چوار كەس بە بۆردومانی فڕۆكەكانی توركیا لە قەڵادزێ شەهیدبوون

13-06-2021 05:07
وێنەی ئەو ئۆتۆمبێلەی ئەمڕۆ كراوەتە ئامانج. خەڵكی ناوچەكە لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بڵاویان كردووەتەوە.

پەرەگراف

نوێکراوەتەوە لە کاتژمێر ٨:٢٠ خولەک.

فڕۆكەكانی توركیا لە گوندێكی ناحیەی هەڵشۆی سەربە قەڵادزێ ئۆتۆمبێلێكیان كردە ئامانج، چوار سەرنشینی ناو ئۆتۆمبێلەكە شەهیدبوون، یەکێکیان خەڵکی ناوچەکەیە.

ئەبوبەكر وەیسی، بەڕێوەبەری ناحیەی هەڵشۆ بە پەرەگرافی وت "ئەمڕۆ یەكشەممە كاتژمێر ١:٢٠ خولەكی دوای نیوەڕۆ لە گوندی كانیلان سەر بەناحیەی هەڵشۆ فڕۆكەیەكی شەڕكەر ئۆتۆمبیلێكی جۆری تۆیۆتا پیكابی لەسەر ڕێگایەكی گشتیی كردە ئامانج".

بەڕێوەبەری ناحیەی هەڵشۆ لەگەڵ تیمێكی لێكۆڵینەوە سەردانی شوێنی ڕووداوەكەی كردووەو وتیشی "لەناو ئۆتۆمبێلەكەدا چوار سەرنشین كە سەرجەمیان پیاوبوون گیانیان لەدەستداوە و تا ئێستا ناسنامەیان دیار نیە كە ئایا سەر بە پەكەكە بوون یان هاووڵاتیی سنورەكەن، تەرمەكان ڕەوانەی پزیشكی دادوەریی قەڵادزێ كراون".

چەند کاتژمێرێک دواتر، بەڕێوەبەری ناحیەکە بە پەرەگرافی وت "ناسنامەی کەسێکیان ئاشکرابووە کە خەڵکی ناوچەکەیە، سێکەسەکەی دیکە دیارنییە کێن و کەسیش وەک خزمو کەسوکار ھەواڵینەپرسیوون"، سەرچاوەیەکی نزیک لەو کەسەی خەڵکی ناوچەکە دەڵێت"ئەو کەسە سەربە پەکەکەیەو سێ کەسەکەی دیکەش گەریلای پەکەکەبوون".

ئەوە یەكەمجار نییە ئەو ناوچەیە ڕوبەڕوی بۆدرومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا ببێتەوە، بەڵام وەك بەڕێوەبەری ناحیەی هەڵشۆ دەڵێت، بۆردومانەكانی پێشووتر ئەوەندە نزیك نەبوون لە ناوەندی قەزای قەڵادزێ، "ئەم ڕووداوە ١٢ كیلۆمەتر لە ناوەندی قەڵادزێ-وە دوورە".

لەگەڵ بەردەوامیی هێرش‌و ئۆپەراسیۆنی زەمینی‌و ئاسمانیی توركیا لە ناوچەی بادینان دژی پەكەكە، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا ناوبەناو ناوچە سنورییەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان‌و كەمپی مەخمور بۆردومان دەكەن، لە چوارچێوەی شەڕ لە دژی پەكەكە.

هاووڵاتییانی مەدەنی‌و گوندنشینان‌و سروشت‌و ژینگەی كوردستان پشكی شێری زیانەكانیان بەردەكەوێت بەهۆی هێرشەكانی توركیاوە، چەندینجار فڕۆكەی شەڕكەری ئەو وڵاتە لە شوێنی نیشتەجێبوون‌و خەڵكی مەدەنییان داوە.

بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕێكخراوی (CPT)، لە ساڵی 2015ـەوە تائێستا بەهۆی ئۆپەراسیۆن و بۆردومانەكانی توركیا بۆ خاكی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 99 هاووڵاتیی مەدەنی شەهید بوون كە 15یان تەنیا لە شەش مانگی یەكەمی 2020دا بووە، جگە چۆڵبونی سەدان گوند و ئەو مەترسییانەی بۆ سەر ئاسایشی ژیان و بژێوی هەزاران خێزان دروستبون.

توركیا لە دوای شەڕی ناوخۆی پارتی و یەكێتییەوە لە ساڵانی نەوەدەكاندا هاتووەتە ناو هەرێم، بەپێی راپۆرتێكی(CPT) 37 بنكەی سەربازی و هەواڵگریی داناوە، زۆرینەیان بە قوڵایی زیاتر لە 35 كیلۆمەتر لەناو خاكی هەرێم جێگیركراون و بەشێكیان لە ناوەندی گوند و شارەكانی دهۆك، زاخۆ و سۆراندان.