بەڕێوەبەرى نووسینگەکەى: مالیکى بە زۆرینە هەڵبژێردراوە بە کاندیدى سەرۆکوەزیران و هەر بە زۆرینەش دەتوانرێت بکشێنرێتەوە

19-04-2026 02:11

پەرەگراف - بەرپرسى نووسینگەى ڕاگەیاندنى نوورى مالیکى، ڕەتى دەکاتەوە کە دواخستنى کۆبوونەوەى چوارچێوەى هەماهەنگى بەهۆى "سەختیى پەیوەندیکردن" بە مالیکییەوە هەبووبێت. جەختیش دەکاتەوە کە کشاندنەوەى نوورى مالیکى لە کاندیدیى سەرۆکوەزیران، بە هەمان میکانیزمى زۆرینە دەبێت کە پێى هەڵبژێردراوە.

هیشام ڕوکابى، بەرپرسى نووسینگەى ڕاگەیاندنى نوورى مالیکى، لە نووسینێکدا لە تۆڕى کۆمەڵایەتیى ئێکس دەڵێت "ئەوەی هەوڵ دەدات لە چوارچێوەی ماوە دەستوورییەکاندا حکومەت پێک بهێنێت، دەبێت خاوەنى بڕیار بێت و هەنگاوی بوێرانە بنێت، نەک بەردەوام بێت لە کاتکوشتن، یان بەرپرسیارێتی دواکەوتنەکە بخاتە ئەستۆى لایەنەکانی دیکە".

ڕوکابى جەخت دەکاتەوە "چوارچێوەی هەماهەنگی هێشتا ئەو کاندیدەی نەگۆڕیوە کە بە فەرمی بۆ سەرۆکایەتیی وەزیران ڕایگەیاندووە"، کە مەبەستى نوورى مالیکییە. دەشڵێت "ئەوەی دەوترێت سەبارەت بە دواخستنی کۆبوونەوەی ڕۆژی شەممە بە پاساوى (سەختیى پەیوەندیکردن بە سەرۆک مالیکییەوە)، بانگەشەیەکی ناڕاستە".

بەرپرسى نووسینگەى ڕاگەیاندنى مالیکى ڕایدەگەیەنێت "چۆن کاندیدکردنەکە بە زۆرینە بوو، بە هەمان میکانیزمیش دەکرێت بکشێنرێتەوە و بەرەو کاندیدێکی نوێ هەنگاو بنرێت بەبێ کات بەفیڕۆدان، چونکە ئەم قۆناغە بەرگەی دواکەوتنی زیاتر ناگرێت".

بڕیار بوو دوێنێ شەممە ١٨-٠٤-٢٠٢٦، سەرکردەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى بۆ گفتوگۆ لەبارەى یەکلاکردنەوەى کاندیدى سەرۆکوەزیران کۆببنەوە، بەڵام کۆبوونەوە بەڕێوە نەچوو.

نوورى مالیکى، سەرۆکى حیزبى دەعوەى عێراقى و سەرۆکى هاوپەیمانیى دەوڵەتى یاسا، ڕۆژى ٢٢-١١-٢٠٢٥ لە کاتێکدا لە هەولێر لەگەڵ مەسعود بارزانى لە کۆبوونەوەدا بوو، بە فەرمى کاندیدکردنى بۆ پۆستى سەرۆکوەزیرانى عێراق لەلایەن حیزبەکەیەوە ڕاگەیەندرا.

ڕۆژى ٢٤-٠١-٢٠٢٦، چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایگەیاند كە نووری مالیكیی وەك كاندیدی لایەنە شیعەكان بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانى عێراق دیاری كردووە، ئەمەش دوای كۆبوونەوەیەكی فراوانی سەركردایەتی لە نووسینگەی هادی عامری. كوتلەكە ڕایگەیاند كە بڕیارەكە بە زۆرینەی دەنگ پەسەند كراوە و ئاماژەی بە ئەزموونی سیاسی و كارگێڕیی مالیكی كرد و پابەندیی خۆی بە پرۆسە دەستوورییەكە دووپات كردووەتەوە.

