چۆن یەكێتی دوو كورسیی هەڵبژاردنی لە پارتی بردەوە؟ كاردانەوەی پارتی چی دەبێت؟

20-11-2021 01:21
ڕۆنزی زیاد و هەرێم كەمال ئاغا، دوو كاندیدە براوەكەی یەكێتی.

پەرەگراف

كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە فەرمی سەركەوتنی دوو كاندیدی دیكەی یەكێتیی لە پارێزگاكانی هەولێر و نەینەوا ڕاگەیاند و شوێنی دوو كاندیدی دەرچووی پارتی دەگرنەوە. پارتیش دەڵێت لە دادگای فیدراڵی تانە لە بڕیارەكە دەدەن و ئەو پێشكەوتنەی یەكێتی "كاتییە".

ئەو دوو كاندیدەی یەكێتی بریتین لە هەرێم كەمال ئاغا لە بازنەی سێی هەولێر و ڕۆنزی زیاد لە بازنەی دووی نەینەوا، كە بەپێی ئەنجامی پێشووی هەڵبژاردن دوو كاندیدی پارتی دەنگی زیاتر لەوانیان بەدەست هێنابوو.

سووتاندنی دەنگی ژمارەیەك بنكە و وێستەگە بەهۆی بوونی پەنجەمۆری دووبارە و دەركەوتنی جیاوازیی دەنگەكان لە ژماردنەوەی دەستیدا، بووە فریادڕەس بۆ كاندیدەكانی یەكێتی.

سەبارەت بە دەرچوونی هەرێم كەمال ئاغا، كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە نووسراوێكی فەرمیدا ڕایگەیاندووە كە ئەو كاندیدە لە ماوەی یاساییدا سكاڵای تۆمار كردووە و كۆمیسیۆنیش بەدواداچوونی بۆ سكاڵاكە كردووە، دەركەوتووە كە لە "هەندێك ناوەند و وێستگەی دەنگدان پەنجەمۆری دووبارە هەبووە".

كۆمیسیۆن بڕیاری داوە بە ڕەتكردنەوە و هەڵوەشاندنەوەی دەنگی ئەو ناوەند و وێستگانە، بەو هۆیەوە ئەنجامی هەڵبژاردن لەو بازنەیە گۆڕانی بەسەردا هاتووە و كاندیدەكەی یەكێتی دەنگی پێویستی بۆ بردنەوەی كورسیی پەرلەمان بەدەست هێناوە.

بەپێی ئەنجامی بەرایی پێشووی هەڵبژاردن كە لەلایەن كۆمیسیۆنەوە بڵاو كراوەتەوە، لە بازنەی سێی هەولێر كە سێ‌ كورسییە، دوو كاندیدی پارتی و كاندیدێكی نەوەی نوێ‌ سەركەوتنیان بەدەست هێناوە بەم شێوەیە: ڕێبوار هادی - پارتی - 23093 دەنگ، ڤیان عەبدولعەزیز - نەوەی نوێ - 14168 دەنگ، لەیلا ئەكرەم - پارتی - 9306 دەنگ، لە دوای ئەوانیش هەرێم كەمال ئاغا، كاندیدی یەكێتی، دەنگی چوارەمی بەدەست هێناوە كە 9069 دەنگە.

بەپێی ئەنجامی نوێی كۆمیسیۆن كە هێشتا وردەكاری و ژمارەی نوێی دەنگەكان ئاشكرا نەكراوە، ژمارەی دەنگەكانی هەرێم كەمال ئاغا پێش لەیلا ئەكرەم كاندیدی پارتی دەكەوێت كە پێشتر كاندیدەكەی پارتی بە 267 دەنگ لە پێشەوە بووە.

نووسراوەكەی كۆمیسیۆن سەبارەت بە دەرچوونی هەرێم كەمال ئاغا

ئەنجامی پێشووی دەنگدان لە بازنەی سێی هەولێر

سەبارەت بە ڕۆنزی زیادیش، كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە بڕیارێكی فەرمیدا ڕایگەیاندووە كە لە "قوتابخانەی وانەی سەرەتایی" ئەنجامی هەڵبژاردن پاش تەواوبوونی پرۆسەی دەنگدان لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە نەگەیشتووە بە كۆمیسیۆن، بەڵكوو دواتر لە ڕێگەی فلاش میممۆرییەوە ئەنجامەكان گەیشتووەتە بەغدا، هەر بۆیە دەنگەكان بە دەستی ژمێردراونەتەوە.

