چەند بەرپرسێکی باڵای پارێزگای کەرکووک دەستبەسەر کران؛ برا و کوڕی پارێزگاریان تێدایە

27-10-2019 03:34
ڕاكان جبووری، پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت

پەرەگراف

لەسەر دۆسیەیەكی گەندەڵی، چەند بەرپرسێكی باڵای پارێزگای كەركووك دەستبەسەر كران، كە لەناویاندا سکرتێری پارێزگار هەیە كە كوڕی پارێزگارە و بەرپرسی نووسینگەكەشی كە برای پارێزگارە بە هەمان شێوە لەناو دەستبەسەركراوەكاندایە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە پارێزگای كەركووك بە پەرەگرافی وت "لەسەر ئەو دۆسیەی گەندەڵییەی لە نەزاهەی كەركووك لەسەر ڕاكان جبووری هەیە، دادگا فەرمانی دەستبەسەركردنی بۆ ١٣ بەرپرسی باڵای پارێزگا دەركردووە و حەوتیان ئەمڕۆ دەستبەسەر كراون".

سەرچاوەكە وتیشی "سكرتێری پارێزگار كە كوڕی پارێزگارە و ناوی قوتەیبەیە، بەرپرسی نووسینگەكەی كە برای پارێزگارە و ناوی حاجی ئیبراهیمە، بەڕێوەبەری ژمێریاری، بەڕێوەبەری پلاندانان، بەڕێوەبەری وردبینی، بەرپرسێكی باڵای پلاندانانی گشتی و بەرپرسی بەشی گرێبەست، ئەمڕۆ دەستبەسەر كراون".

ئەو دۆسیەیەی ئەو كەسانەی لەسەر دەستبەسەر كراون، پێشتر پەرەگراف وردەكارییەكەی بڵاو كردووەتەوە.

ڕۆژی 15-6-2019 پەرەگراف وەك یەكەم كەناڵی ڕاگەیاندن هەواڵی ئەوەی بڵاوكردەوە كە دوو فەرمانی دەستگیركردن بۆ ڕاكان جبووری پارێزگاری كەركووك بە وەكالەت دەرچووە، ئەوەش لەسەر دوو سكاڵا كە یەكێكیان پەرلەمانتارێكی یەكێتی لەسەری تۆمار كردووە بە تۆمەتی گەندەڵیی دارایی.

سەرچاوەیەك كە بە وردیی ئاگاداری دۆسیەكەیە بۆ پەرەگراف وتی "لە دادگای نەزاهەی كەركوكەوە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ ڕاكان جبوری دەرچووە لەسەر سكاڵایەك كە دیلان غەفور پەرلەمانتاری یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق لەسەری تۆماری كردووە".

ئەو سەرچاوەیە وتیشی "پێشتر دادوەر بانگهێشتنامەی بۆ ڕاكان جبوری ناردووە تا لە دادگا ئامادە بێت، بەڵام بەدەم بانگهێشتەكەوە نەچووە بۆیە فەرمانی گرتنی بۆ دەركراوە و ئەو تۆمەتەشی ئاڕاستەی كراوە بریتییە لە گەندەڵیی دارایی كە بە زیاتر لە 900 ملیۆن دینار دادەنرێت".

لەبارەی شێوازی گەندەڵییەكەوە سەرچاوەكە وتی "ئەو پارەیە دەبوو بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیان لێكەوتووەكان خەرج بكرێت، بەڵام ڕاكان جبوری لە میوانخانەكەی خۆی‌و بۆ پێشوازیی خەرجی كردووە، بەڵگەی پێویستیش لەوبارەیەوە دراوەتە دادگا".

بەدەر لە سكاڵای ئەو پەرلەمانتارە، ڕاكان جبوری سكاڵایەكی دیكەشی لەسەر تۆمار كراوەو لەسەر ئەو سكاڵایەش بەهەمان شێوە لە هەفتەی ڕابردوودا فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووە.

پەرەگراف زانیویەتی، سكاڵای دووەم بە تۆمەتی "دابەشكردنی زەویی حكومەت بەسەر چەند سەرۆك عەشیرەتێكدا بە نایاسایی"، لەسەر ڕاكان جبوری تۆمار كراوە.

