تورکیا لە گوندێکی ماوەت ئۆتۆمبێلێکی کردە ئاماج؛ گەریلای پەکەکەی تێدابووە

19-06-2021 08:06

پەرەگراف

لە گوندی گەڵاڵەی سەربە قەزای ماوەت لە سلێمانی، فڕۆکەی تورکیی ئۆتۆمبێلێکی مەدەنیی کردە ئامانج کە گەریلای پەکەکەی تێدابووە.

کامەران حەسەن قائیمقامی قەزای ماوەت بە پەرەگرافی وت: کاتژمێر ٦:٤٠ خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلەکە کراوەتە ئامانج.

قائیمقامی ماوەت وتی "بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان دوو کەسی پەکەکە کوژراون و کەسێکیشیان بریندارە، پەکەکە بارەگای لە چیایئاسۆس ھەیەو لەناو گەڵاڵەنین پێدەچێت بەوێدا تێپەڕیبن".

کامەران حەسەن وتیشی "چەند ساڵێکە تورکیا بۆردومانی ئەم ناوچەیە دەکات و وادیارە ئەمجارەش ئەوان بن".

لەگەڵ بەردەوامیی هێرش‌و ئۆپەراسیۆنی زەمینی‌و ئاسمانیی توركیا لە ناوچەی بادینان دژی پەكەكە، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا ناوبەناو ناوچە سنورییەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان‌و كەمپی مەخمور بۆردومان دەكەن، لە چوارچێوەی شەڕ لە دژی پەكەكە.

١٣ی ئەم مانگەش فڕۆكەكانی توركیا لە گوندێكی ناحیەی هەڵشۆی سەربە قەڵادزێ ئۆتۆمبێلێكیان كردە ئامانج، چوار سەرنشینی ناو ئۆتۆمبێلەكە شەهیدبوون، سێ گەریلای پەکەکەو ئەوەی دیکەشیان خەڵکی ناوچەکەو سەربە پەکەکە بوو.

هاووڵاتییانی مەدەنی‌و گوندنشینان‌و سروشت‌و ژینگەی كوردستان پشكی شێری زیانەكانیان بەردەكەوێت بەهۆی هێرشەكانی توركیاوە، چەندینجار فڕۆكەی شەڕكەری ئەو وڵاتە لە شوێنی نیشتەجێبوون‌و خەڵكی مەدەنییان داوە.

بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕێكخراوی (CPT)، لە ساڵی 2015ـەوە تائێستا بەهۆی ئۆپەراسیۆن و بۆردومانەكانی توركیا بۆ خاكی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 99 هاووڵاتیی مەدەنی شەهید بوون كە 15یان تەنیا لە شەش مانگی یەكەمی 2020دا بووە، جگە چۆڵبونی سەدان گوند و ئەو مەترسییانەی بۆ سەر ئاسایشی ژیان و بژێوی هەزاران خێزان دروستبون.

توركیا لە دوای شەڕی ناوخۆی پارتی و یەكێتییەوە لە ساڵانی نەوەدەكاندا هاتووەتە ناو هەرێم، بەپێی راپۆرتێكی(CPT) 37 بنكەی سەربازی و هەواڵگریی داناوە، زۆرینەیان بە قوڵایی زیاتر لە 35 كیلۆمەتر لەناو خاكی هەرێم جێگیركراون و بەشێكیان لە ناوەندی گوند و شارەكانی دهۆك، زاخۆ و سۆراندان.