كۆمیسیۆن دەڵێت، دەركەتووە كە جیاوازی لە نێوان ئەنجامەكان و ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكان هەیە، بۆیە بەپێی ماددەی 38 لە یاسای كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان، ژمارە 31ی ساڵی 2019، ئەنجامی دەنگدان لەو ناوەندە هەڵوەشێندراوەتەوە و ئەژمار نەكراوە، بەو هۆیەوە گۆڕانكاری لە ئەنجامی هەڵبژاردن لەو بازنەیە لە بەرژەوەندیی كاندیدەكەی یەكێتی ڕووی داوە.

بەپێی ئەنجامی پێشتری هەڵبژاردن، هەر چوار كورسییەكەی بازنەی دووی نەینەوا بۆ پارتی بوون بەم شێوەیە: كاڤین سەعید -- 15625 دەنگ، شەریف سڵێمان - 14691 دەنگ، شێروان دووبەردانی - 11895 دەنگ، عەبدولسەلام شەعبان - 8671 دەنگ، دەنگی پێنجەمی بازنەكەیش بۆ ڕۆنزی زیاد كاندیدی یەكێتی بووە كە 8241 دەنگی بەدەست هێناوە.

بەپێی ئەنجامی نوێی هەڵبژاردن كە هێشتا كۆمیسیۆن ڕاینەگەیاندووە، وا دەردەكەوێت كە ڕۆنزی زیاد، كاندیدی یەكێتی، پێش عەبدولسەلام شەعبان، كاندیدی پارتی كەتووە، كە پێشتر كاندیدەكەی پارتی بە جیاوازیی 430 دەنگ لە پێشەوە بووە.

نووسراوەكەی كۆمیسیۆن سەبارەت بە دەرچوونی ڕۆنزى زیاد

ئەنجامی پێشووی دەنگدان لە بازنەی دووى نەینەوا

كۆمیسیۆن دەڵێت بۆ ئەو بڕیارانەی پشتی بە ماددەكانی 19 و 20 یاسای كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن، ژمارەی 31ی ساڵی 2019 بەستووە.

هێشتا كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا ئەنجامی نوێی دەنگدانی لەو بازنانە دانەناوە و گۆڕانكاری نەكردووە، بەڵكوو هەر بەو شێوەیەن كە پێشتر بڵاو كراونەتەوە. پێدەچێت دەستكارینەكردنی ئەنجامەكان پەیوەندیی بەوەوە هەبێت كە هێشتا دەرفەتی ئەوە ماوە پارتی تانە لە بڕیارەكانی كۆمیسیۆن بدات و ئەنجامەكان وەكوو خۆیان بمێننەوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا كە لەلایەن میدیاكانەوە دەرچوونی ئەو دوو كاندیدەی یەكێتی لەسەر حیسابی دوو كاندیدی پارتی بڵاو كرایەوە، هاوار محەمەد، بەرپرسی بەشی یاسایی لە دەزگای هەڵبژاردنی پارتی، وتی "بەپێی زانیارییەكانی ئێمە دەستەی دادوەری كە لە سێ دادوەر و سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان پێكدێت بە كۆمیسیۆنی ڕاگەیاندووە دەبێت دەنگی ئەو وێستگانە بسووتێنرێت كە پەنجەمۆری دووبارەیان تێدایە، بەشێك لەو وێستگانە لە چەند بازنەیەكی هەولێر و پارێزگای نەینەوان".

هاوار محەمەد، بە ڕووداوی وتبوو كە سووتاندنی دەنگی ئەو وێستگانە "كارێكی نایاساییە، ئەگەر ئەوە ڕوو بدات، ڕەنگە دوو كورسی لەدەست بدەین، بەڵام كاتیی دەبێت و دواتر دوو كورسییەكە لە ڕێگەی دادگای باڵای فیدڕاڵییەوە بەدەست دەهێنینەوە، چونكە لە هەڵبژاردنی خوولی پێشووی پەرلەمان هەمان شت ڕووی دا و بەدەستمان هێنایەوە".
بەپێی ئەو گۆڕانكارییە نوێیەی كە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاندووە، ژمارەی كورسییەكانی یەكێتی لە 16وە بۆ 18 زیاد دەكات و كورسییەكانی پارتی لە 33وە بۆ 31 كەم دەكات.

* كۆتا ئەنجامی بەرایی دەنگی لایەنە كوردییەكان لە سەرتاسەری عێراق؛ كورد ژمارەی كورسییەكانی زیاد كردووە

* ئەنجامی وردی هەڵبژاردن لە پەرەگراف؛ هۆكاری شكست و سەركەوتنی لایەنەكان چی بوو؟