پەرلەمانی كوردستان لیژنەی لێكۆڵینەوە بۆ پرسی "بەرتیل وەرگرتن لەلایەن پەرلەمانتاران" پێكدەهێنێت

28-06-2021 12:10

پەرەگراف

پرسی وەرگرتنی بەرتیل لەلایەن ژمارەیەك پەرلەمانتاری كوردستان كە چەند ڕۆژێكە دۆسیەیەكی گەرمە، بووبەجێی مشتومڕێكی تووند لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستانداو پەرلەمان بە كۆی دەنگ بڕیاریدا لیژنەی لێكۆڵینەوە لەوبارەیەوە پێكبهێنێت.

لە كۆبوونەوەكەدا پەرلەمانتاران ڕەخنەیان لەو نووسراوەی سەرۆكی پەرلەمان گرت كە ئاڕاستەی حكومەتی كردووە دەربارەی ڕێگەنەدان بە سەردانی پەرلەمانتاران بۆ سەردانی پڕۆژەكان بەبێ ئاگاداری لیژنەكانی پەرلەمان‌و سەرۆكایەتی پەرلەمان، پەرلەمانتاران داوایانكرد ناوی ئەو پەرلەمانتارانە ئاشكرا بكرێن كە تێوەگلاون لە وەرگرتنی بەرتیل‌و لێكۆڵینەوە لەوبارەیەوە بكرێت، نەك گومان لەسەر كۆی پەرلەمانتاران دروست ببێت.

دواتر لەسەر داوای پەرلەمانتاران، ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان پێكهێنانی لیژنەی لێكۆڵینەوەی بۆ ئەو بابەتە خستە دەنگدانەوەو بەكۆی دەنگ بڕیاری پێكهێنانی لیژنەكە درا، سەرۆكی پەرلەمان داوای لە فراكسیۆنەكان كرد هەریەكەیان پەرلەمانتارێك دیاری بكەن بۆ ئەندام بوون لە لیژنەكە تا بخرێتە دەنگدانەوە.

پەرلەمانتار عەلی حەمەساڵح لە كۆبوونەوەكەدا ڕەخنەی لە نووسراوەكەی سەرۆكی پەرلەمان گرت، لەبارەی پرسی وەرگرتنی بەریتل لەلایەن پەرلەمانتاران وتی "من دەزانم سكاڵا كراوە، ئەو وەبەرهێنەرەی سكاڵای كردووە مەرج نییە ڕاست بكات، ڕەنگە ڕاستیش بكات، دەبێت ڕوبەڕو بكرێتەوە لەگەڵ پەرلەمانتارەكە".

سەرۆكی پەرلەمان لە كۆبوونەوەكەدا چەند جارێك ڕوونكردنەوەی لەسەر ئەم بابەتەدا، لەبارەی مامەڵەی ڕاستەوخۆی پەرلەمانتاران لەگەڵ كەرتی تایبەت‌و پڕۆژەكانیان، ئاماژەی بەوەكرد، لەكاتی دانانی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەماندا یەك دەرچەیان دۆزیوەتەوە بۆ شێوازی مامەڵەكردن‌و چاودێریكردن لەگەڵ كەرتی تایبەت بە شێوازی ڕاستەوخۆی كە مامەڵەكردنەكە لە ڕێی لیژنەی پەرلەمانییەوە بێت.

ڕێواز فایەق ڕووەو پەرلەمانتاران وتی "بەڕێزتان زیاتر لە جارێك وتوتانە ناچین بۆ لای وەزیر دەبێت وەزیر بێت بۆ ئێرە، واتان وتووەو هەقی خۆتانە پێتانوایە دەنگتان داوە بە وەزیرە بەڕێزەكان‌و دەبێت ئەوان بێن بۆ ئێرە، ئەی چۆن ئاساییە ئەگەر كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەت گەندەڵیی كردبوو ئەندامێكی ئازیزی شكۆداری پەرلەمانی كوردستان بچێت بۆلای كۆمپانیا، ئەگەر لە ڕێگەی لیژنەیەكەوە نەبێت".

سەرۆكی پەرلەمان ئەوەشی خستەڕوو، هەر لیژنەیەكی پەرلەمانی لە خولەكانی ڕابردوو كە مەبەستی بووبێت كە سەردانی پڕۆژە بكات، حكومەت ئاگادار كراوەتەوە كە شوێنی كارەكە ئاگادار بكاتەوەو بەڕێوەبەری گشتی ئەو كەرتە دەبوو لەگەڵ لیژنەكەی پەرلەمان بێت، "ئەوەی كە پەرلەمانی كوردستان مامەڵەی لەگەڵ دەكرد لێپرسراوە حكومییەكەیە كە دەبێت چاودێربێت لەسەر كەرتی تایبەت نەك بچیت قسە لەگەڵ كۆمپانیا بكەیت، دڵنیاتان دەكەم كە ئێمە بەتەنها مەبەستمان ڕێكخستنی ئەم بابەتە بووە".

بەدواداچوونێكی وردی پەرەگراف لەبارەی ئەو دۆسیەیە كە دوێنێ بڵاوكرایەوە