیان ناو برد.
هەمان ڕۆژ وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەو هەنگاوەى پێنج حیزبەکەى بە "هەڕەشە لە وڵاتێکى دراوسىَ" ناو برد و ڕایگەیاند "ڕێگە نادەین هیچ لایەنێک هەرێمى کوردستان لە دژى هیچ وڵاتێکى دراوسىَ بەکار بهێنێت".