محەمەد تۆفیق عەللاوی كشایەوە لە پێكهێنانی حكومەت

02-03-2020 12:08
محەمەد تۆفیق عەللاوی


پەرەگراف

سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق لە پێكهێنانی كابینەی حكومەت كشایەوەو داوای لێبوردنی كرد.

محەمەد تۆفیق عەللاوی لە گوتارێكی تەلەفزیۆنیدا كەمێك لەمەوبەر كشانەوەی ڕاگەیاندو داوای لە سەرۆك كۆماری عێراق كرد داوای لێبوردن‌و كشانەوەی قبووڵ بكات.

عەللاوی وتی"ئەگەر سازشم بكردایە من دەستبەكار دەبووم وەك سەرۆك وەزیران. هەندێك لایەن لە گفتوگۆكاندا بۆ بەرژەوەندی تەسكی خۆیان كاریان دەكرد".

محەمەد تۆفیق عەللاوی ئاماژەی بەوەش كرد، بەڵێنی دابوو ئەگەر گوشاری بخرێتەسەر دەستبەرداری ئەو بەرپرسیارێتییە دەبێت، پەیامێكیشی بۆ خۆپیشاندەران ناردو وتی"بە گەل دەڵێم بەردەوام بن لە خۆپیشاندانی ئاشتییانە بۆئەوەی قوربانیدانەكانتان بەهەدەر نەڕوات‌و من وەك عێراقییەك لەپاڵ ئێوەدا دەبم".

كشانەوەكەی عەللاوی دوای ئەوەدێت، ئەمڕۆش زۆرینەی پەرلەمانتاران ئامادە نەبوون بچنە هۆڵی پەرلەمان‌و متمانە بە كابینەكەی ببەخشن، عەللاوی نەیتوانی كوردو سوننەو بەشێكی كەم لە شیعەكان لەخۆی ڕازیی بكات تا دەنگی پێ بدەن.

محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، سبەینێ دوا وادەیە لەبەردەم عەلاویدا بۆ متمانەدان بە كابینەكەی. دوای ئەوەی ئەمڕۆ تەنها 108 پەرلەمانتار ئامادەبوون‌و بەوەش ڕێژەی یاسایی پێكنەهات بۆ دەستپێكردنی كۆبوونەوەی پەرلەمان.

ئەمە دووەم جار بوو دەنگدانی متمانە بەخشین بە حكومەت دوابخرێت، دوای ئەوەی پێنج شەممەی ڕابردووش عەللاوی سەركەوتوو نەبوو لە خستنە سەرپێی كابینەكەی.

هەرچەندە لایەنە شیعەكان بەتایبەت سەدرییەكان‌و هاوپەیمانیی فەتحی هادی عامری بەردەوام لە هەوڵی ڕازیكردنی ناڕازییەكاندابوون بۆ تێپەڕاندنی كابینەكە، بەڵام سەركەوتوو نەبوون‌و كوردو سوننە سووربوون لەسەر هەڵوێستەكانیان، عەللاویش هاوشێوەی ئەوان ئامادە نەبوو سازش بكات‌و بچێتە ژێرباری داواكارییەكان.

عەللاوی بۆ كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی پەرلەمان ناوی 16 وەزیری كابینەكەی ئاڕاستەی پەرلەمان كردبوو، پشكی كورد وەزارەتەكانی ناوخۆو بەرگریی لە لیستەكە دەرهێنابوو بە ئامانجی ئەوەی لانیكەم بە تێپەڕاندنی ئەو 16 وەزارەتە كابینەكەی لە وادەی دەستووریدا بخاتەسەر پێ، بەڵام ئەوەش سوودی نەبوو و پەرلەمانتارانی ڕازیی نەكرد.

كوردو سوننە نیگەران بوون لەو میكانیزمەی عەللاوی بۆ پێكهێنانی كابینەكەی گرتبوویەبەر كە ئامادە نەبوو كاندید لە حیزبەكان وەربگرێت بۆ وەزارەتەكان، ئەمە خاڵی جەوهەریی ناڕازیی بوون بوو لە عەللاوی، لە پاڵ ئەوەشدا بەرنامەی كابینەكەی تێبینی لەسەربوو دەستی نەخستووەتەسەر وردەكاریی ئەو پرسانەی بەلای كوردو تاڕادەیەك سوننەكانیشەوە جێی بایەخن.

پەرەگراف پێشتر ئەوەی ئاشكرا كرد، حیزبە كوردییەكانی دیكە ئەو گەرموگوڕییەی پارتی‌و یەكێتییان نییە بۆ دژ وەستانەوەی كابینەكەی عەللاوی، ئەگەر كارنامەی حكومەتەكەیان بەلاوە پەسەند بێت، ئامادەن لانیكەم لەسەر ئاستی تاك پەرلەمانتارەكانیان دەنگ بە كابینەكە بدەن، بەڵام نایانەوێت بە ڕوونی ئەمە ئاشكرا بكەن تا تۆمەتبار نەكرێن بە شكاندنی ئەو یەكڕیزییەی ئێستا سەرۆكایەتیی هەرێم لە هەوڵی پێكهێنانیدایەو دەیەوێت هاوپەیمانیی كوردستانیی لە بەغداد دروست بكاتەوەو سەرجەم فراكسیۆنە كوردییەكان لەژێر یەك چەتردا كۆبكاتەوە.

محەممەد تۆفیق عەللاوی سیاسەتمەدارێكی شیعەی عێراقییەو پێشتر پۆستی باڵای هەبووەو لە كابینەی دووەمی نوری مالیكیدا وەزیری گواستنەوەو گەیاندن بووەو ساڵی 2012 بەهۆی كێشەی لەگەڵ مالیكی دەستی لەكاركێشاوەتەوە. 1-2-2020 لەلایەن بەرهەم ساڵحەوە ڕاسپێردرا بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق.

بە كشانەوەی عەللاوی، تۆپەكە دەكەوێتەوە قاچی بەرهەم ساڵح‌و مانۆڕێكی نوێی سیاسیی دەست پێ دەكات بۆ ڕاسپاردنی كەسێكی دیكە تا كابینەیەكی نوێ پێكبهێنێت، بۆئەوەش دەبێت سەرباری هێزە گەورەكان‌و سێ پێكهاتە سەرەكییەكەی عێراق(شیعەو كوردو سوننە) ڕەچاوی خواستی شەقامی ناڕازیی عێراقیش بكات.