دووەم ڕێككەوتنی سیاسیی یەكێتی و گۆڕان؛ ئامانجەكان چین و سەركردەكانیان چی دەڵێن؟

20-06-2021 11:06

پەرەگراف

یەكێتی و گۆڕان ڕێككەوتنی سیاسیی نێوانیان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق واژوو كرد. سەرۆكایەتیی ئەو دوو حیزبە، ڕێككەوتنەكە بە "درێژكراوەی ڕێككەوتنی دەباشان" و هەوڵی "یەكڕیزی" و "پاراستنی دەستكەوتەكانی كورد لە بەغدا" ناو دەبەن.

ڕێككەوتنەكە لە شاری جوان و لە هەمان شوێن كە تێیدا ڕێککەوتنی دەباشان ڕاگەیەندرا، لەلایەن هاوسەرۆكانی یەكێتی و ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕانەوە واژوو كرا.

عومەر سەید عەلی، ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕێككەوتنەكەی ئەمڕۆی بە بەرهەمی "زنجیرەیەك كۆبوونەوە و گفتوگۆی سیاسی" و "بەشێك لە یەكخستنی خەباتی گەلی كوردستان بۆ داكۆكی و زامنكردنی مافە دەستووری و سیاسییەكانی كورد لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقی فیدراڵدا" ناو برد.

عومەر سەید عەلی باسی لەوە كرد كە "لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانكارییانەی لە عێراق و ناوچەكە ڕوو دەدەن، بە پێویستمان زانی هەموو لایەنە سیاسییەكانی هەرێم بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە، لە هاوپەیمانێتییەكدا بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق كۆبینەوە"، بەڵام "سەرەنجام ئەوەی بەدەست هات ڕێككەوتنی نێوان یەكێتی و گۆڕان بوو".

هەروەها بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی، لە وتەیەكدا جەختی كردەوە كە بەڵنیان بە ڕێكخەری گۆڕان داوە "ئەم ڕێككەوتنە دژای هیچ لایەنێك نییە" و "بۆ یەكڕیزیی كوردستان و گەلەكەمانە".

"حەز دەكەم بەڵێنێكی دیكە بدەم بە جەنابت، هەرگیز جارێكی دیكە خوشك و براكانمان لە بزووتنەوەی گۆڕان جێناهێڵین"، بافڵ تاڵەبانی ڕوو لە عومەری سەید عەلی وای وت.

لای خۆیشیەوە لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی، وتی "ئەم هاوپەیمانییە درێژكەرەوەی بەڵێنی نێوان مام جەلال و كاك نەوشیروانە كە لە 17-5-2016 لە دەباشان بە یەكدییان دا، بەڵام بە داخەوە بەهۆی دەستوەردانی ناتەندروستەوە نەمانتوانی ڕێككەوتنی دەباشان وەكو خۆی بگەیەنینە جێ".

لاهور شێخ جەنگی جەختی كردەوە كە "ئەركی هەمووانە ئەم هاوپەیمانییە وەك بیلبیلەی چاومان بپارێزین". وتیشی " ئەگەر یەكڕیز نەبین، ناتوانین ئامانجەكان بەدەست بهێنین".

دوای‌ ڕێوڕەسمی‌ واژووكردنی ڕێككەوتنەكەیش، هەریەك لە دەرباز محەمەد، ڕێگەپێدراوی‌ هاوپەیمانیی‌ كوردستان و سۆران جەمال تاهیر، ئەندامی‌ مەكتەبی‌ سیاسیی‌ یەكێتی،‌ كۆنگرەیەكی‌ ڕۆژنامەوانیی‌ هاوبەشیان ساز كرد.

سۆران جەمال تاهیر وتی‌ "ئەم هاوپەیمانێتییە لە بەرژەوەندیی‌ ناوچە جێناكۆكەكانە و هەنگاوێكە بۆ كاركردن بە یەكڕیزی‌ لە بەغدا. داواشمان لە هەمو لایەنە سیاسییەكانی‌ كوردستان كردووە كە دوای‌ هەڵبژاردنەكانیش پێكەوە كار بكەین. چەند بتوانین لە هەڵبژاردنی‌ داهاتوودا لەگەڵ بزووتنەوەی‌ گۆڕان هاوكاری‌ یەك دەبین و چاوەڕێی‌ ئەوە دەكەین ژمارەی‌ كوردسییەكان و ڕێژەی‌ دەنگدانی‌ كورد و چوونە سەر سندووقی‌ دەنگدان زیاد بكات".

دەرباز محەمەدیش وتی "ڕێككەوتنەكانی‌ ڕابردوو لە دۆخێكدا كراون كە جیاواز بووە لە ئێستا، جگە لەوەش تەنگەژە و ئاڵۆزییەكانی‌ ڕابردوو هۆكار بوون بۆ جێبەجێنەكردنی‌ ئەو ڕێككەوتنانە. ئێستا قۆناغێكی‌ نوێیە و ئەم ڕێككەوتنەش نوێیە و بۆ هەڵبژاردنە، دەكرێت هەنگاوی دیكەی‌ نوێی‌ بەدوادا بێت".

لە 1-5-2021، پەرەگراف پێكهێنانی (هاوپەیمانیی‌ كوردستان)ی نێوان یەكێتی و گۆڕان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی ئاشكرا كرد. هاوپەیمانییەكە لە 30ی‌ نیسانی‌ ئەمساڵ لە كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هەڵبژاردنەكانی‌ عێراق تۆمار كرا.

پێشتریش پەرەگراف ئاشكرای كرد كە یەكێتی نیشتمانی لەگەڵ هەریەكە لە كۆمەڵی دادگەری ‌و یەكگرتووی ئیسلامی گەیشتووەتە ڕێككەوتن لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هەرچەندە بەرپرسانی ئەو حیزبانە بە ئاشكرا ڕێككەوتنەكەیان ڕەت كردەوە، بەڵام پەرەگراف لە سێ‌ سەرچاوەی باڵاوە ئەو ڕێككەوتنەی پشتڕاست كردەوە و وردەكارییەكەی ئاشكرا كرد.