پەرەگراف وردەكاریی ئازادكردنی ڕاكان جبوری‌و دەستێوەردان لە دۆسیەكەی ئاشكرا دەكات

20-06-2019 08:13
ڕاكان جبوری پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت


پەرەگراف- سوركێو محەمەد

دادوەرێكی دەستپاكیی لە كەركوك نەچووە ژێرباری فشارەكان بۆ ئازادكردنی ڕاكان جبوری پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت، هەربۆیە بە دەستێوەردانی بەرپرسانی باڵای عێراق دۆسیەكە درایە دەست دادوەرێكی دیكەو ئەوەی دووهەمیان بە كەفالەت تۆمەتبارەكەی ئازاد كرد. دەسەڵاتدارێكی باڵای كورد لە بەغداد بەشێك بووە لە فشارەكان لە بەرژەوەندیی ڕاكان جبوری.

بەرپرسێكی باڵا لە دەسەڵاتی دادوەریی عێراق، ئەمڕۆ پەیوەندیی بە دادوەر سەباح مەجید دادوەرەكەی دەستپاكیی كەركوك كردووەو فشاری خستووەتەسەر تاوەكو ڕاكان جبوری تەوقیف نەكات‌و بە كەفالەت ئازادی بكات، ئەوەش دوای ئەوەی ڕاكان جبوری چووە بەردەم دادگا دوای هەفتەیەك لە دەرچوونی فەرمانی دەستگیركردنەكەی.

"بەرپرسەكەی دەسەڵاتی دادوەریی بە حاكم سەباحی وتووە فشاری لەسەرە لەلایەن دەسەڵاتدارانی باڵای عێراقەوە، بەڵام حاكم سەباح نەچووەتە ژێرباری ئەو داواكارییەو ئامادە نەبووە بە كەفالەت ئازادی بكات" سەرچاوەیەكی باڵا كە ئاگاداری وردەكاریی دۆسیەكەو بەڕێوەچوونی پڕۆسەی دادگاییەكەی ئەمڕۆیە بۆ پەرەگراف وای وت.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی "هەربۆیە دۆسیەكە لە حاكم سەباح وەرگیراوەتەوەو دراوە بە دادوەرێكی دیكە، ئەویش دوای وەرگرتنی وتە لە ڕاكان جبوری، بە كەفالەتی 200 ملیۆن دینار ئازادی كردووە".

"دادوەر سەباح ناڕەزایی تووندی پیشانداوە لەو پڕۆسەیەو ئازادكردنی ڕاكان جبوری وتویەتی چۆن دەبێت یاسا تەنها بۆ خەڵكی فەقیرو هەژاربێت‌و دەسەڵاتداران نەگرێتەوە. بەوپێیەی بەڵگەی پێویست لەبەردەست دادگادا هەیە لەبارەی ئەو تۆمەتانەی ڕوبەڕوی ڕاكان جبوری كراوەتەوە" سەرچاوەكە وای وت.

هاوكات سەرچاوەیەكی دیكەی ئاگادار هەمان ئەو زانیارییانەی پشتڕاست كردەوەو زیاتر وتی "لەناو ئەو سیاسییانەی فشاریان خستووەتەسەر دەسەڵاتی دادوەری بۆئەوەی ڕاكان جبوری ئازاد بكرێت، بەرپرسێكی باڵای كوردیش هەیە‌و سەفەقاتی سیاسی لە پشتەوەیە".

ئەو سەرچاوەیە وتیشی "حاكم سەباح كە فەرمانی دەستگیركردنەكەی ڕاكان جبوری دەركردووە، پێشتریش فشاری لەسەر بووە تا ئەو فەرمانە دەرنەكات، بەڵام نەچووەتەژێر باری فشارەكان".

