پەرەگراف - وتەبێژى حکومەتى هەرێم ڕەتى دەکاتەوە هیچ چەکێک لەلایەن ئەمریکاوە ڕەوانەى هەرێمى کوردستان کرابێت بۆ گەیاندنى بە خۆپیشاندەران یان پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانى ئێران. هاوکات نوێنەرى پێشووترى سەرۆکى ئەمریکا بۆ شەڕى داعش، بوونى پلانێکى لەوشێوە پشتڕاست دەکاتەوە، بەڵام پێى وایە "جیدى نەبووە". جەیمس جێفرى دەشڵێت "بەرپرسانى هەرێم و ئەردۆغان دژى بوون".
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا، چەند جارێک بانگەشەى ئەوەى کردووە کە لە ڕێگەى کوردەکانەوە "چەکى زۆر" ـى بۆ خۆپیشاندەرانى ئێرانى ناردووە، بەڵام ئەو کەسانەى کە بڕیار بووە بیگەیەنن، چەکەکانیان بۆ خۆیان هەڵگرتووە. دواتر لە میدیاى ئەمریکادا وا بڵاو کرایەوە ئەو چەکانە بۆ هێزە ئۆپۆزسیۆنە کوردەکانى ئێران نێردراوە کە لە هەرێمى کوردستان نیشتەجێن، تا بۆ شەڕى زەمینیى ڕووخاندنى ڕژێم لە چوونە ناو ئێران بەکارى بهێنن.
جەیمس جێفرى، سیاسەتمەدارى دیارى ئەمریکا، کە پێشتر باڵیۆزى وڵاتەکەى لە عێراق و تورکیا بووە، دوو ساڵیش لە سەردەمى پێشووى سەرۆکایەتیى ترەمپدا نوێنەرى سەرۆک بۆ شەڕى داعش بووە، لە ڕاپۆرتێکى (بەشى فارسیى کەناڵى بى بى سى) دا بوونى پلانێکى لەو شێوەیە پشتڕاست دەکاتەوە و دەڵێت "لەبارەی ئەم بژاردەیەوە گفتوگۆ کراوە. بڕیار بووە ئۆپەراسیۆنێک لەلایەن ئەمریکا و وڵاتێکی سێیەمەوە لەپلاندا بێت، ئەویش ناردنی چەک بۆ کوردەکانی ئێران بووە". بەڵام پێى وایە "پلانەکە جیددی نەبووە".
هەر لەو ڕاپۆرتەى بى بى سیدا، پێشەوا هەورامانى، وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ڕەتى دەکاتەوە کە حکومەتى هەرێم "هیچ ڕۆڵێک" ـى لەو بابەتەدا هەبووبێت و دەڵێت "بە تەواوى ناردنى چەک ڕەت دەکەینەوە".
وتەبێژى حکومەتى هەرێم بابەتەکە بە مەتەڵێک ناو دەبات کە وەڵامەکەى تەنیا لاى ئەمریکایە و دەڵێت "تەنیا ئەمریکا دەتوانێت ڕاستییەکە ڕوون بکاتەوە. ئەگەر چەک نێردراوە، باشترە ڕایبگەیەنێت کە بە چ کەسێکى داوە؟ کەى و چۆن و بۆچى بووە؟ ".
ئەم بابەتە لە ماوەى ڕابردوودا قسەى جیاوازى بەدواى خۆیدا هێنا. سەرکردەکانى دوو حیزبى حوکمڕانى هەرێم (پارتى و یەکێتى) هەریەکەیان بە جیا ڕەتیان کردەوە چەکیان وەرگرتبێت، بەڵام حکومەتى هەرێم هیچ ڕاگەیەندراوێکى فەرمیى لەبارەى ئەم بابەتەوە دەرنەکرد، ڕەنگە ئەمە بەوهۆیەوە بووبێت کە سەرۆکى ئەمریکا، حکومەتى هەرێمى لەو بابەتەدا تۆمەتبار نەکردووە تا کاردانەوە نیشان بدەن.
