پۆلیس دەچێتە بینای پارێزگای كەركوك بۆ دەستگیركردنی ڕاكان جبوری

16-06-2019 04:25
ڕاكان جبوری پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت.


پەرەگراف

هێزەكانی پۆلیس چوونەتە بینای پارێزگای كەركوك بە مەبەستی دەستگیركردنی ڕاكان جبوری پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت كە دوو فەرمانی دەستگیركردنی هەیە، بەڵام ناوبراو لەوێ نەبووەو خۆی لە دەزگا ئەمنییەكان شاردووەتەوە.

سەرچاوەیەكی بەرپرس كە ئاگاداری وردەكاریی دۆسیەكانی ڕاكان جبوری یە، بۆ پەرەگراف وتی "سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پۆلیس چووەتە بینای پارێزگای كەركوك بە مەبەستی دەستگیركردنی ڕاكان جبوری، بەڵام ناوبراو لەوێ نەبووەو دیارنییە لە كوێیە".

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستە ڕوو، ڕاكان جبوری هەوڵی گواستنەوەی دۆسیەكانی دەدات بۆ بەغداد، وتی "پێشتریش ئەو هەوڵەی داوە كاتێك دادوەر داوای كردبوو بۆ ئامادەبوون لە دادگا، لەو كاتەدا نەیتوانی دۆسیەكەی بگوازێتەوە، ئێستا كە فەرمانی گرتنی هەیە دیارنییە دەتوانێت دۆسیەكەی بگوازێتەوە یاخود نا".

شەوی ڕابردوو پەرەگراف وەك یەكەم كەناڵی ڕاگەیاندن هەواڵی ئەوەی بڵاوكردەوە كە دوو فەرمانی دەستگیركردن بۆ ڕاكان جبوری پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت دەرچووە، ئەوەش لەسەر دوو سكاڵا كە یەكێكیان پەرلەمانتارێكی یەكێتی لەسەری تۆمار كردووە بە تۆمەتی گەندەڵیی دارایی.

سەرچاوەیەك كە بە وردیی ئاگاداری دۆسیەكەیە بۆ پەرەگراف وتی "ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو لە دادگای نەزاهەی كەركوكەوە فەرمانی دەستگیركردن بۆ ڕاكان جبوری دەرچووە لەسەر سكاڵایەك كە دیلان غەفور پەرلەمانتاری یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق لەسەری تۆماری كردووە".

ئەو سەرچاوەیە وتیشی "پێشتر دادوەر بانگهێشتنامەی بۆ ڕاكان جبوری ناردووە تا لە دادگا ئامادەبێت، بەڵام بەدەم بانگهێشتەكەوە نەچووە بۆیە فەرمانی گرتنی بۆ دەركراوەو ئەو تۆمەتەشی ئاڕاستەی كراوە بریتییە لە گەندەڵیی دارایی كە بە زیاتر لە 900 ملیۆن دینار دادەنرێت".

لەبارەی شێوازی گەندەڵییەكەوە سەرچاوەكە وتی "ئەو پارەیە دەبوو بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیان لێكەوتووەكان خەرج بكرێت، بەڵام ڕاكان جبوری لە میوانخانەكەی خۆی‌و بۆ پێشوازیی خەرجی كردووە، بەڵگەی پێویستیش لەوبارەیەوە دراوەتە دادگا".

پەرەگراف بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر پەیوەندیی كرد بە دیلان غەفور پەرلەمانتاری كەركوك لە فراكسیۆنی یەكێتی كە سكاڵاكەی تۆمار كردووە، بەڵام ناوبراو ئامادە نەبوو "لە ئێستادا" قسە لەسەر ئەو دۆسیەیە بكات.

بەدەر لە سكاڵای ئەو پەرلەمانتارە، ڕاكان جبوری سكاڵایەكی دیكەشی لەسەر تۆمار كراوەو لەسەر ئەو سكاڵایەش بەهەمان شێوە لە هەفتەی ڕابردوودا فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووە.

پەرەگراف زانیویەتی، سكاڵای دووەم بە تۆمەتی "دابەشكردنی زەویی حكومەت بەسەر چەند سەرۆك عەشیرەتێكدا بە نایاسایی"، لەسەر ڕاكان جبوری تۆمار كراوە.

لەدوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كە دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندیی گەڕایەوەو تەواوی ناوچە دابڕاوەكان كە دەكاتە نیوەی خاكی كوردستان لە دەستدران، نەجمەدین كەریم كە هێشتا خۆی وەك پارێزگاری شەرعیی كەركوك لە قەڵەم دەدات، شارەكەی جێهێشتووەو ڕاكان جبوری جێگری پارێزگار(كەسێكی عەرەبە) بە وەكالەت پۆستەكە بەڕێوەدەبات، كورد نیگەران‌و ناڕازییە لە مامەڵەی ڕاكان جبوری، بەڵام لەناو خۆیدا بەتایبەت پارتی‌و یەكێتی یەكگرتوو نین بۆ دانانی پارێزگارێكی نوێ.