دادوەر سەباح كوردەو لەناو دادوەرەكاندا واناسراوە یاسا جێبەجێ دەكات‌و ناچێتە ژێرباری هیچ فشارێك، هەمان ئەو دادوەرەیە كە پێشتر فەرمانی دەستگیركردنی بۆ نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشووی كەركوك‌و ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا دەركرد، دۆسیەكەی ئەو دوو بەرپرسەش تۆمەتی گەندەڵیی دارایی بوون لە دارایی گشتیی.

هەفتەی ڕابردوو پەرەگراف وەك یەكەم كەناڵی ڕاگەیاندن هەواڵی ئەوەی بڵاوكردەوە كە دوو فەرمانی دەستگیركردن بۆ ڕاكان جبوری دەرچووە، ئەوەش لەسەر دوو سكاڵا كە یەكێكیان پەرلەمانتارێكی یەكێتی لەسەری تۆمار كردووە بە تۆمەتی گەندەڵیی دارایی.

سەرچاوەیەك كە بە وردیی ئاگاداری دۆسیەكەیە پێشتر بۆ پەرەگراف وتی "ڕۆژی پێنج شەممەی(13-6) لە دادگای نەزاهەی كەركوكەوە فەرمانی دەستگیركردن بۆ ڕاكان جبوری دەرچووە لەسەر سكاڵایەك كە دیلان غەفور پەرلەمانتاری یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق لەسەری تۆماری كردووە".

لەدوای فەرمانی دەستگیركردنەكەی، ڕاكان جبوری كەركوكی جێهێشتبوو، هێزەكانی پۆلیس چووبونە بینای پارێزگا بۆ دەستگیركردنی، بەڵام لەوێ نەبووە، تا ئەمڕۆ خۆی چووەتە بەردەم دادگا.

سەرچاوەكە وتیشی "ئەو تۆمەتەی ئاڕاستەی كراوە بریتییە لە گەندەڵیی دارایی كە بە زیاتر لە 900 ملیۆن دینار دادەنرێت".

لەبارەی شێوازی گەندەڵییەكەوە سەرچاوەكە وتی "ئەو پارەیە دەبوو بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیان لێكەوتووەكان خەرج بكرێت، بەڵام ڕاكان جبوری لە میوانخانەكەی خۆی‌و بۆ پێشوازیی خەرجی كردووە، بەڵگەی پێویستیش لەوبارەیەوە دراوەتە دادگا".

پەرەگراف بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر پەیوەندیی كرد بە دیلان غەفور پەرلەمانتاری كەركوك لە فراكسیۆنی یەكێتی كە سكاڵاكەی تۆمار كردووە، بەڵام ناوبراو ئامادە نەبوو "لە ئێستادا" قسە لەسەر ئەو دۆسیەیە بكات.

بەدەر لە سكاڵای ئەو پەرلەمانتارە، ڕاكان جبوری سكاڵایەكی دیكەشی لەسەر تۆمار كراوەو لەسەر ئەو سكاڵایەش بەهەمان شێوە لە هەفتەی ڕابردوودا فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووە.

سكاڵای دووەم بە تۆمەتی "دابەشكردنی زەویی حكومەت بەسەر چەند سەرۆك عەشیرەتێكدا بە نایاسایی"، لەسەر ڕاكان جبوری تۆمار كراوە.

لەدوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كە دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندیی گەڕایەوەو تەواوی ناوچە دابڕاوەكان كە دەكاتە نیوەی خاكی كوردستان لە دەستدران، نەجمەدین كەریم كە هێشتا خۆی وەك پارێزگاری شەرعیی كەركوك لە قەڵەم دەدات، شارەكەی جێهێشتووەو ڕاكان جبوری جێگری پارێزگار(كەسێكی عەرەبە) بە وەكالەت پۆستەكە بەڕێوەدەبات، كورد نیگەران‌و ناڕازییە لە مامەڵەی ڕاكان جبوری، بەڵام لەناو خۆیدا بەتایبەت پارتی‌و یەكێتی یەكگرتوو نین بۆ دانانی پارێزگارێكی نوێ.