ئێران داوای چەككردن و دەركردنی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەكانی وڵاتەكەی لە عێراق دەكات

13-09-2021 02:22
عەلی شەمخانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق

پەرەگراف 

سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دەربارەی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی وڵاتەكەی لەناو خاكی هەرێمی كوردستان، داوای لە سەرۆكوەزیرانی عێراق كردووە كە "ئەو گرووپانە بە خێرایی چەك بكرێن و لە عێراق دەربكرێن". ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاویش لە زاری بەرپرسێكی دیموكراتەوە ڕایگەیاندووە كە پێنج ڕۆژە هێرشەكانی ئێران بۆ سەر ئەو حیزبانە بەردەوامە و 15 جار هێرش ئەنجام دراوە، بەڵام "زیانی گیانی نەبووە".

عەلی شەمخانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، نیگەرانیی دەربارەی تەشەنەسەندنی جووڵەی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران دەربڕیوە.

ئاژانسی هەواڵی كۆماری ئیسلامی (ئیرنا) دەڵێت "سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران تەشەنەسەندنی جووڵەی گرووپە تیرۆریستییەكانی ناو هەرێمی كوردستانی عێراقی بە نیگەرانكەر و مەترسی بۆ ئاسایشی سنووری نێوان هەردوو وڵات ناو بردووە".

ئیرنا دەشڵێت "شەمخانی جەختی لەسەر پێویستیی چەككردن و دەركردنی خێرای ئەو گرووپانە لە خاكی عێراق كردووەتەوە".

ئەمە لە كاتێكدایە كە ڕۆژی 6-9-2021، فەرماندەی هێزە زەمینییەكانی سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوەی توندی لە حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی وڵاتەكەی لە هەرێمی كوردستان كرد. سێ‌ ڕۆژ پاش ئەوەیش ئێران بە درۆنی خۆكوژ و تۆپ، بۆردوومانی بارەگاكانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی كرد.

لەبارەی ئەو هێرشانەوە حیزبی دیموكرات ڕایگەیاند "ئێران فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی خۆكوژی بەكار هێناوە. یەكێك لە فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان پێش ئەوەی بگاتە ئامانجەكەی، لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە تەقێندراوەتەوە و خراوەتە خوارەوە".

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دەڵێت "ماوەی پێنج ڕۆژە هێرشی سوپای پاسداران بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی حیزبەكانی كوردستان لە سنووری هەرێمی كوردستان، لە ڕێگەی دڕۆن، تۆپباران و كاتیووشاوە بەردەوامە".

ڕێكخراوەكە باسی لەوەش كردووە كە "تۆپخانەكانی سوپای پاسداران كە لە شارەكانی پیرانشار و شنۆ جێگیر كراون، ئەمڕۆ دووجار لە كاتژمێر 7:50 خولەك و 10:40دا تۆپبارانی بارەگانی حیزبە كوردستانییەكانیان لە كوێستانە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستانی كردووە".

هەنگاو دەڵێت "كاوە بەهرامی، بەرپرسی دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی دیموكرات، ڕایگەیاندووە كە لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا سوپای پاسداران 15 جار هێرشی كردووەتە سەر هێزەكانیان و تا ئێستا هیچ زیانێكی گیانییان نەبووە".

ئەو بەرپرسەی دیموكرات ئاماژەی بەوەش كردووە كە ئێران لە هێرشەكاندا "16 درۆنی خۆكوژیی بەكار هێناوە، كە یەكێكیان پێش لەوە ئامانجەكەی بپێكێت، لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە بەرداوەتەوە".

هێرشەكان پاش ئەوە هاتن كە محەمەد پاكپوور، فەرماندەی هێزە زەمینییەكانی سوپای پاسدارانی ئێران، بۆ بەدواداچوونی جووڵە سەربازییە نوێیەكانی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەكانی وڵاتەكەی، بنكە و بارەگا سەربازییەكانی سوپای پاسدارانی لە باكووری ڕۆژئاوای ئێران بەسەر كردەوە.

محەمەد پاكپوور دەربارەی بەكارهێنانی خاكی هەرێمی كوردستان و عێراق بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتەكەی، ڕایگەیاند "بەردەوامبوونی ئەم بارودۆخە بۆ ئێمە جێگای قبووڵكردن نییە و وەڵامی پێویستی تیرۆریستەكان دەدەینەوە".

پێشتریش ئێران چەندین جار دەربارەی جووڵەی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەكانی وڵاتەكەی لەناو خاكی هەرێمی كوردستان، هۆشداریی داوەتەوە بەرپرسانی هەرێم.

ڕۆژی 5-8-2021 سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بەشدارییان لە مەراسیمی دەستبەكاربوونی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆككۆماری نوێی ئێران كرد. ڕۆژی دواتریش شاندی هەرێم و ڕەئیسی كۆبوونەوە.

لەو كۆبوونەوەیەدا بابەتی بوونی هێزە ئۆپۆزسیسیۆنەكانی ئێران لەناو خاكی هەرێمدا گفتوگۆی لەبارەوە كراوە و سەرۆكی هەرێم جەختی كردووەتەوە كە "ڕێگە بە دروستكردنی هیچ مەترسییەك لە خاكی هەرێمەوە بۆ سەر ئێران نادرێت".