حكومەتی هەرێم دەسەڵاتی وەبەرهێنان بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دادەبەزێنێت

04-07-2021 09:02

پەرەگراف

ئەنجومەنی باڵای ئابووریی هەرێمی كوردستان بەبێ‌ بەشداریی وەزیری دارایی كۆبووەوە و "بڕیاری دا بە دابەزاندنی دەسەڵاتەكانی تایبەت بە كەرتی وەبەرهێنان و مۆڵەتدان بە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان، بۆ پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان". ئەنجومەنەكە دەڵێت "لە پێناو كارئاسانیكردن بۆ وەبەرهێنەران و نەهێشتنی ڕۆتین" ئەو هەنگاوە نراوە.

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ یەكشەممە 4-7-2021ی ئەنجومەنی باڵای ئابووریی هەرێمی كوردستاندا كە بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت و بەشداریی زۆرینەی وەزیرەكان بەڕێوە چووە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم، بەهۆی نیگەرانییەكانی پێشووی بەشداریی نەكردووە.

بەپێی ماڵپەڕی فەرمیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەكەدا "پەرەپێدانی دۆخی ئابووری و ڕێكخستنەوەی داهاتی گشتی و باشتركردنی بژێویی هاووڵاتیان تاووتوێ كرا".

"سەرۆكی حكومەت جەختی لەوە كردەوە كە كاری لەپێشینەی حكومەت، دابینكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانە، بۆ ئەم مەبەستەش حكومەت هەموو هەوڵێك دەخاتە گەڕ لە پێناو برەودان بە داهاتە گشتییەكان و كەمكردنەوەی خەرجییە ناپێویستەكان"، ماڵپەڕی فەرمیی حكومەت وا دەڵێت.

لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكەدا "ڕێكخستنەوەی باج و ڕسومات و میكانیزمی كۆكردنەوەی باجەكان" تاووتوێ كراوە و بڕیار دراوە "جێگری سەرۆكی حكومەت سەرپەرشتیی پرۆسەی ڕێكخستنەوەی باج و ڕسومات بكات".

ماڵپەڕێ‌ حكومەت دەڵێت "دووپاتیش كرایەوە كە كابینەی نۆیەم هیچ باجێكی زیاد نەكردووە، بەڵكو تەنیا شێوازی كۆكردنەوەی باجەكانی ڕێكخستووەتەوە. ئەو باجانەی پێشتر بە پێی یاسا دانراون، كۆیان دەكاتەوە بە بێ ئەوەی كاریگەرییەكی نەرێنی لە سەر بژێوی هاووڵاتیان و بەتایبەتی چینی هەژار ومام ناوەندی كۆمەڵگە و جموجۆڵ و ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەبێت".

كۆبوونەوەكە جەختیشی لەسەر "دروستكردنی هاوسەنگی لە نێوان پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی و دیاریكردنی نرخ و ڕێگریكردن لە قۆرخكاری و بەرزبوونەوەی نرخ" كردووەتەوە و "وەزارەتە پەیوەندیدارەكان ڕاسپێردران بۆ جێبەجێكردنی ئەو ڕێنماییانە بە ڕەچاوكردنی پاراستنی بەرژەوەندی گشتی و بەكاربەرانی هەرێمی كوردستان".

بەشدارینەكردنی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا، پاش ئەوە دێت كە پێشتر پەرەگراف بڵاوی كردەوە كە ناوبراو لەگەڵ خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری دانوستان لەگەڵ بەغداد، بەهۆی نیگەرانییان لە هەڵوێست ‌و پرسیاری پەرلەمانتاران بەتایبەت فراكسیۆنی پارتی لە كۆبوونەوەی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، ئامادە نەبوون بەشداریی كۆبوونەوەكەی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردووی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بكەن.

ڕۆژی چوارشەممە 30-6-2021، دوو سەرچاوە لە نووسینگەی ئاوات شێخ جەناب كە داوایان كرد ناویان نەهێنرێت بەوپێیەی وتەبێژ نین‌ و ناتوانن قسە بۆ ڕاگەیاندن بكەن، بۆ پەرەگراف پشتڕاستیان كردەوە كە وەزیری دارایی نەچووە بۆ دەوام، سەرچاوەیەكیان وتی "كاك ئاوات گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی ‌و بە فەرمی هیچی بە ئێمە نەوتووە". سەرچاوەكەی دیكەش تەئكیدی كردەوە كە ئەمڕۆ وەزیری دارایی نەچووە بۆ دەوام، لە وەڵامی هۆكاری دەوام نەكردنی ‌و ئایا نیگەرانیی هەیە، ئەو سەرچاوەیە وتی "دیارە نیگەرانیی هەیە و بەهۆی كۆبوونەوەكەی پەرلەمانەوەیە".

