گەرما 50 پلە تێدەپەڕێنێت‌و بێكارەبایی گڕ بەردەداتە عێراقییەكان

30-06-2021 03:42

پەرەگراف

لەگەڵ چونە ناو هاوینێكی گەرمی تاقەت پڕوكێن و بەرزبونەوەی گەرما بۆ نیوەی پلەی كوڵاندن، كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا بە عێراقییەكان كەمتر بووەتەوە، ئەوەش گرفت و كێشەی بۆ هاوڵاتیان زیاتر كردووە و گڕی زیاتری بەرداوەتە توڕەییان.

بەپێی چەند سەرچاوەیەك، پلەی گەرما لەژێر تیشكی خۆردا لە چەند ناوچەیەكی عێراق 60 پلەی تێپەڕاندووە، لە شوێنی سێبەریشدا 50 پلە زیاتر تۆماركراوە.

دوو ڕۆژ پێش ئێستاش شاری هەولێر چووەژێر كاریگەری ئەو شەپۆلی گەرمایەی عێراقی گرتۆتەوە، بەوەش ژمارەی پێوانەیی تێپەڕاندنی 50 پلەی تێدا تۆماركرا.

بەپێی پێشبینییەكانی دەستەی كەشناسی عێراق و پسپۆڕانی بواری كەشوهەوا، هاوینی ئەمساڵ لە عێراق گەرمترین دەبێت، لە سێ مانگی داهاتوودا چەند جارێك ژمارەی پێوانەیی بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو تۆمار دەكرێت.

شەپۆلی گەرماكە وای لە كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ كردووە، داوا لە حكومەتی عێراق بكات كاتژمێرەكانی دەوام كردن لە فەرمانگەكاندا كەم بكاتەوە، ئەوەش بەهۆی بەرزبونەوەی پلەكانی گەرماوە.

هەربەوهۆیەوە لە پارێزگای دیوانییە پێنج شەممەی ھەموو ھەفتەیەك كرا بە پشوو، كاتژمێرەكانی دەوامی فەرمانبەرانیش كەمكرانەوە، بەسرەش چوار شەممەو پێنج شەممەی ئەم ھەفتەیەی كرد بە پشوو، نەجەفیش پێنج شەممەی كرد بە پشوو.

ئەوەی دۆخەكەی خراپتركردووەو فشارێكی زیاتری بۆسەر عێراقییەكان دروستكردووە، چونەناو شەپۆلی سێهەمی ڤایرۆسی كۆرۆنایە، كە هاوكاتە لەگەڵ بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما و كەمبونەوەی كاتژمێرەكانی پێدانی ئاو و كارەبا.

دارا حەسەن پسپۆڕی كەشناسی و بەڕێوبەری پێشووی بەڕێوبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەی سلێمانی دەڵێت "گەرماكە شەپۆلێكی وەرزیی هیندییە، لەئێستادا هاتووەتە عێراق و بۆماوەی نزیكەی 40 ڕۆژ بەردەوام دەبێت، كاریگەرییەكەی زیاتر لەسەر ناوچەكانی ناوەڕاست و باشوری عێراق و چەند ناوچەیەكی باكور دەبێت، پێشبینی دەكرێت لەچەند كاتێكی ئەم شەپۆلەدا پلەی گەرما بگاتە 55 پلە".

"پێویست بە زیادەڕۆیكردن ناكات لە دڵەڕاوكێدا، بەڵام ئەوەی ترس زیاد دەكات لەم بابەتەدا، خراپی دۆخی كارەبایە لە عێراق، كە هاوڵاتیان ناتوانن ئامێری فێنككەرەوە بەكاربهێنن، ئەوەش مشتومڕێكی زۆری دروستكردووە، بەداخەوە بڕانی كارەبا بەردەوامە، چەند كاتژمێرێكی كەم هەیە كە شایەنی باسكردن نییە، ئەوەش ژیانی عێراقییەكانی لە هەموو هاوینێكدا خستۆتە جەهەننمەوە" دارا حەسەن وادەڵێت.

حەبیب عەلی هاوڵاتییەكە و باسی گرفتەكان دەكات لەگەڵ كەمی كارەبادا لە وەرزی گەرما، دەڵێت "هەموو هاوینێك گرفتێكی زۆرمان لەگەڵ گەرمای زۆر و كەمی كارەبا هەیە، بەڵام پێدەچێت ئەمساڵ هاوینەكەی زۆر گەرمتر بێت، كاتژمێرەكانی پێدانی كارەباش كەمتر دەبێتەوە، پێش هاتنی مانگی تەمموز گەرما 50 پلەی تێپەڕاندووە، مانای وایە لە دوو مانگی داهاتوودا پلەكان زیاتر بەرزدەبێتەوە".

