دیداری دەستگیركراوانی بادینان لەگەڵ كەسوكاریان؛ بارودۆخیان چۆنە و پەیامیان چییە؟

13-06-2021 02:39

پەرەگراف

كەسوكاری پێنج ڕۆژنامەنووس و چالاكەكەی بادینان و مامۆستا بەدەل بەرواری، ئەمڕۆ لە دیدارێكی "10 خولەك"یدا كە سەرۆكی پەرلەمان ڕێكی خستبوو، زیندانیكراوەكانیان بینیوە. بارودۆخی تەندروستیی زیندانیكراوان "باش" بووە و شێروان شێروانی وتوویەتی "قۆناغە قورسەكەمان بڕیوە و ئەوەیشی كە ماوە خۆڕاگر دەبین".

ڕووگەش عیززەدین، هاوسەری شێروان شێروانی، بە پەرەگرافی وت "كاتژمێر 12 و 30 خولەكی نیوەڕۆ ئێمەیان بردە ژوورەوە بۆ دیدارەكە و بۆ ماوەی دە خولەك ڕێگەیان دا من و داكی شێروان و منداڵەكانم، شێروان ببینین".

"ئەم جارە بارودۆخی لە جارەكەی دیكە باشتر بوو. جاری پێشوو كە بینیم زۆر لاواز و ڕەنگزەرد بوو، ئەم جارە كەمێك باشتر بوو. هەر لاواز بوو، بەڵام ڕەنگی باشتر بوو"، ڕووگەش عیززەدین سەبارەت بە بارودۆخی شێروان بۆ پەرەگراف وای وت.

وتیشی "شێروان وتی: ورەت بەرز بێت و چاوت لە منداڵەكان بێت. قۆناغە قورسەكەمان بڕیوە و ئەوەیشی كە ماوە خۆڕاگر دەبین".

سەبارەت بە بینینی زیندانیكراوەكانی دیكە لەلایەن كەسوكاریانەوە، هاوسەری شێروان شێروانی وتی "دایك و باوكی گۆهدار، دایك و برای ئەیاز كەرەم، هەردوو هاوسەرەكەی مامۆستا شڤان، كوڕ و هاوسەر و برای مامۆستا بەدەلیش هاتبوون، تەنها كەسوكاری ئومێد بەرۆشكی لەوێ‌ نەبوون، دیارە پێیان نەوتبوون".

هەروەها جەرگیس كەرەم، برای ئەیاز كەرەم كە یەكێكی دیكەیە لە سزادراوانی بادینان، بە پەرەگرافی وت "بەلێ‌َ ئەمڕۆ ئەیازمان بینی و بارودۆخی باش بوو".

شێروان شێروانی بە هاوسەرەكەی وتووە "هێشتا شوێنمان تەنگە". ڕووگەش عیزەدین دەڵێت "من پرسیارم كرد، وتیان بەهۆی ئەوەی ئەو زیندانییانەی كە سزا دراون، هێشتا لە ئاسایشی گشتین و نەگوازراونەتەوە بۆ چاكسازیی گەوران، شوێنی زیندانیكراوان تەنگە".

دیدارەكە لەلایەن ڕێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانەوە ڕێكخراوە، پاش ئەوەی سەرۆكی پەرلەمان ڕۆژی پێنج شەممە سەردانی زیندانییەكانی كردبوو، ئەو دیدارەیشی بۆ كەسوكاریان ڕێكخستووە.

پاش دیدارەكە، هەرێم ڕەفعەت، پارێزەری دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی "زیندانیكراوان زۆر سوپاسی میدیاكانیان كردووە كە توانیویانە ئەو كەیسە بە ڕایگشتی بناسێنن".

"بەپێی قسەی خانەوادەكانیان، ئێستا دۆخی تەندروستییان زۆر باشە"، هەرێم ڕەفعەت وای وت.

ئەو پارێزەرە وتیشی "داوامان كردووە كە سەرۆكی دادگای پێداچوونەوە ئەو پەڕاوە بخاتە بەردەم دەستەی گشتیی دادگا تا تەواوی دادوەرانی دادگای پێداچوونەوە چاو بەو دۆسیەدا بخشێننەوە و چارەنووسی دەستگیركراوانی بادینان بە یاسایی دیاری بكرێت، نەك سیاسی".

پاش ئەوەی دادگای پێداچوونەوەی هەرێم، سزای شەش ساڵ زیندانیی بۆ پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسەكەی بادینان پەسەند كرد، پارێزەرانی ئەو دۆسیە دواتانەیان لە بڕیارەكە دا كە داوای "ڕاستكردنەوەی دادگای پێداچوونەوە"یە.

ڕۆژی 3-6-2021 جارێكی دیكە دۆسیەی سزادراوان لە دادگای تاوانی دووی هەولێرەوە ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوەی هەرێم كرا بۆ دووبارە پێداچوونەوەی دۆسیەكە.

بڕیارە لە مانگی داهاتووشدا دۆسیەی نۆ دەستگیركراوی دیكەی بادینان ڕەوانەی دادگا بكرێت، كە زۆرینەیان زیاتر لە شەش مانگ و هەندێكیان نۆ مانگە دەستگیر كراون و تا ئێستا دادگایی نەكراون. ئەوانیش هەمان تۆمەتی "سیخوڕی و هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان"یان دراوەتە پاڵ.

بەشدار حەسەن، سەرۆكی تیمی پارێزەرانی دۆسیەی دەستگیركروانی بادینان، بۆ پەرەگراف وتی "ڕۆژی 5-7-2021 یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنی (عامر خالید عەگید، فرسەت ئەحمەد سەعید، جەمال خلەیل مەجید، سلێمان كەمال سلێمان و سلێمان موسا ئەحمەد) بەڕێوە دەچێت".

"ڕۆژی 12-7-2021یش یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنی (مەسعود شنگالی، شیروان ئەمین، كارگەر عەباس عەلی و بەندەوار ئەیوب) بەڕێوە دەچێت".

ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەش كرد كە دادگاییكردنی هەریەك لە مامۆستا بەدەل بەروراری و ئومێد بەرۆشكی خراوەتە ڕۆژی 17-8-2021.

* پێشێلكارییە یاساییەكانی دۆسیەی حوكمدراوانی بادینان؛ لە زاری دادوەر، پسپۆڕی یاسایی و پارێزەران