لیژنەی لێكۆڵینەوە لە تێوەگلانی پەرلەمانتاران بە "گەندەڵی‌و وەرگرتنی بەرتیل" دەست بەكار دەكات

15-11-2021 02:17
كۆبوونەوەیەكی پەرلەمانی كوردستان

پەرەگراف

ئەو لیژنەیەی زیاتر لە 4 مانگە پەرلەمانی كوردستان پێكیهێناوە بۆ لێكۆڵینەوە لە پرسی تێوەگلان بە گەندەڵی‌و وەرگرتنی بەرتیل لەلایەن پەرلەمانتاران، ئەمڕۆ یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجام دا.

لیژنەكە بە بڕیاری پەرلەمانی كوردستان پێكهێندراوەو لە ژمارەیەك پەرلەمانتاری فراكسیۆنە جیاوازەكان پێكدێت، بەڵێن ئیسماعیل ئەندامی لیژنەكە، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، یەكەم كۆبوونەوەیان ئەنجام دا و میكانیزمی كاری لیژنەكەیان دیاری كردووە.

"هێشتا ناوی هیچ پەرلەمانتارێك نەهاتووەتە لیژنەكە" بەڵێن وای وت، ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەن هەر بەڵگەیەكیان لایە لەسەر هەر پەرلەمانتارێك، ئاڕاستەی لیژنەكەیانی بكەن.

دواتر لیژنەكە ڕاپۆرتێك ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكات، لەبارەی كارەكانی‌و ئەو ئەنجامانەی پێی دەگات، ئەو پەرلەمانتارە وتی، دواتر ڕایگشتییش ئاگادار دەكەنەوە.

پرسی وەرگرتنی بەرتیل لەلایەن ژمارەیەك پەرلەمانتاری كوردستان، لە ناوەڕاستی ئەمساڵدا بوو بە دۆسیەیەكی گەرم، لە كۆبوونەوەی پەرلەمان لە 28-6-2021 ئەو پرسە مشتومڕێكی تووندی لێكەوتەوە، لەو كۆبوونەوەیەدا پەرلەمان بە كۆی دەنگ بڕیاریدا لیژنەی لێكۆڵینەوە لەوبارەیەوە پێكبهێنێت.

لە كۆبوونەوەكەدا پەرلەمانتاران ڕەخنەیان لەو نووسراوەی سەرۆكی پەرلەمان گرت كە ئاڕاستەی حكومەتی كردووە دەربارەی ڕێگەنەدان بە پەرلەمانتاران بۆ سەردانی پڕۆژەكان بەبێ ئاگاداری لیژنەكانی پەرلەمان‌و سەرۆكایەتی پەرلەمان، پەرلەمانتاران داوایانكرد، ناوی ئەو پەرلەمانتارانە ئاشكرا بكرێن كە تێوەگلاون لە وەرگرتنی بەرتیل‌و لێكۆڵینەوە لەوبارەیەوە بكرێت، نەك گومان لەسەر كۆی پەرلەمانتاران دروست ببێت.

پەرلەمانتار عەلی حەمەساڵح لە كۆبوونەوەكەدا ڕەخنەی لە نووسراوەكەی سەرۆكی پەرلەمان گرت، لەبارەی پرسی وەرگرتنی بەریتل لەلایەن پەرلەمانتاران وتی "من دەزانم سكاڵا كراوە، ئەو وەبەرهێنەرەی سكاڵای كردووە مەرج نییە ڕاست بكات، ڕەنگە ڕاستیش بكات، دەبێت ڕوبەڕو بكرێتەوە لەگەڵ پەرلەمانتارەكە".

سەرۆكی پەرلەمان لە كۆبوونەوەكەدا چەند جارێك ڕوونكردنەوەی لەسەر ئەم بابەتەدا، لەبارەی مامەڵەی ڕاستەوخۆی پەرلەمانتاران لەگەڵ كەرتی تایبەت‌و پڕۆژەكانیان، ئاماژەی بەوەكرد، لەكاتی دانانی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەماندا یەك دەرچەیان دۆزیوەتەوە بۆ شێوازی مامەڵەكردن‌و چاودێریكردن لەگەڵ كەرتی تایبەت بە شێوازی ڕاستەوخۆ كە مامەڵەكردنەكە لە ڕێی لیژنەی پەرلەمانییەوە بێت.

ڕێواز فایەق ڕووەو پەرلەمانتاران وتی "بەڕێزتان زیاتر لە جارێك وتوتانە ناچین بۆ لای وەزیر دەبێت وەزیر بێت بۆ ئێرە، واتان وتووەو هەقی خۆتانە پێتانوایە دەنگتان داوە بە وەزیرە بەڕێزەكان‌و دەبێت ئەوان بێن بۆ ئێرە، ئەی چۆن ئاساییە ئەگەر كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەت گەندەڵیی كردبوو ئەندامێكی ئازیزی شكۆداری پەرلەمانی كوردستان بچێت بۆلای كۆمپانیا، ئەگەر لە ڕێگەی لیژنەیەكەوە نەبێت".

سەرۆكی پەرلەمان ئەوەشی خستەڕوو، هەر لیژنەیەكی پەرلەمانی لە خولەكانی ڕابردوو كە مەبەستی بووبێت كە سەردانی پڕۆژە بكات، حكومەت ئاگادار كراوەتەوە كە شوێنی كارەكە ئاگادار بكاتەوەو بەڕێوەبەری گشتی ئەو كەرتە دەبوو لەگەڵ لیژنەكەی پەرلەمان بێت، "ئەوەی كە پەرلەمانی كوردستان مامەڵەی لەگەڵ دەكرد لێپرسراوە حكومییەكەیە كە دەبێت چاودێربێت لەسەر كەرتی تایبەت نەك بچیت قسە لەگەڵ كۆمپانیا بكەیت، دڵنیاتان دەكەم كە ئێمە بەتەنها مەبەستمان ڕێكخستنی ئەم بابەتە بووە".

بەدواداچوونێكی وردی پەرەگراف لەبارەی ئەم دۆسیەیە بخوێنەرەوە

پەرلەمانتارانی كوردستان تێوەگلاون لە گەندەڵیی‌و وەرگرتنی بەرتیل؟ پەرەگراف بەدواداچوونی بۆ دەكات