تەنیا سێ ڕۆژ دواى کاندیدکردنى نوورى مالیکى لەلایەن سەرکردە شیعەکانەوە، شەوی ٢٧-٠١-٢٠٢٦، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، پەیامێكی توندی ئاراستەی عێراق كرد و هۆشداریی دا لە ئەگەری گەڕانەوەی نووری مالیكی، سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق و ڕایگەیاند كە هەنگاوێكی لەو شێوەیە "بڕیارێكی زۆر خراپ" دەبێت بۆ عێراق و لێكەوتەی مەترسیداری لەسەر پەیوەندییەكانی لەگەڵ واشنتن دەبێت.

ترەمپ لە پەیامەكەیدا كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تروس سۆشیاڵ بڵاوی كردەوە، ئاماژەی بەوە كردووە كە بیستوویەتی "عێراق لەوانەیە بڕیارێكی زۆر خراپ بدات بە دووبارە دەستبەكاربوونی نووری مالیكی وەك سەرۆكوەزیران". وتیشى "لە ماوەی خولی پێشووی مالیكیدا، وڵات بەرەو هەژاری و پشێوییەكی تەواو ڕۆیشت". جەختیشى کردەوە كە "نابێت ڕێگە بە دووباربوونەوەى ئەم سیناریۆیە دووبارە بدرێت".

لە ماوەى ٢٤ کاتژمێردا، نووری مالیكی و حیزبەكەی بە دوو ڕاگەیەندراو وەڵامی ترەمپیان دایەوە و هۆشدارییەكەیان بۆ كشاندنەوەی مالیكی لە كاندیدیی سەرۆكوەزیران ڕەت كردەوە. حیزبی دەعوە هۆشداریى دا كە چوونە ژێر باری داواكارییەكەی ترەمپ "پرۆسەی سیاسی بەرەو ئاڵۆزی دەبات". مالیکییش وتى "بە توندی دەستوەردانی ئاشكرای ئەمریكا لە كاروباری ناوخۆی عێراق ڕەت دەكەینەوە، بە پێشێلكردنی سەروەرییەكەی و دەستدرێژی بۆ سەر بڕیاری چوارچێوەی هەماهەنگی لە هەڵبژاردنی كاندیدەكەی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران، دایدەنێین".

دواتریش لە ٣١-٠١-٢٠٢٦، چوارچێوەی هەماهەنگی گوێى بە هۆشدارى و پەیامە توندەکەى ترەمپ نەدا و سووربوونی خۆی لەسەر كاندیدكردنی نووری مالیكی بۆ پۆستی سەركوەزیرانی عێراق ڕاگەیاند. چوارچێوەکە وتى "هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، پرسێكی دەستووریی تەواو عێراقییە، بەپێی میكانیزمەكانی پرۆسەی سیاسی بەڕێوە دەچێت و بەرژەوەندیی نیشتمانیی تێدا ڕەچاو دەكرێت، بەدوور لە سەپاندنی دەرەكی".

عەمار حەکیم، سەرۆکى ڕەتى حیکمەى نیشتمانى، بەشداریى ئەو کۆبوونەوەیەى چوارچێوەى هەماهەنگیى نەکرد، بەێشێک لە سەرکردەکانى دیکەى شیعەش دژى ئەوە بوون کە بە سووربوون لەسەر کاندیدکردنى نوورى مالیکى، عێراق بخەنە بەردەم مەترسیى سزادان لەلایەن ئەمریکاوە، ئەمەش ماڵى شیعەى دووکەرت کرد و تا ئێستا نەیانتوانیوە لەسەر کاندیدێکى نوێ بۆ سەرۆکوەزیران ڕێکبکەون.