دانەغاز و کرێسنت پێترۆلیۆم: حكومەتی هەرێم ئاگاداری فرۆشتنی غاز بە عێراق بووە و پرۆسەكە پێوستی بە ڕەزامەندیی ئەو نەبووە

07-08-2026 05:03

پەرەگراف - هەردوو کۆمپانیاى دانەغاز و کرێسنت پێترۆلیۆم ڕایدەگەیەنن، حکومەتى هەرێمى ‏کوردستان لە سەرەتاى ئەمساڵەوە ئاگادارى ڕێککەوتننامەی فرۆشتنی غاز بە وەزارەتی ‏کارەبای عێراق بووە. ‏

دوو کۆمپانیاکە کە لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە بە "بڕیارى تاکلایەنە بەبێ ڕەزامەندیى ‏حکومەتى هەرێم و لە دەرەوەى چوارچێوەى گرێبەست" تۆمەتبار کراون، جەخت ‏دەکەنەوە کە ڕێککەوتنەکە بەپێی مافە یاساییەکانیان بۆ بەبازاڕکردنی غاز بووە و ‏‏ "پێویستی بە هیچ ڕەزامەندییەکى دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەبووە". ‏

لە ڕاگەیەندراوى کۆمپانیاکاندا هاتووە "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی کانوونی ‏دووەمی ئەمساڵەوە ئاگاداری ڕێککەوتننامەی فرۆشتنی غاز بە وەزارەتی کارەبای فیدراڵ ‏بووە و کۆپییەکی ڕێککەوتنەکەشی پێ دراوە". ‏

دانەغاز و کرێسنت پێترۆلیۆم هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە کە باس لە پێشێلکردنی ‏پابەندییە گرێبەستییەکانیان دەکەن و ڕایدەگەیەنن، گرێبەستەکە بەپێى مافى ‏بەبازاڕکردنى کۆمپانیان بووە کە پێشتر بەپێى ڕێکارە یاساییە نێودەوڵەتییەکان پەسەند ‏کراوە و "پێویستى بە هیچ ڕەزامەندییەکى دیکەى حکومەتى هەرێمى کوردستان نەبووە". ‏

وەکوو کۆمپانیاکان ڕوونیان کردووەتەوە، ڕۆژانە ١٠٠ ملیۆن پێ سێجا غاز ڕەوانەى ‏کەرکووک دەکەن بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا، کە ئەو بڕە لە توانای زیادەی کێڵگەی کۆرمۆرە و ‏جیاوازە لەو ٦٥٥ ملیۆن پێ سێجا غازەی کە ڕۆژانە بۆ وێستگەکانی کارەبای هەرێمی ‏کوردستان دابین دەکرێت. ‏

هەروەها ئاماژە بەوە دەکەن، حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەی سێ ساڵە پارەی ‏کۆمپانیاکانی نەداوە و "پێشێلی پابەندییەکانی کردووە"، بەڵام ئەوان بەردەوام بوون لە ‏دابینکردنی غاز بۆ هەرێمی کوردستان بەبێ پچڕان. لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە ‏کە لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە بە بڕى زیاتر لە چوار ملیار دۆلار وەبەرهێنانیان لە هەرێمی ‏کوردستان کردووە و پابەندیشن بە بەردەوامبوون لە کارەکانیان "بۆ خزمەتی خەڵکی ‏هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراق".

دوێنێ 06-08-2026، حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، هەردوو کۆمپانیای کرێسنت پترۆلیۆم و دانەغاز، بەبێ ڕەزامەندیى حکومەتى هەرێم، دەستیان کردووە بە دابینکردنی غازی سروشتی لە کۆرمۆرەوە بۆ وەزارەتی کارەبای عێراق بەمەبەستی بەرهەمهێنانی کارەبا. بەپێی ڕاگەیەنداوی حکومەتى هەرێم، پرۆسەكە لە 4ـی ئەم مانگەوە دەستی پێ كردووە و هەر لەو ڕۆژەیشەوە حكومەتی هەرێم لە پرۆسەكە ئاگادار كراوەتەوە، بەبێ ئەوەی ڕەزامەندیی وەربگیرێت.