سەرۆکى پەرلەمانى عێراق: دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار چیتر قبووڵکراو نییە

27-03-2026 11:29
هەیبەت حەلبووسى، سەرۆکى پەرلەمانى عێراق

پەرەگراف - هەیبەت حەلبووسى، سەرۆکى پەرلەمانى عێراق، ڕایدەگەیەنێت "دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار چیتر قبووڵکراو نییە. پەرلەمان بەرپرسیارێتیی دەستووریی خۆی هەڵدەگرێت و هەنگاو بەرەو تەواوکردنی ئەم شایستەیە دەنێت".

هەیبەت حەلبووسى لە نووسینێکدا لە هەژمارى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتیى ئێکس، دەشڵێت "کاتی پێویست بۆ گەیشتن بە سازان و هەڵبژاردنی کەسایەتییەکی گونجاو دراوە، بەڵام بەردەوامبوونی دواکەوتنەکە سنوورە قبووڵکراوەکانی تێپەڕاندووە". 

سەرۆکى پەرلەمانى عێراق ئاماژە بەوە دەکات کە هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار "کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر سەقامگیریی دەوڵەت و ڕێکوپێکیی کاری دامەزراوەکانی هەیە". دەشڵێت "ئێمە لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانیی ڕوونداین: کۆتاییهێنان بەم شایستەیە بەپێی دەستوور و هەڵبژاردنی کەسایەتییەک کە نوێنەرایەتیی هەمووان بکات و لە ئاستی متمانەی عێراقییەکاندا بێت".

ئەمڕۆ هەینى ٢٧-٠٣-٢٠٢٦، دیلان غەفوور، ئەندامى فراکسیۆنى یەکێتى لە پەرلەمانى عێراق، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "زیاتر لە ٢٢٠ ئەندامی پەرلەمان واژوویان لەسەر داواکارییەک کردووە بۆ ئەنجامدانی دانیشتنێک لە ٣٠ـى ئازار (ئەم مانگە)دا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار".

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، بۆ خستنەبەرنامەی کاری بڕگەى هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار، تەنیا ٥٠ واژوو پێویستە، بەڵام گرێدانی دانیشتنەکە پێویستی بە ڕێژەى یاسایی دوو لەسەر سێی ئەندامان (١٦٦ پەرلەمانتار) هەیە، هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریش پێویستی بە لانیکەم ٢٢٠ دەنگ هەیە؛ ئەو مەرجانەی کە چەندین جار هەوڵەکانی پێشوویان شکست پێ هێناوە.

بە بۆچوونى پەرلەمانتارەکەى یەکێتى، "بارودۆخی عێراق و شەڕ و گرژییەکانی ناوچەکە، هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارێکی نوێ دەخوازێت". ئاماژەی بەوەش کرد کە "ئەم هەنگاوە ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی سەرۆککۆمار کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران ڕابسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێى حکومەت".

بەپێی یاسا، سەرۆککۆمار کاندیدێک بۆ سەرۆکوەزیران لە گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان ڕادەسپێرێت. بەڵام لایەنە شیعەکان، کە باڵادەستن لە پەرلەماندا، لەسەر ئەوەی کێ پۆستەکە وەربگرێت، بە تەواوى دابەش بوون. ناکۆکییەکانیان دوای ئەوە زیاتر بوو کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کاندیدکردنی نووری مالیکی، کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگیی ڕەتکردەوە، بەهۆی نیگەرانییەکان لە پەیوەندییەکانی مالیکی لەگەڵ ئێران.

ئێستا، پڕۆسەی سیاسیی چەقبەستووی عێراق، لەبەردەم هەوڵێکی نوێی پەرلەمانتاراندایە کە دەیانەوێت بە دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، کۆتایی بە چەقبەستن بهێنن و دەرگا بە ڕووی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتدا بکەنەوە. ئەوە لەکاتێکدایە ناکۆکییە قووڵەکانی نێوان لایەنە کوردی و شیعەکان لەناو خۆیاندا بەردەوامە لەسەر کاندیدی پۆستەکانی سەرۆککۆمارو سەرۆکوەزیران.

بەرپرسانی عێراقی دەڵێن، واشنتۆن هۆشداریی داوە لە ئەگەری سەپاندنی سزا، بەهۆی هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانێک  لە دەرەوەى ڕەزامەنیى ئەو، هەروەها فشاری کردووە بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی فراوانتر، لەوانەش سنووردارکردنی هەژموونی گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی کۆنتڕۆڵی دەوڵەت. ئەم دەستوەردانە زیاتر ڕیزەکانی شیعەی لێکترازاندووە، بە جۆرێک هەندێک لە هاوپەیمانەکانی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران، خەریکی پێداچوونەوەن بە پشتگیریکردنیان لە مالیکی.

لە هەمان کاتدا، پۆستی سەرۆککۆمار ــ کە بەپێی ڕێککەوتنی دابەشکردنی دەسەڵاتی دوای ٢٠٠٣ بۆ کوردە ــ بووەتە مەیدانێکی دیکەی کێبڕکێ. لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری ئێستا، هەوڵی بەدەستهێنانی خولی دووەم دەدات، بەڵام یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (نزار ئامێدی) کاندید کردووە، لە کاتێکدا پارتی دیموکراتی کوردستان (فوئاد حسێن)ـی کاندید کردووە و تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێکیش لەنێوان ئەو دوو لایەنە باڵادەستەی هەرێمی کوردستاندا نییە.

مەترسییەکان بەهۆی تێپەڕبوونی وادە دەستوورییەکان زیاتر بوون. پەرلەمان دەبوو تا ١ی شوبات سەرۆککۆمار هەڵبژێرێت، بەڵام دانیشتنە یەک لە دوای یەکەکان بەهۆی نەبوونی نیسابی یاسایی و ڕێکنەکەوتن شکستیان هێنا.

ئێستا عێراق لە نێوان ڕکابەرییە ناوخۆییەکان و فشارە دەرەکییەکاندا گیری خواردووە. لە کاتێکدا سەرکردە سیاسییەکان بە ئاشکرا متمانەی خۆیان نیشان دەدەن، بەڵام بەرژەوەندییە دژبەیەکەکانی لایەنە ناوخۆییەکان و هێزە بیانییەکان ــ بەتایبەتی واشنتۆن و تاران ــ بەردەوامن لە داڕشتنی ئەنجامەکان.