لە سەرتاسەری هەرێم خوێندكاران لە خۆپیشانداندان؛ پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران چی دەكەن؟

23-11-2021 05:29

پەرەگراف

لە هەر چوار پارێزگاكەی هەرێم خوێندكاران خۆپیشاندانی بەرفراوانیان ئەنجام دا. هێزە ئەمنییەكان توندوتیژیی زیاتریان بۆ دامركاندنەوەی ناڕەزایەتییەكان بەكار هێنا و ژمارەیەك خوێندكار بریندار و دەستگیر كراون. لە پەرلەمان گفتوگۆی گەرم لەسەر بایەتەكە بەڕێوە چوو. سبەینێش ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لەبارەی دەرماڵەی خوێندكارانەوە "بڕیار دەدات".

ئەمڕۆ لە زانكۆ و پەیمانگاكانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە، ڕانیە، كەلار، سەیدسادق، پێنجوێن و دەربەندیخان) خوێندكاران درێژەیان بە خۆپیشاندان دا. جەختیان كردەوە كە دەرماڵە مافێكی سەرەتایی خۆیانە و هیچ پاساوێك بۆ پێنەدانی لەلایەن حكومەتەوە نەماوە.

لە سلێمانی لە هەردوو كەمپی كۆن و نوێی زانكۆ خۆپیشاندان بەڕێوە چوو. دواتریش خوێنكاران بەرەو سەنتەری شاری سلێمانی بەڕێ‌ كەوتن و لەبەردەم مەڵبەندی یەكی یەكێتی گرژی و پێكدادان لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان دروست بوو، دواتریش خوێندكاران هێرشیان كردە سەر مەڵبەندی یەكێتی و بەشێک لە بیناکەیان سووتاند. لە چەند شوێنی دیكەش گرژی و ئاڵۆزی دروست بوو.

 بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوكراونەتەوە، لە چەندین شوێن هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی توندوتیژییان دژی خوێندكاران بەكار هێناوە، بە تایبەت گرتەی ڤیدیۆیی شەقهەڵدان لە سەری خوێندكارێك لەلایەن كارمەندێكی ئەمنییەوە، كاردانەوەی توندی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەدوادا هات.

لە هەوڵێكدا بۆ كۆتاییهێنان بە ناڕەزایەتییەكان، ئێوارەی ئەمڕۆی میدیاكانی یەكێتی لە زاری سەرچاوەیەكەوە ڕایانگەیاند، لە سەرجەم زانكۆ و پەیمانگاكانی سنووری پارێزگای سلێمانی لە سبەینێوە پشووە بۆ ماوەی شەش ڕۆژ.

لەناو بەشەناوخۆیی پەیمانگای تەكنیكیی كۆیەش بە بڵندگۆ بە خوێندكاران وترا "هەر خوێندكارێك بەشداریی خۆپیشاندان بكات، لە داخلی دەردەكرێت".

لە هەولێریش خوێندكاران چوونە بەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، دواتر لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی هەولێرەوە بەشێك لە خۆپیشاندەرەكان دەستگیر كراون. هەروەها لە دهۆك ژمارەیەك لە خوێندكاران لەبەردەم زانكۆی شارەكە گردبوونەوەیان ئەنجام دا.

لە زۆربەی ئەو شوێنانەی كە خۆپیشاندان بەڕێوەچوون، ڕێگای سەرەكیی شارەكان بۆ دەرەوە داخران.

سەبارەت بە داواكارییەكانیان، خوێندكارانی زانكۆی گەرمیان و كۆلێژی تەكنیكیی كەلار دەