نۆ دەستگیركراوی دیكەی بادینان بە هەمان تۆمەتی پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسەكە دادگایی دەكرێن

19-04-2021 02:54

پەرەگراف

نۆ دەستگیركراوی دیكەی بادینان لە دوو دۆسیەدا و بە هەمان تۆمەتی پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسە سزادراوەكە، دادگایی دەكرێن. پارێزەرانی دۆسیەكە دەڵێن "ڤیدیۆی دانپێدانان بەو دەستگیركراوانەش تۆمار كراوە". دوو لە دەستگیركراوەكان "ترسێندراون" كە بڵێن پارێزەرمان ناوێت.

بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا دۆسیەی نۆ دەستگیركراوی دیكەی بادینانی خستە ڕوو كە بە "ماددەی یەكی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003ی پەرلەمانی كوردستان تۆمەتبار كراون، كە ناوەرۆكەكەی ئەوەیە ئەو كەسانە هەستاون بە تێكدانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان".

ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوە كرد كە ئەو كەسانە بە دوو دۆسیە دەبرێنە دادگا، هەریەك لە (عامر خالید عەگید، فرسەت ئەحمەد سەعید، جەمال خەلیل مەجید، سڵێمان كەمال سڵێمان، سلێمان مووسا ئەحمەد) بە دۆسیەیەك و (مەسعود عەلی حاجی، شێروان تەها ئەمین، كاركەر عەباس عەلی، بەندەوار ئەیوب) بە دۆسیەیەكی دیكە.

لە پەیامێكی ڤیدیۆییشدا ئامەد سڵێمان، كوری سڵێمان هەركی كە یەكێكە لە دەستگیركراون، ڕایگەیاند كە "دۆسیەی كەسوكارەكانیان دراوە بە دادگای دووی تاوانی هەولێر، بە تۆمەتی تێكدانی ئاسایشی نیشتمانی".

ئامەد سڵێمان وتیشی "هەموو تۆمەت (دانپێدانان)ێك لەژێر دەستی ئاسایشی گشتیی هەرێمدا ڕەت دەكەینەوە، چونكە ماوەی هەشت مانگە ئاگاداری بارودۆخی دەروونی و جەستەیی كەسوكارەكانمان نیین".

ئەو نۆ دەستگیركراوە دۆسیەكانیان لەبەردەم ئەندامانی دادگای تاوانەكانی دووی هەولێردایە. "دیراسەی دۆسیەكە دەكرێت و دواتر وادەی دادگاییكردنیان دیاری دەكرێت". بەشدار حەسەن پێشبینی دەكات لە مانگی داهاتوودا پرۆسەی دادگاییكردنیان دەست پێ‌ بكات.

"پارێزەرێكمان لە ئاسایش دوو كەس لەو زیندانیكراوانەی بینیبوو، وتوویانە پارێزەرمان ناوێت، دیارە ترساندوونیان و وایان فێر كردوون. ئەوانی دیكە وەكالەتەكانمان لە ژوورەوەیە و تا ئێستا وەرمان نەگرتوونەتەوە، هەر ڕۆژەی بە بیانوویەك دوای دەخەن"، بەشدار حەسەن وای وت.

بۆ ئەوەی پارێزەرانی دۆسیەكە بتوانن دەست بە كارەكانیان بۆ ئەو دەستگیركراونە بكەن، پێویستە وەكالەتنامەكەیان لەلایەن زیندانیكراوەكانەوە واژوو بكرێت كە وەكوو پارێزەر ئەوانیان قبووڵ كردووە، بەڵام ماوەیەكی زۆرە وەكالەتنامەكان لە ئاسایشن و نەدراون بە زیندانیكراوەكان تا واژووی بكەن.

پارێزەری دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان وتی "ئەم نۆ دەستگیركراوەیش گرتەی ڤیدیۆییان تۆمار كراوە و قسەیان پێ‌ كراوە، بەڵام تا ئێستا نازانین چۆنە و چییان وتووە"، هەروەها پێشبینی دەكات كە هاوشێوەی پێنج سزادراوەكەی دیكە دەبێت كە وەكوو ئەو دەڵێت "جووڵەی دەمیان شتێك بوو و دەنگەكە دەنگێكی تر بوو".

هەفتەی پێشوو پەرەگراف لە ڕاپۆرتێكدا لە زاری كەسوكار و پارێزەرەكانیانەوە زانیاریی سەبارەت بە ژمارەیەك لە دەستگیركراوانی بادینان بڵاو كردەوە كە تا ئێستا دادگایی نەكراون و ڕێگە بە پارێزەر و كەسوكاریشیان نادرێت بیان بینن.

* دەستگیركراوانی دیكەی بادینان؛ نە خۆیان دیارن نە دۆسیەو ئەو تۆمەتەی دراوەتە پاڵیان

هەروەها تا ئێستا بڕیاری پێداچوونەوە بە سزای پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسەكەی دیكە نەدراوە، لە كاتێكدا دوو مانگ بەسەر پێشكەشكردنی داواكاریی پێداچوونەوە بە دۆسیەكانیاندا تێدەپەڕێت.

* تا ئێستا بڕیاری پێداچوونەوە بە دۆسیەی سزادراوانی بادیناندا نەدراوە