محەمەد تۆفیق عەللاوی: سبەینێ دەنگ لەسەر كابینەكەم دەدرێت

26-02-2020 01:04
محەمەد تۆفیق عەللاوی


پەرەگراف

سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق ڕایگەیاند، سبەینێ دەنگ لەسەر كابینەكەی دەدرێت‌و كۆتایی بە سەردەمی پشك پشكێنەی حیزبیی دەهێنێت.

محەمەد تۆفیق عەللاوی لە تویتێكدا دەڵێت: سبەینێ پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر یەكەم كابینە دەدات كە لە كەسانی سەربەخۆو پاك‌و بەتوانا پێكدێن، بەمەش ماف‌و شكۆ بۆ عێراق دەگەڕێتەوە.

"سبەینێ كاتی یەك بینینە لەگەڵ كەسە شەریفەكان لە ئەندامانی پەرلەمان‌و ئەوانەی خاوەنی هەڵوێستی نیشتمانین‌و خۆڕاگربوون بەرامبەر تەحەدیاتەكان‌و لەگەڵ گەلەكەیاندا دژی كوشت‌و بڕ وەستانەوە، سبەینێ پێكەوە گەل‌و ئەندامانی پەرلەمان‌و كاندیدەكان‌و لایەنە سیاسییەكان پێكەوە پەڕەیەكی نوێ هەڵدەدەینەوە كە دووربێت لە حیزبایەتی بۆ عێراقێكی بەهێز‌و ئازاد" عەللاوی وادەڵێت.

هێشتا ڕوون نییە كورد بەشداریی دەنگدان بە كابینەكەی عەللاوی دەكات یاخود نا، بەوپێیەی عەللاوی ئامادە نییە كاندید لە حیزبەكان وەربگرێت بۆ وەزارەتەكانی كابینەكەی، ئەوەش پارتی‌و یەكێتی نیگەران كردووەو ئەو میكانیزمە ڕەت دەكەنەوە.

پەرەگراف پێشتر ئەوەی ئاشكرا كرد، حیزبە كوردییەكانی دیكە ئەو گەرموگوڕییەی پارتی‌و یەكێتییان نییە بۆ دژ وەستانەوەی كابینەكەی عەللاوی، ئەگەر كارنامەی حكومەتەكەیان بەلاوە پەسەند بێت.

محەممەد تۆفیق عەللاوی سیاسەتمەدارێكی شیعەی عێراقییەو پێشتر پۆستی باڵای هەبووەو لە كابینەی دووەمی نوری مالیكیدا وەزیری گواستنەوەو گەیاندن بووەو ساڵی 2012 بەهۆی كێشەی لەگەڵ مالیكی دەستی لەكاركێشاوەتەوە. 1ی ئەم مانگە لەلایەن بەرهەم ساڵحەوە ڕاسپێردرا بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق.