یەكەم درز كەوتە كابینەكەی مەسرور بارزانی؛ دوو وەزیری گۆڕان‌و یەكێتی بایكۆت دەكەن

30-06-2021 03:52

پەرەگراف

كۆبوونەوەكەی پەرلەمانی كوردستان یەكەم درزی خستە كابینەكەی مەسرور بارزانی، بەهۆی نیگەرانییان لە هەڵوێست‌و پرسیاری پەرلەمانتاران بەتایبەت فراكسیۆنی پارتی‌و "هەماهەنگیی پێشوەختەی فراكسیۆنی پارتی‌و یەكێتی"، هەریەكە لە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی‌و خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری بەغداد، بایكۆتی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران‌و دەوامی وەزارەتەكانیان دەكەن، بەوتەی دوو سەرچاوەی ئاگادار بۆ پەرەگراف.

دوو سەرچاوەی دیكەش لە نوسینگەی ئاوات شێخ جەناب كە داوایانكرد ناویان نەهێنرێت بەوپێیەی وتەبێژ نین‌و ناتوانن قسە بۆ ڕاگەیاندن بكەن، پشتڕاستیان كردەوە كە وەزیری دارایی ئەمڕۆ نەچووە بۆ دەوام، سەرچاوەیەكیان وتی "كاك ئاوات گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی‌و بە فەرمیی هیچی بە ئێمە نەوتووە"، سەرچاوەكەی دیكەش تەئكیدی كردەوە كە ئەمڕۆ وەزیری دارایی نەچووە بۆ دەوام، لە وەڵامی هۆكاری دەوام نەكردنی‌و ئایا نیگەرانیی هەیە، ئەو سەرچاوەیە وتی "دیارە نیگەرانیی هەیەو بەهۆی كۆبوونەوەكەی پەرلەمانەوەیە".

سەرچاوەكان باسلەوەدەكەن، وەزیری دارایی پێیوایە، "فراكسیۆنی پارتی و یەكێتی لەو كۆبوونەوەیەی پەرلەماندا ھەماھەنگیی پێشوەختەیان ھەبووە بۆ لێدان لە ئەو، بە جۆرێك خراپی دۆخی دارایی و لێبڕینی مووچە بخرێتەسەر شانی، لە كاتێكدا وەزیری دارایی پێیوایە ئەو و وەزارەتەكەی ھۆكاری ئەو دۆخە نین‌و پارتی‌و یەكێتی‌و بەرپرسەكانیان هۆكارن".

بەوتەی سەرچاوەكان خالید شوانیش هەمان تێبینیی لەسەر هەڵوێستی "فراكسیۆنی پارتی‌و یەكێتیش" هەیە لەو كۆبوونەوەیەی پەرلەماندا.

سەرچاوەیەك دەڵێت "ئەم كابینەیەو كابینەی پێشووتریش سەرۆكوەزیران پارتی بووە‌و مەلەفی نەوت لای ئەوانە، ئێستا ناكرێت دەستە چەورەكەیان بە وەزیرەكاندا بسڕن ‌و بەهۆكاری ئەو دۆخە خراپەیان بزانن".

بڕیاربوو ئەمڕۆ كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ئەنجام بدرێت، بەڵام كۆبوونەوەكە نەكراو حكومەت هیچ ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی ئەنجام نەدانی بڵاو نەكردووەتەوە. پێدەچێت نیگەرانیی ئەو دوو وەزیرەی گۆڕان‌و یەكێتی هۆكاری كۆنەبوونەوەی حكومەت بێت.

ئەوە یەكەمجارە نیگەرانیی لەئاستی وەزیر لە كابینەكەی مەسرور بارزانی ڕووبدات، لە تەمەنی نزیك بە دوو ساڵی كابینەكەدا كە بە ڕێككەوتنی پارتی لەگەڵ گۆڕان‌و یەكێتی پێكهاتووە سەرباری كێشەو ململانێی حزبیی كابینەكە هەمیشە وەك یەك تیمی یەكگرتوو خۆی پیشانداوە.

زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ پەرەگراف وتی، ئەو هیچ زانیارییەكی نییە لەبارەی نیگەرانیی‌و بایكۆتی وەزیرەكانی یەكێتی‌و گۆڕان. هاوكات پەرەگراف چەند جارێك پەیوەندیكرد بە گوڵستان سەعید سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان، بەڵام وەڵامی نەدایەوە.

ئاوات شێخ جەناب لە پشكی گۆڕان‌و خالید شوانی لە یەكێتی ئەندامی شاندی دانوستانكاری هەرێمن بۆ بەغداد، لە كۆبوونەوەكەی پەرلەمانداو لەكاتی وەڵامدانەوەی پەرلەمانتاراندا نیگەرانیی بە وەڵامەكانیانەوە دیاربوو.

 كۆبوونەوەكەی پەرلەمان پێرێ تا بەرەبەیانی دوێنێ بەردەوام بوو، بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە وەزیر و بەرپرسانی حكوومەتی هەرێم، پەرلەمانتاران دەیان پرسیاریان سەبارەت بە داهات، لێبڕینی مووچە، هەنگاوەكانی چاكسازی، دەروازە سنوورییەكان و چەندین بابەتی دیكە ئاراستەی نوێنەرانی حكوومەت كرد، ئەوانیش وەڵامی زۆرێك لە پرسیارەكانیان دایەوە.

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی لە وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتاراندا نەیشاردەوە كە ڕێگری لەبەردەم پرۆسەی چاكسازی هەیە و وتی "دەوڵەتی قووڵ لە هەموو شوێنێكی ئەم سیستەمە سیاسی و حكومەتەی ئێمەدا هەیە. لە دەروازە سنوورییەكان هەیە، لەناو وەزارەتەكەی مندا هەیە. ئەگەر پێم بڵێی: دەوڵەتی قووڵ چییە؟ نامەوێ شەرحی بكەم، بۆ ئەوەی حەساسیەت بۆ كەستان ڕانەكێشم، بەڵام ڕوونە".

ئەو وتەیەی ئاوات شێخ جەناب ئاماژەبوو بۆ ڕێگرییەكانی بەرپرسانی حزبیی لە پارتی‌و یەكێتی. مەبەست لە دەوڵەتی قووڵ (دەوڵەت لەناو دەوڵەتدا) بوونی كەسانێكی دەسەڵاتدارە لە پشتی دەزگا و دامەزراوەكانەوە لەپێناو بەرژەوەندیی كەسی و گرووپیدا بڕیار دەدەن، لە كاتێكدا ھیچ پۆستێكی فەرمییان لەناو دەزگاكانی یاسادانان و جێبەجێكردن و دادوەریدا نییە.