دوای ئەوەی ڕاكان جبوری چووە بەردەم دادگا دوای هەفتەیەك لە دەرچوونی فەرمانی دەستگیركردنەكەی، بەرپرسێكی باڵا لە دەسەڵاتی دادوەریی عێراق، پەیوەندیی بە دادوەر سەباح مەجید، دادوەرەكەی دەستپاكیی كەركووكەوە كردووە و فشاری خستووەتە سەر تاوەكو ڕاكان جبوری تەوقیف نەكات‌ و بە كەفالەت ئازادی بكات.

"بەرپرسەكەی دەسەڵاتی دادوەریی بە حاكم سەباحی وتووە فشاری لەسەرە لەلایەن دەسەڵاتدارانی باڵای عێراقەوە، بەڵام حاكم سەباح نەچووەتە ژێرباری ئەو داواكارییەو ئامادە نەبووە بە كەفالەت ئازادی بكات" سەرچاوەیەكی باڵا كە ئاگاداری وردەكاریی دۆسیەكەو بەڕێوەچوونی پڕۆسەی دادگاییەكەی ئەمڕۆیە بۆ پەرەگراف وای وت.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی "هەربۆیە دۆسیەكە لە حاكم سەباح وەرگیراوەتەوەو دراوە بە دادوەرێكی دیكە، ئەویش دوای وەرگرتنی وتە لە ڕاكان جبوری، بە كەفالەتی 200 ملیۆن دینار ئازادی كردووە".

"دادوەر سەباح ناڕەزایی تووندی پیشانداوە لەو پڕۆسەیەو ئازادكردنی ڕاكان جبوری وتویەتی چۆن دەبێت یاسا تەنها بۆ خەڵكی فەقیرو هەژاربێت‌و دەسەڵاتداران نەگرێتەوە. بەوپێیەی بەڵگەی پێویست لەبەردەست دادگادا هەیە لەبارەی ئەو تۆمەتانەی ڕوبەڕوی ڕاكان جبوری كراوەتەوە" سەرچاوەكە وای وت.

هاوكات سەرچاوەیەكی دیكەی ئاگادار هەمان ئەو زانیارییانەی پشتڕاست كردەوەو زیاتر وتی "لەناو ئەو سیاسییانەی فشاریان خستووەتەسەر دەسەڵاتی دادوەری بۆ ئەوەی ڕاكان جبوری ئازاد بكرێت، بەرپرسێكی باڵای كوردیش هەیە‌و سەفەقاتی سیاسی لە پشتەوەیە".

ئەو سەرچاوەیە وتیشی "حاكم سەباح كە فەرمانی دەستگیركردنەكەی ڕاكان جبوری دەركردووە، پێشتریش فشاری لەسەر بووە تا ئەو فەرمانە دەرنەكات، بەڵام نەچووەتەژێر باری فشارەكان".

دادوەر سەباح كوردەو لەناو دادوەرەكاندا وا ناسراوە یاسا جێبەجێ دەكات‌و ناچێتە ژێرباری هیچ فشارێك، هەمان ئەو دادوەرەیە كە پێشتر فەرمانی دەستگیركردنی بۆ نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشووی كەركوك‌و ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا دەركرد، دۆسیەكەی ئەو دوو بەرپرسەش تۆمەتی گەندەڵیی دارایی بوون لە دارایی گشتیی.

لەدوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كە دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندیی گەڕایەوەو تەواوی ناوچە دابڕاوەكان كە دەكاتە نیوەی خاكی كوردستان لە دەستدران، نەجمەدین كەریم كە هێشتا خۆی وەك پارێزگاری شەرعیی كەركوك لە قەڵەم دەدات، شارەكەی جێهێشتووەو ڕاكان جبوری جێگری پارێزگار(كەسێكی عەرەبە) بە وەكالەت پۆستەكە بەڕێوەدەبات، كورد نیگەران‌و ناڕازییە لە مامەڵەی ڕاكان جبوری، بەڵام لەناو خۆیدا بەتایبەت پارتی‌و یەكێتی یەكگرتوو نین بۆ دانانی پارێزگارێكی نوێ.