ئەو هاوڵاتییە ئاماژە بەوە دەكات "دۆخێكی دژوار و ئاڵۆزمان هەیە، كەمی كارەبا كەمبونەوەی ئاوی لێدەكەوێتەوە، پێشبینی بكە چەند ڕۆژ جارێك كاتێك چاوەڕێین ئاو بێتەوە تاوەكو هەڵیبەین بۆ ماڵەكانمان لەو كاتەدا كارەبا نییە، بەو شێوەیەش ناتوانین تەنكی سەربان پڕ ئاو بكەین، چونكە موزەخە بەبێ كارەبا كارناكات".

دەستلەكاركێشانەوەی وەزیر

ڕۆژی سێ شەممە ماجید حەنتوش وەزیری كارەبای عێراق، دەستەلەكاركێشانەوەی لە پۆستەكەی پێشكەشی مستەفا كازمی سەرۆكوەزیران كرد، ئەوەش بەهۆی كەمبونەوەی كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا و بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما.

ئەحمەد موسا وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عێراق لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی ڕاگەیاندنی عێراق "واع"، جەختی لەسەر دەستلەكاركێشانەوەی وەزیر كردۆتەوە بێ ئەوەی ڕوونكردنەوەی زیاتر لەو بارەیەوە بدات.

دەستلەكاركێشانەوەكەی وەزیر، دوای دوو ڕۆژ دێت لە هەڵمەتێكی ڕەوتی سەدر بۆ لابردنی وەزیری كارەبا.

ئێران قەیرانەكە قوڵتر دەكاتەوە

بەشێكی ئەو كارەبایەی لە عێراق هەیە، لە ئێرانەوە دێت، بەڵام ڕۆژی سێ شەممە بڕی ئەو مێگاواتەی لەو وڵاتەوە بۆ شارەكانی عێراق هاتووە سفر بووە، ئەوەش وایكردووە دۆخەكە خراپتر بێت و چەندین ناوچە بێ كارەبا بن.

هەنگاوەكەی ئێران وەك فشارێكە بۆسەر حكومەتی عێراق تاوەكو ئەو قەرزانە بداتەوە كە بەهۆی كڕینی كارەباوە لەو وڵاتە لەسەری كەڵەكەبووە، بەرپرسێكی وەزارەتی كارەباش ئاشكرای دەكات، كەمبونەوەی فعلیی لەم هەفتەیەوە دەستی پێكردووە.

كۆی قەرزەكانی عێراق لەبواری وزە لەگەڵ ئێراندا زیاتر لە چوار ملیار دۆلارە، قەیرانی دارایی بۆتەهۆی دواخستنی پێدانەوەی قیستەكانی ئەو قەرزانە، هاوكات ترس لە سزاكانی ئەمریكا وایكردووە دواخستن لە ناردنی پارەكەدا ڕووبدات.

هێرشەكانی داعش

ڕێكخراوی تیرۆرستی داعش ڕۆژی دووشەممە بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە ڕاگەیاند كە بە موشەكی كاتیۆشا كرایەسەر وێستگەی كارەبای سەلاحەدین لە شاری سامەرا و زیانێكی زۆری بە وێستگەكە گەیاند.

دوای هێرشەكەش هێزە ئەمنییەكان دوو هەوڵی دیكەی داعشیان پوچەڵكردەوە، ئەویش هەوڵی تەقاندنەوەی دوو تاوەری گەورەی كارەبابوو.

ماوەیەكە هێرشەكانی ڕێكخراوە تیرۆرستییەكە بۆسەر وێستگە و تاوەرەكانی كارەبا زیادی كردووە، بەجۆرێك ڕۆژی 14ی حوزەیران، چەند تاوەرێكیان لە پارێزگای سەلاحەدین تەقاندەوە، مانگی ئایاریش بەهەمان شێوە تاوەرەكانی ئەو پارێزگایەی كردبووە ئامانج، ئەوانەش بونەهۆی بڕینی كارەبا لە بەشێكی زۆری ناوچەكە.

لە 16ی مانگیشدا بە چەند بۆمبێكی چێندراوەوە هێڵی گواستنەوەی كارەبا لە ئێرانەوە بۆ عێراق كرایە ئامانج، بە دیاریكراویش لە پارێزگای دیالە، ئەوەش بووەهۆی بڕینی كارەبا لە سێ بەشی شارەكە.