جەیمس جێفرى باس لەوە دەکات لە ماوەى ڕابردوودا لەگەڵ "بەرپرسانى هەرێمى کوردستان لە هەولێر" لە پەیوەندیدا بووە. ئەو دەڵێت "هەم ئەوان و هەم سەرۆک ئەردۆغان، دژى ناردنى چەک بۆ کوردەکان بوون".
چەند سەرچاوەیەک لەناو حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، بۆ بى بى سى پشتڕاستیان کردووەتەوە کە بڕیار بووە ئەمریکا "چەک و پێداویستیى سەربازى" یان بۆ دابین بکات و "لە ماوەی ٧٢ کاتژمێر سەرەتاى شەڕدا" بچنە ناو ئێرانەوە. وتووشیانە "هاوکارییەکی ماددیی سنووردار" کراون.
بەر لە هێرشى ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، جووڵەى حیزبەکانى ڕۆژهەڵات دەستى پێ کردبوو. هەفتەیەک بەر لە هێرشەکە، پێنج حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاوپەیمانێتییەکیان بۆ خەباتی هاوبەش ڕاگەیاند، کە بە "پێویستییەکی دۆخی سیاسیی ئێستای ئێران" یان ناو برد و "ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران و داڕشتنەوەی ئێرانی داهاتوو" شیان بە ئامانجی سەرەکیی خۆیان ناو برد.
نە سەرۆک و نە بەرپرسانى دیکەى ئەمریکا هیچ وردەکارییەکیان لەبارەى پلانى ناردنى چەک بۆ ئۆپۆزسیۆن و خۆپیشاندەرانى ئێران نەخستووەتە ڕوو. ئەوەى ڕوونە، ئەوەیە کە پلانێکى لەوشێوەیە وەکوو بەشێک لە پرۆسەى ڕووخاندنى ڕژێمى ئێران لەئاردا بووە، بەڵام هیچ بەڵگەیەک نییە کە چەک ڕەوانەى ناوچەکە کرابێت.
"دوو ساڵ لەگەڵ سەرۆک ترەمپ کارم کردووە. کاتێک قسە بۆ میدیا دەکات، بەشێک لە ڕاستییەکان دەڵێت"، جەیمس جێفرى وا دەڵێت.
جێفرى پێیشى وایە "ئەستەم بوو" بە پڕچەککردنى هەندێک لە گرووپە کوردییەکان، ئەمریکا بتوانێت ناڕەزایەتى و ڕاپەڕینێکى فراوان لە ئێراندا دروست بکات. بەتایبەت کە وەکو ئەو دەڵێت "دواى سڕینەوەى پژاک لە پلانەکەدا، چونکە پژاک بەشێکە لە پەکەکە و لە هەموو گرووپەکانى دیکەى کورد بەهێزترە".
بى بى سى دەڵێت "بەهۆى هەستیاریى تورکیا کە پارتى ژیانى ئازادى کوردستان (پژاک) بە بەشێک لە پەکەکە دەزانێت، ئەمریکا پژاکى نەخستووەتە ناو پلانەکەوە". هەروەها میدیاى ئەمریکا و ئیسرائیل لە سەرچاوەکانى کۆشکى سپییەوە بڵاویان کردەوە، دواى پەیوەندییەکى تەلەفۆنیى دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا، ئەمریکا پلانى ناردنى چەک بۆ کوردەکان و بەشدارییان لە جەنگى سەر ئێرانى کشاندووەتەوە. دواتریش ترەمپ خۆى بە ئاشکرا کشاندنەوەى پلانەکەى ڕاگەیاند.
لە ڕۆژانى سەرەتاى هێرشەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، لەگەڵ کوشتنى ڕابەر و سەرکردەکانى دیکەى ئەو وڵاتە، بۆردوومانکردنى بارەگا و پێگە سەربازى و ئەمنییەکانى ئێران لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان و ناوچە سنوورییەکان لەگەڵ هەرێمى کوردستان، نیشانەکانى بەرنامەڕێژى بۆ پلانى هێرشێکى زەمینییان دەرخست، بەڵام وا دیارە پلانەکە بەر لە جێبەجێکردنى کۆتایى پىَ هێنراوە، یان شکستى هێناوە.