هەرێم بۆ بەغداد: ئامادەین دانوستان لەسەر ڕادەستکردنى ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتەکە و دابینکردنى سووتەمەنیى پێویست بکەین

13-08-2026 12:12

پەرەگراف - وەزیرى سامانە سروشتییەکان دەڵێت "ئەگەر وەزارەتی نەوتی فیدراڵی ئامادەیە گفتوگۆ لەسەر دابینکردنی هەموو جۆرە سووتەمەنییەکان بە نرخی پاڵپشتیکراو بەپێی ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم بکات، ئەوا بە ڕەچاوکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێم ئامادەین دانوستان بکەین".

کەمال محەمەد، وەزیرى سامانە سروشتییەکانى هەرێمى کوردستان بەوەکالەت، لە ڕوونکردنەوەیەکدا وەڵامى باسم محەمەد، وەزیری نەوتی عێراق دەداتەوە کە ڕایگەیاندبوو، ئامادەن لە بەرانبەر ڕادەستکردنى ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتەکە، بەنزینی پێویست بۆ هەرێم دابین بکەن.

وەزیرى سامانە سروشتییەکان ئاماژە بەوە دەکات کە "حکومەتی هەرێم هەمیشە داوای دادپەروەریی لە دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکاندا کردووە" و دەشڵێت "بە هەموو پێوەرەکان بەشی هەرێم لە نەوتی خاو بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ، زیاتر لە دووبەرانبەری ئەمەی ئێستایە".

کەمال محەمەد، دیاریکردنی ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتى خاو بۆ بەکارهێنانی ناوخۆی هەرێم، بە ئەنجامی ڕێککەوتنێکی کاتی ناو دەبات کە "بە خواست و ویستی" ئەوان نەبووە.

بەپێى ڕێککەوتنێک کە ساڵێک لەمەوبەر لەنێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵیى عێراق واژوو کراوە، هەرێم هەموو نەوتى بەرهەمهێنراوى خۆى ڕادەستى بەغداد دەکات لە بەرانبەر ناردنى مووچە، جگە لە ٥٠ هەزار بەرمیلى ڕۆژانە کە بۆ پێداویستیى ناوخۆى هەرێمە.

ئێستا حکومەتى هەرێم دەڵێت، ئەو بڕە نەوتە زۆر لە پشکى هەرێم کەمترە و پێویستە زیاد بکرێت. ڕۆژی ٢٧-٠٧-٢٠٢٦، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، ئەو ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتەی بۆ پێداویستیی ناوخۆی هەرێم دابین کراوووە، "سەپێندراو و نادادپەروەرانەیە" و پێویستە زیاد بکرێت. وتیشی "عێراق ڕۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت بە پێداویستیی ناوخۆ دابین دەکات، پشکی هەرێم بەپێی ١٢.٦٧%، دەبێت ١٢٦ هەزار و ٧٠٠ بەرمیل بێت".س

وەزیری نەوتی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئامادەن ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتەکە لە هەرێمی کوردستان وەربگرنەوە و خۆیان بەنزین و بەهەمە نەوتییەکانی دیکە بۆ پێداویستیی ناوخۆی هەرێم بە هەمان نرخی پاڵپشتیکراوی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دابین بکەن.

ڕۆژى ٠٨-٠٨-٢٠٢٦، باسم محەمەد، وەزیری نەوتی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە بەغداد جەختیشی کردەوە کە لە کاتی ڕێککەوتنە سێقۆڵییەکەدا ئەو پێشنیازە خراوەتە بەردەم حکومەتی هەرێم، بەڵام ئەوان وتوویانە "ڕۆژانە ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتمان بۆ دابین بکەن، ئێمە خۆمان پاڵاوگەمان هەیە و بەرپرسیارێتیی دابینکردنی بەرهەمە نەوتییەکان بۆ ناوخۆ لە ئەستۆ دەگرین".