وەزارەتی نەوتی عێراق: دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی بۆریی نەوتی (بەسرە-حەدیسە-کەرکووک-جەیهان) کرا

02-08-2026 08:22

پەرەگراف -

قەیرانى گەرووى هورمز هەنگاوەکانى عێراقى بۆ ڕێککەوتنى زیادکردنى هەناردەى نەوت لە ڕێگەى تورکیاوە خێراتر کرد و کارکردن لەسەر بیرۆکەى هەناردەش لە ڕێگەى سووریا و ئوردنەوە چووەتە قۆناغێکى جیدییەوە.

پرۆژەى بۆریى نەوتى (بەسرە-حەدیسە-کەرکووک-جەیهان) کە ئامانجى سەرەکیى زیادکردنى هەناردەى نەوتە لە ڕێگەى بەندەرى جەیهانى تورکییەوە، کارکردن تێیدا دەستى پێ کردووە. پرۆژەکە هەر بەوەوە ناوەستێت، بەڵکو لقی دیکەشی لێ دەبێتەوە، کە یەکێکیان لە حەدیسەوە بۆ بەندەری بانیاس لە سووریا و ئەوی دیکەشیان بۆ بەندەری عەقەبە لە ئوردن دەچێت.

وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، هەنگاوەکانی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی دروستکردنی بۆریی نەوتی (بەسرە-حەدیسە-کەرکووک-جەیهان) دەست پێ کردووە. ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ واژووکردنی ڕێککەوتنێکی نوێی یەکساڵە لەگەڵ تورکیا، کە زەمینە خۆش دەکات بۆ زیادکردنی هەناردەی نەوتی خاو لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە ٠٣-٠٨-٢٠٢٦، سەلیم ڕوکابی، وتەبێژی وەزارەتی نەوتى عێراق ڕایگەیاند، ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ تورکیا واژوو کراوە، لە قۆناغی سەرەتاییدا توانای هەناردەکردنی ٧٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی لە ڕۆژێکدا (bpd) لە ڕێگەی بۆریی عێراق-تورکیاوە هەیە، ئەگەری زیادکردنی ئەو بڕەشی تێدایە ئەگەر بارودۆخەکە باشتر بێت.

ڕوکابى ئاماژەی بەوەش کرد، زیادکردنی بڕی هەناردەکردن بەندە بە باشبوونی باری ئەمنیی هەرێمی کوردستان، گەڕانەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ دۆخی ئاسایی و تەواوبوونی ئەو کارە تەکنیکى و لۆجستییانەی کە بۆ گواستنەوەی نەوتی خاو لە باشووری عێراقەوە بۆ باکوور پێویستن.

وتەبێژى وەزارەتى نەوت دەشڵێت، وەزارەت لە هەمان کاتدا کار بۆ دەستپێکردنی ڕێکارەکانی پڕۆژەی بۆریی (بەسرە-حەدیسە-کەرکووک-جەیهان) دەکات، کە ئەمەش بەشێکە لە ستراتیژێکی فراوانتر بۆ هەمەجۆرکردنی ڕێڕەوەکانی هەناردەکردنی نەوتی عێراق.

پڕۆژە پێشنیازکراوەکە لقی دیکەشی لێ دەبێتەوە، کە یەکێکیان لە حەدیسەوە بۆ بەندەری بانیاس لە سووریا و ئەوی دیکەشیان بۆ بەندەری عەقەبە لە ئوردن دەچێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، بەرزبوونەوە و دابەزینەکانى بازاڕی جیهانیی نەوت، بەردەوام کاریگەرییان لەسەر داهاتی عێراق هەیە، بەڵام بە قسەى ئەو، گەورەترین کاریگەریی نەرێنی بەهۆی کەمبوونەوەی بڕی هەناردەوە بووە کە جەنگی ناوچەکە هۆکاری سەرەکییەتى.

هەروەها ڕوکابی تیشکی خستە سەر پەرەسەندنی هەماهەنگییەکانی بواری وزە لەنێوان عێراق، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و سووریا، ئاماژەی بەو ڕێککەوتنە کرد کە لەم دواییانەدا لە واشنتن سەبارەت بە پڕۆژەی بۆریی (حەدیسە-بانیاس) واژوو کرا.

ئەم لێدوانانە دوای ڕۆژێک دێت لە واژووکردنی ڕێککەوتنێکی کاتیی یەکساڵە لەنێوان تورکیا و عێراق بۆ هەناردەکردنى نەوت لە ڕێگەى بۆریی نەوتی خاوی عێراق-تورکیا. ئاڵپئەرسەلان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا ڕایگەیاند، ئەم ڕێککەوتنە بەردەوامیی هەناردەکردن لە ڕێگەی جەیهانەوە مسۆگەر دەکات، تا ئەو کاتەی هەردوو وڵات دەگەنە ڕێککەوتنێکی گشتگیر و درێژخایەن.

* عێراق و تورکیا ڕێککەوتنى یەکساڵیى هەناردەکردنى نەوتیان واژوو کرد‏