دۆسیەی سزادراوانی بادینان ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوە كرایەوە

07-06-2021 11:48

پەرەگراف

دۆسیەی پێنج ڕۆژنامەنووس و چالاكە سزادراوەكەی بادینان جارێكی دیكە ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوە كرا بۆ "ڕاستكردنەوەی بڕیاری پێداچوونەوە" كە داواكاریی پارێزەرانی دۆسیەكەیە. پارێزەران چاوەڕوانی بڕیارێكی ئەرێنیی دادگای پێداچوونەوەن بۆ "هەڵوەشاندنەوەی سزا"ی ئەو پێنج كەسە.

بەشدار حەسەن، سەرۆكی تیمی پارێزەرانی خۆبەخشی دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان، لەگەڵ ئاماژەدان بە دواكەوتنی گەڕاندنەوەی دۆسیەكە بۆ دادگای پێداچوونەوە، بە پەرەگرافی وت "دۆسیەكە ڕۆژی پێنج شەممە لە دادگای تاوانی دووی هەولێرەوە ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوە كراوە".

"شوێنی دۆسیەكە دادگای تاوانی دووی هەولێرە، كە ئێمە داواكایی ڕاستكردنەوەی بڕیاری پێداچوونەوەمان پێشكەش كرد، جارێكی دیكە دادگای پێداچوونەوە داوای گەڕاندنەوەی دۆسیەكەی لە دادگای تاوان كرد"، بەشدار حەسەن وای وت.

ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەش كرد كە "جیاوازیی زۆر لە نێوان بڕیارەكەی دادگای تاوان و دادگای پێداچوونەوەدا هەبوو. لە دوو جیهانی جیاوازدا قسەیان كردبوو"، بە تایبەت كە لە بڕیاری دادگای پێداچوونەوەدا هەندێك تۆمەت ئاراستەی ڕۆژنامەنووس و چالاكەكان كرابوو كە دادگای تاوان باسی نەكردبوون.

تیمی پارێزەرانی دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان، خوازیارن سەرۆكی دادگای پێداچوونەوە دۆسیەكە ڕەوانەی دەستەی گشتیی دادگا بكات كە لە 14 دادوەر و سەرۆكی دادگا پێك دێت.

بەشدار حەسەن بە پەرەگرافی وت "گەشبینین و پێشبینی دەكەین دۆسیەكە ڕەوانەی دەستەی گشتی بكرێت، بە تایبەت كە ئەم دۆسیە كاردانەوەی گەورەی لە ناوخۆ و دەرەوەش دروست كردووە".

تیمی خۆبەخشی پارێزەرانی دەستگیركراوانی بادینان، ڕۆژی 20-6-2021 دواتانەیان لەبارەی دۆسیەی پێنج ڕۆژنامەنووس و چالاكە دەستگیركراوەكەی بادینانەوە لە بڕیاری دادگای پێداچوونەوەی هەرێم دا و داوای داخستنی دۆسیەكە و ئازادكردنی دەستگیركراوان دەكەن.

"ئێمە نامەی خۆمان لە چوار تا پێنج لاپەڕەدا بە تێروتەسەلی گەیاندە ئەنجوومەنی دادوەری. بە درێژی لە ڕووی یاساییەوە وردەكاری كەیسەكەمان خستووەتە ڕوو و داوامان كردووە بە شێوەیەكی یاسایی وردتر لەسەر ئەو كەسە بوەستن"، تیمی پارێزەران وا دەڵێن.

بڕیارە لە مانگی داهاتووشدا دۆسیەی نۆ دەستگیركراوی دیكەی بادینان ڕەوانەی دادگا بكرێت، كە زۆرینەیان زیاتر لە شەش مانگ و هەندێكیان نۆ مانگە دەستگیر كراون و تا ئێستا دادگایی نەكراون. ئەوانیش هەمان تۆمەتی "سیخوڕی و هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان"یان دراوەتە پاڵ.

بەشدار حەسەن، سەرۆكی تیمی پارێزەرانی دۆسیەی دەستگیركروانی بادینان، بۆ پەرەگراف وتی "ڕۆژی 5-7-2021 یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنی (عامر خالید عەگید، فرسەت ئەحمەد سەعید، جەمال خلەیل مەجید، سلێمان كەمال سلێمان و سلێمان موسا ئەحمەد) بەڕێوە دەچێت".

"ڕۆژی 12-7-2021یش یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنی (مەسعود شنگالی، شیروان ئەمین، كارگەر عەباس عەلی و بەندەوار ئەیوب) بەڕێوە دەچێت".

ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەش كرد كە دادگاییكردنی هەریەك لە مامۆستا بەدەل بەروراری و ئومێد بەرۆشكی خراوەتە ڕۆژی 17-8-2021.

* دواتانە لە بڕیاری دادگای پێداچوونەوە درا، پارێزەران داوای داخستنی دۆسیەی سزادراوانی بادینان و ئازادكردنیان دەكەن

* پێشێلكارییە یاساییەكانی دۆسیەی حوكمدراوانی بادینان؛ لە زاری دادوەر، پسپۆڕی یاسایی و پارێزەران