شاندی نێونەتەوەیی بۆ ئاشتی و ئازادیی كوردستان: حیزبەكان و هاونیشتمانیان پاڵپشتیی گەریلا بكەن

16-06-2021 04:49

پەرەگراف

شاندی نێونەتەوەیی بۆ ئاشتی و ئازادیی كوردستان، داوای دەستبەجێ‌ وەستاندنی داگیركارییەكانی توركیا و پاڵپشتیی حیزبەكان و خەڵك بۆ گەریلا دەكات. شاندەكە دەڵێت "دامەزراوەكانی پارتی ڕێگرییان لە نوێنەرایەتییەكەمان كرد. هیواخواز بووین وەكو میوان پێشوازیمان لێ‌ بكرێت، بەڵام وەكو تاوانبار مامەڵەمان لەگەڵدا كرا".

شاندی نێونەتەوەیی بۆ ئاشتی و ئازادیی كوردستان كە لە كۆمەڵێك سیاسی، ئەكادیمی، چالاكی مافی مرۆڤ، ڕۆژنامەوان، فیمینیست و ژینگەدۆستی 14 وڵات پێك دێن، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە سلێمانی سەبارەت بە ئامانجی سەردانەكەیان بۆ هەرێمی كوردستان دوان.

"ویستمان لەگەڵ لایەنە جیاوازەكانی پەرلەمانی كوردستان و ڕێكخراوەكان كۆببینەوە، بۆ ئەوەی دەستپێكی دیالۆگ لە نێوان بڕیاردەرە سیاسییە جیاوازەكان لە هەرێمی كوردستان بخەینە سەر ڕێ‌، ویستمان دەستپێشخەریی بەرگری لە كوردستان ڕابگەیەنین لەبەردەم نەتەوە یەكگرتووەكان، ویستمان سەردانی دێهاتە ڕووخاوەكان بكەین لەگەڵ قوربانیانی ئەم جەنگە بدوێین"، شاندەكە وا دەڵێت.

شاندی نێونەتەوەیی بۆ ئاشتی و ئازادیی كوردستان ڕایگەیاند "سەرەتا گەیشتینە هەولێر، دامەزراوەكانی پارتی ڕێگرییان لە نوێنەرایەتییەكەمان كرد. ئەو ڕێكخراوانەی كە پلانمان هەبوو سەردانیان بكەین، ترسێندرابوون بەوەی كە لە كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ ئێمە بكشێنەوە. بەشێكی زۆری نوێنەرایەتییەكەمان نەیانتوانی بگەنە كوردستان، 50 كەسیان گەڕێندرانەوە بۆ وڵاتەكانی خۆیان، 27 كەسی تریش لە فڕۆكەخانەی ئەڵمانیا ڕێگرییان لێ‌ كرا بێن بۆ كوردستان".

شاندەكە كە ڕۆژی دووشەممە "دەستپێشخەریی بەرگری لە كوردستان"ی دژی داگیركارییەكانی توركیا ڕاگەیاند، دەڵێت "ئێمە ڕێگریمان لێ‌ كرا لە سەردانكردنی بنكەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەولێر، لەلایەن ئاسایشەوە كە لەبەردەم ئوتێلەكەماندا جێگیر كرابوون، گێچەڵمان پێ‌ كرا".

شاندی نێونەتەوەیی بۆ ئاشتی و ئازادیی كوردستان "بە توندی ئیدانە"ی ڕێگرییەكانی پارتیی لە شاندەكە كردووە بە ڕێگریی "سیاسی، نایاسایی و سەركوتكردن" وەسفی كردووە.

هەر لە سەرەتای هاتنی شاندی نێونەتەوەیی بۆ ئاشتی و ئازادیی كوردستان بۆ هەرێم، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم وتی "پەكەكە بە ھاوكاری دەستێكی ناوخۆیی، چەندین ھاووڵاتی خاوەن ڕەگەزنامەی ئەوروپاییان ناردووە بۆ ناو هەرێم بۆ بە كارهێنانیان وەك ئامرازێك بۆ تێكدانی سەقامگیریی ناو هەرێم لەژێر ناوی گرووپی بەناو ئاشتی و ئازادی".

"داگیركاریی لەشكری توركیا، پێشێلكاریی یاسا نێودەوڵەتییەكانە، بێگومان ئەمە شایەنی قبووڵكردن نییە، ئێمە دڵتەنگین كە گەواهیدەری ئەوەین كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگ و بێهەڵوێستە بەرانبەر ئەم پرسە"، شاندی نێونەتەوەیی بۆ ئاشتی و ئازادیی كوردستان لە كۆنگرەكەی ئەمڕۆیدا وای وت.

شاندەكە داوای "وەستاندنی دەستبەجێی داگیركاری و گۆڕانی دیموگرافی و پاكتاوی نەژادی لەلایەن هێزەكانی توركیاوە لە باشووری كوردستان و وەستاندنی كاولكاری و تێكدانی سروشتی كوردستان" دەكات.

هەروەها داوای وەستاندی هەموو جۆرە هاریكارییەكی هێزە نێودەوڵەتییەكان و هێزە هەرێمییەكان بۆ توركیا دەدات. داوا لە هەموو حیزبە كوردییەكان، دامەزراوەكان و هاونیشتمانیانی كوردستانیش دەكات "یەك بگرن بۆ پشتگیری لە بەرگریی گەریلا لە داگیركاریی دەوڵەتی توركیا".

لە گفتوگۆیەكیشدا لەگەڵ پەرەگراف، سیناتۆر پێر لاورێنت، یاریدەدەری سەرۆكی پەرلەمانی فەڕەنساو سەرۆكی كۆمسیۆنی كاروباری دەرەوەی پەرلەمانی فەڕەنسا، كە ئەندامی شاندی نێونەتەوەیی بۆ ئاشتی و ئازادیی كوردستانە، داوا دەكات ڕێگە بە داگیركارییەكانی توركیا نەدرێت بۆ سەر هەرێمی كوردستان‌ و دەڵێت: كاتی قسە كردن نەماوەو پێویستە وڵاتانی ناتۆ سزای توركیا بدەن لەسەر هێرشەكانی.

پێر لاورێنت سەرسوڕمانی خۆی لەوە نیشان دەدات كە حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێگریی لێ‌ كردوون بچنە بەردەم نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەولێر‌و پەیامەكەیان بگەیەنن و دەپرسێت "بۆچی ڕێگەیان نەدا بچینە ئامێدی و ئەو گوندانەی بەهۆی شەڕەوە چۆڵ كراون، تا بتوانین واقیعی ناوچەكە بگوازینەوە بۆ شەقامی ئەورووپا؟!".

لاورێنت دەڵێت "نامەنەوێت براكوژی و دوژمنایەتی لە نێوان لایەنە كوردستانییەكان هەبێت"، پێیشی وایە "هێرشی ئێستای توركیا بۆ سەر پەكەكەیە، بەڵام دواتر هێرشەكە بەرفراوان دەكات و هێرش دەكاتە سەر تەواوی كوردان".