سوپای توركیا دارستانەكانی كوردستان وێران دەكات؛ "داری تەمەن 100 ساڵە دەبڕێتەوەو دەیدزێت"

31-05-2021 01:31
دیمەنی بڕینەوەو دزینی داری دارستانەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن توركیاوە

پەرەگراف

لەگەڵ بەردەوامیی هێرش‌و بۆردومانەكانی توركیا بۆسەر خاكی هەرێمی كوردستان كە زیانێكی گەورەی بە ژینگەو سروشتی ناوچە سنورییەكان گەیاندووە‌و بەشێكی دارستانەكانی سووتاندووە، سوپای توركیا بە پلان‌و بەرنامە، داری دارستانە چڕەكان "دەبڕێتەوەو دارەكان دەدزێت".

ئەو ناوچانەی توركیا خاكی هەرێمی كوردستانی تێدا بەزاندووەو بنكەی سەربازیی لێ داناوە بە پاساوی لێدان لە پەكەكە، شاخاویی‌و سەختن‌و دارستانی چڕیان تێدایە.

پەرلەمانتارانی كورد لە كوردستان‌و عێراق، داوای وەستاندنی هێرشەكانی توركیا بەتایبەت بڕینەوەی داری دارستانەكان دەكەن.

هێڤیدار ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان چەند وێنەو گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوەو لەسەری نووسیوە "بە بەڵگە چەتەكانی توركیا لە دەڤەری سندییا لە قەزای زاخۆ بەربوونە دار و باری ئەو دەڤەرەو دەبڕن و دەدزن".

"هاوار دەكەین ئەو دارانە تەمەنیان سەرووی ١٠٠ ساڵە، لە گوندەكانی (سنات، مێرگە شیش، شیش و كەلۆك، ماسیس و...) داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، ڕێگای دبلۆماسی و یاسایی بگرنە بەر. داوا لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكەین ئەم داربڕینە بوەستێنن" هێڤیدار وادەڵێت.

پەرلەمانتاران دەستیان بە كۆكردنەوەی واژۆ كردووە تا پەرلەمانی كوردستان دانیشتنێكی تایبەت ئەنجام بدات لەبارەی لەشكركێشیی سوپای توركیاو لەناوبردنی دارستانەكانی كوردستان‌و دروستكردنی هەڵوێستێكی نیشتیمانیی بۆ ڕێگریی لەو كارانەی توركیا.

عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت "سوپای توركیا كە بەشێكی خاكی باشوری كوردستانی داگیركردووە، چۆن بەشێكی دارستانەكانمان دەسوتێنێت، بەشێكی دیكەشیان دارەكانی دەبڕێتەوە و دەیباتەوە بۆ توركیا، كە ڕۆژانە نزیكەی 450 تەن درەخت دەبڕێت و دەیبات".

تا ئێستا حكومەت‌و پەرلەمان لە كوردستان‌و عێراق هیچ هەڵوێستێكی فەرمییان نییە لەبارەی بڕینەوەی دارەكان‌و تێكدانی ژینگەو سروشتی كوردستان لەلایەن توركیاوە.

پەرلەمانتارانی كورد دەیانەوێت لە بەغداوە فشارێك دروست بكرێت بۆسەر توركیا، سەركەوت شەمسەدین پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت "لەگەڵ غالب محەمەد پەرلەمانتاری هاوڕێم داواكارییەكی فەرمیمان پێشكەش كردووە بۆ لێكۆڵینەوە لە هێرشەكانی توركیا، بەتایبەت هەوڵدان بۆ لەناوبردنی دارستانەكان".

توركیا ئارامیی لە دهۆك دەبڕێت