دەستەی ناوچە کوردستانییەکان بۆ پارێزگارى کەرکووک: لێدوانە نادەستوورییەکەت لەسەر ماددەى ١٤٠ ڕەت دەکەینەوە
پەرەگراف - دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لە وەڵامى پارێزگارى کەرکووکدا کە دژى ماددەى ١٤٠ قسەى کردبوو، دەڵێت "هەر جۆرە لێدوانێکی نادەستووری لەلایەن پارێزگاری کەرکووکەوە ڕەت دەکەینەوە".
دەستەکە کە سەر بە حکومەتى هەرێمى کوردستانە و کار لەسەر دۆسیەى ناوچە دابڕێندراوەکان دەکات، لە ڕاگەیەندراوێکدا داوا لە پارێزگارى کەرکووک دەکات کە "لەم قۆناغە هەستیارەدا گیانی پێکەوەژیانی ڕاستەقینە زاڵبک ات و خۆی بەدوور بگرێت لە بەکارهێنانی دەستەواژەیەک کە پێچەوانەی دەستوور و ئیرادەی ڕاستەقینەی گەلانی عێراق بێت".
"لێدوان و دیداری نادەستووری ڕووبەری بێمتمانەیی فراوان دەکات و تەرکیزیش لەسەر پرسە خزمەتگوزارییەکان لادەدات کە ئەمڕۆ کەرکووک لە هەموو کات زیاتر پێویستی پێیەتی"، دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم
محەمەد سەمعان ئاغا، پارێزگاری کەرکووک لە پێکهاتەى تورکمان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (عێراقیە)، مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی ماددەی ١٤٠ بە "گەورەترین هەڵەی ستراتیژیی دوای ساڵی ٢٠٠٣" ناو دەبات و دەڵێت "کەرکووک بە سەپاندن بەڕێوە ناچێت، بەڵکو بە هاوسەنگی و پاراستنی سەرجەم پێکهاتەکان بەڕێوە دەبرێت".
دەقى ڕاگەیەندراوى دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم
بنچینەی سەرەکی سیستەمی حوکمڕانی لە عێراقی نوێدا دەستوری وڵاتە کە بووەتە پەیمانێکی ڕاستەقینە و گەلانی عێراق بە تەواوی جیاوازییەکانیانەوە، وەک شانازیەکی گەورەی تێکۆشانیان دژی دیکتاتۆریی ئاماژەی بۆ دەکەن، پابەندبوون بەم دەستوورە تەنیا پابەندییەکی یاسایی و دەستگرتن نیە بەو دەسکەوتانەی کە بەدیهاتوون، بەڵکو ڕێزگرتنە لە ئیرادەی گەلانی عێراق.
خەڵکی کوردستانیش وەک پێکهاتەیەکی گرنگی ئەم وڵاتە بە بایەخێکی زۆرەوە وێڕای تێبینییەکانی دەستی بەم بنەما بنچینەیەوە گرتووە، وەک بەری خەباتێکی دوور و درێژ وێنای دەکات، ماددەی ١٤٠ی دەستووریش وەک دیارترین نەخشەڕێگە، ڕۆڵی خۆی بینیوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکی دێرینی نیشتمانەکەی، ئەویش پرسی ناسنامەی ڕووبەرێکی بەرفراوانی خاکەکەیەتی لە عێراقدا، پێمانوایە دەستوور ڕێگەیەکی هاوسەنگی بۆ داڕشتووین بە ئاراستەی چارەسەرکردنی ئەم پرسە لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا.
بۆیە هەر جۆرە لێدوانێکی نادەستووری لەلایەن بەڕێز پارێزگاری کەرکوکەوە کە پێچەوانەی دەستوربێت، جگە لەوەی ڕەتی دەکەینەوە و بە پێویستیشی دەزانین لەم قۆناخە هەستیارەدا جەنابی پارێزگار گیانی پێکەوەژیانی ڕاستەقینە لە شارەکە زاڵبکات و خۆی بە دوور بگرێت لە بەکارهێنانی دەستەواژەیەک کە پێچەوانەی دەستوور و ئیرادەی ڕاستەقینەی گەلانی عێراق بێت، لێدوان و دیداری نادەستووری ڕووبەری بێ متمانەیی فراوان دەکات و تەرکیزیش لەسەر پرسە خزمەتگوزارییەکان لادەدات کە ئەمڕۆ کەرکووک لە هەموو کات زیاتر پێویستی پێیەتی.
دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم