باڵیۆزی یەكێتی ئەوروپا دۆسیەی حوكمدراوانی بادینان لەگەڵ سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری تاوتوێ دەكات

27-05-2021 12:04

پەرەگراف

باڵیۆزی یەكێتی ئەوروپا لە عێراق ئەمڕۆ سەردانی سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستانی كردو دۆسیەی ڕۆژنامەنووس‌و چالاكانی حوكمدراوی بادینانیان تاوتوێ كرد، پێشتر یەكێتی ئەوروپا نیگەرانیی ڕاگەیاندبوو سەبارەت بە بڕیارەكەی دادگا بۆ حوكمدانی ئەو ڕۆژنامەنووس‌و چالاكانە بە 5 ساڵ زیندانیكردن.

ئەنجومەنی دادوەری لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، دادوەر بەنگین قاسم محەمەد سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێم، پێشوازی كرد لە مارتین هووس باڵیۆزی یەكێتی ئەوروپا لە عێراق و ڤینسنت گیوە پۆپۆ بەرپرسی نوێنەرایەتی یەكێتی ئەوروپا لە هەرێمی كوردستان، باسیان لە چەند تەوەرێكی پەیوەندیدار بە كاری دادگاكان و پرسی مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان كرد.

"لەسەر دۆسیەی چەند حوكمدراوێك كە پێش ماوەیەك لە دادگای تاوانەكانی هەولێر و دواتر دادگای پێداچوونەوەی هەرێم بڕیاریان لەسەر دەرچوو، باڵیۆزی یەكێتی ئەوروپا رایگەیاند كە ئەوان بە گرنگییەوە دەڕواننە هەوڵەكانی هەرێم بۆ چەسپاندنی یاساو پاراستنی مافەكانی مرۆڤ. هەر لەو چوارچێوەیەشدا سەبارەت بە كەیسی حوكمدراوەكان، گفتوگۆیەك لەنێوان شاندی یەكێتی ئەوروپا و سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری كرا سەبارەت بە كەیسی حوكمدراوەكان و باڵیۆزی یەكێتی ئەوروپا سوپاسی خۆی بۆ چاودێری و بەدواداچوونەكانی ئەنجومەنی دادوەری خستەڕوو" ئەنجومەنی دادوەری وادەڵێت.

لایخۆیەوە سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری هەرێم، تەئكیدی لەوە كردووەتەوە كە دۆسیەی حوكمدراوانی بادینان، "بەپێی ڕێكارو میكانیزمە یاساییەكانی خۆی، قۆناغ بە قۆناغ جێبەجێ كراوە تا گەیشتۆتە دادگای پێداچوونەوەو ئێستاش لە قۆناغی (ڕاستكردنەوەی بڕیاری دادگای تەمیزە)".

دادوەر بەنگین قاسم وتیشی، ئەوان وەك ئەنجومەنی دادوەری و دادگای پێداچوونەوە، "بە شێوەیەكی بێلایەنانە كار دەكەن و خوازیاریشن ئەم بابەتانە بە ئاڕاستەی سیاسی یان بابەتی ڕاگەیاندن نەبردرێن".

كۆبوونەوەی باڵیۆزی ئەوروپاو سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری هەرێم.

دادگای پێداچوونەوەی هەرێم لە 28-4-2021 سزای شەش ساڵ زیندانیكردنی بۆ پێج چالاك و ڕۆژنامەنووسەكەی بادینان پەسەند كرد، ئەوەش ناڕەزایی فراوانی لێكەوتەوە، دادگا كونسوڵخانەكانی ئەمریكا و ئەڵمانیایشی لە دۆسیەكەوە گلاندووە.

لە 10-5-2021 یەكێتی ئەوروپا لە عێراق لە بەیاننامەیەكدا، نیگەرانیی سەبارەت بە بڕیارەكەی دادگا ڕاگەیاند.

"ئازادی ڕادەربڕین‌و ڕۆژنامەگەری‌و مافی دادگایكردنی دادپەروەرانە، پێكهاتەی بنەڕەتی كۆمەڵگە دیموكراتییەكانن‌و دروستكردنی دامەزراوەی شەفاف‌و لێپرسینەوە‌و حوكمی باشن. ئەم حوكمە كاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر دەنگی ناڕەزایەتی لە هەرێمی كوردستان‌و توانای ڕۆژنامەنوسان لە بڵاوكردنەوە بەبێ ترسی تۆڵەكردنەوە یاخود كۆتوبەندی هەڕەمەكییانە" یەكێتی ئەوروپا وای وت.

لە بڕیارەكەی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمدا سەبارەت بە پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسەكە هاتووە "بە دانپێدانانی خۆیان دەڵێن كە پەیوەندیی نامەشروعیان هەبووە لەگەڵ كۆمەڵێك كەسی بیانی ‌و نەناسرا و بۆ جێبەجێكردنی ئامانجە گێرەشێوێنییەكانیان، هەروەها پەیوەندییان كردووە بە كونسوڵخانەی ئەمریكا و كونسوڵخانەی ئەڵمانیا و لەوانەوە بڕێك پارەیان وەرگرتووە".

یەكێتی ئەوروپا لەبارەی ناوهێنانی ئەو وڵاتانە وتی "وەفدی یەكێتی ئەوروپا‌و نێردە دیپلۆماسییەكانی وڵاتانی ئەندامی یەكێتی ئەوروپا لە عێراق، بەنیگەرانییەوە تێبینی ئاماژەكانی ناو ئەو حوكمە دەكەن سەبارەت بە پەیوەندی تۆمەتباران لەگەڵ باڵیۆزخانە بیانییەكان، لەناویشیاندا كونسوڵگەری ئەڵمانیا لە هەولێر، جێگەی باسە كە ئاڵوگۆڕی رێكخراو لەگەڵ كۆمەڵگەی مەدەنی، بەشێكی جیا نەكراوەیە لە كاری نوێنەرایەتی دیپلۆماسی لەسەرتاسەری جیهان".

یەكێتی ئەوروپا‌و نێردە دیپلۆماسییەكانی وڵاتانی ئەندامی یەكێتی ئەوروپا لە عێراق، داوا لە حكومەتی هەرێم دەكەن بەتەواوەتی پابەند بێت بە مافەكانی مرۆڤەوە، لەناویشیاندا مافی دادگایكردنی دادپەروەرانە‌و گەرەنتیكردنی تەواوەتی ئازادی ڕادەبڕین‌و ڕۆژنامەگەریی.

پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسە حوكمدراوەكە بریتین لە (شێروان شێروانی، ئەیاز كەرەم، گۆهدار محەمەد، هاریوان عیسا و شڤان سەعید)، ئەوان مانگی 10ی ساڵی ڕابردوو لە چەند هەڵمەتێكی هێزە ئەمنییەكاندا دەستگیركران كە ژمارەیەكی زۆر لە ڕۆژنامەنووس و چالاكی دەڤەری بادینانی گرتەوە، بەشێكی زۆر لە دەستگیركراوان تا ئێستایش دادگایی نەكراون، ئەو پێنج كەسەیشیان تۆمەتی "سیخوڕی" و "هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێم"یان درایە پاڵ.