سەرچاوەكان باسیان لەوە كرد، وەزیری دارایی پێی وایە "فراكسیۆنی پارتی و یەكێتی لەو كۆبوونەوەیەی پەرلەماندا ھەماھەنگیی پێشوەختەیان ھەبووە بۆ لێدان لە ئەو، بە جۆرێك خراپی دۆخی دارایی و لێبڕینی مووچە بخرێتە سەر شانی، لە كاتێكدا وەزیری دارایی پێی وایە ئەو و وەزارەتەكەی ھۆكاری ئەو دۆخە نین ‌و پارتی‌ و یەكێتی‌ و بەرپرسەكانیان هۆكارن".

دواتریش دلێر عەبدولخالق، وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان، بە میدیای حیزبەكەی ڕاگەیاند، نیگەرانی وەزیری دارایی و ئابوری لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە پێی وایە لە ڕێگەی سەرۆك و جێگری سەرۆكی پەرلەمانەوە ڕێككەوتنی پێشوەختە كراوە و هەوڵ دراوە موزایەدەیەكی زۆر بكرێتە سەر تیمی حكومەت و بەتایبەتیش خودی وەزیری دارایی و ئابووری، لە ڕێگەی ئەویشەوە بەئامانجگرتنی بزووتنەوەی گۆڕان، لە كاتێكدا خەڵكی هەرێمی كوردستان باش دەزانێت لێبڕینی مووچە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانە و سەرۆكوەزیران و جێگری سەرۆكی حكومەت لێی بەرپرسن.

وتەبێژی گۆڕان دەشڵێت "نیگەرانییەكانی وەزیری دارایی لە ڕێگەی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بە شێوەیەكی فەرمی گەیەندراوە بە سەرۆك و جێگری سەرۆكی حكومەت".

ئەوە یەكەمجارە نیگەرانیی لەئاستی وەزیر لە كابینەكەی مەسرور بارزانی ڕووبدات، لە تەمەنی نزیك بە دوو ساڵی كابینەكەدا كە بە ڕێككەوتنی پارتی لەگەڵ گۆڕان‌و یەكێتی پێكهاتووە سەرباری كێشەو ململانێی حزبیی كابینەكە هەمیشە وەك یەك تیمی یەكگرتوو خۆی پیشانداوە.

ئاوات شێخ جەناب لە پشكی گۆڕان‌ و خالید شوانی لە یەكێتی، ئەندامی شاندی دانوستانكاری هەرێمن بۆ بەغداد، لە كۆبوونەوەكەی پەرلەماندا و لە كاتی وەڵامدانەوەی پەرلەمانتاراندا، نیگەرانی بە وەڵامەكانیانەوە دیاربوو.

كۆبوونەوەكەی پەرلەمان ڕۆژی 28-6-2021 بەڕێوە چوو كە تا بەرەبەیانی ڕۆژی دواتر بەردەوام بوو، تێیدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە وەزیر و بەرپرسانی حكوومەتی هەرێم، پەرلەمانتاران دەیان پرسیاریان سەبارەت بە داهات، لێبڕینی مووچە، هەنگاوەكانی چاكسازی، دەروازە سنوورییەكان و چەندین بابەتی دیكە ئاراستەی نوێنەرانی حكوومەت كرد، ئەوانیش وەڵامی زۆرێك لە پرسیارەكانیان دایەوە.

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی، لە وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتاراندا نەیشاردەوە كە ڕێگری لەبەردەم پرۆسەی چاكسازی هەیە و وتی "دەوڵەتی قووڵ لە هەموو شوێنێكی ئەم سیستەمە سیاسی و حكومەتەی ئێمەدا هەیە. لە دەروازە سنوورییەكان هەیە، لەناو وەزارەتەكەی مندا هەیە. ئەگەر پێم بڵێی: دەوڵەتی قووڵ چییە؟ نامەوێ شەرحی بكەم، بۆ ئەوەی حەساسیەت بۆ كەستان ڕانەكێشم، بەڵام ڕوونە".

ئەو وتەیەی ئاوات شێخ جەناب ئاماژەبوو بۆ ڕێگرییەكانی بەرپرسانی حزبیی لە پارتی‌و یەكێتی. مەبەست لە دەوڵەتی قووڵ (دەوڵەت لەناو دەوڵەتدا) بوونی كەسانێكی دەسەڵاتدارە لە پشتی دەزگا و دامەزراوەكانەوە لەپێناو بەرژەوەندیی كەسی و گرووپیدا بڕیار دەدەن، لە كاتێكدا ھیچ پۆستێكی فەرمییان لەناو دەزگاكانی یاسادانان و جێبەجێكردن و دادوەریدا نییە.

* یەكەم درز كەوتە كابینەكەی مەسرور بارزانی؛ دوو وەزیری گۆڕان‌و یەكێتی بایكۆت دەكەن

* حكومەت بۆ پەرلەمانتاران: داهاتی نەوت لەسەدا 42ی دەمێنێتەوەو چاكسازی ڕێگریی لێ‌ دەكرێت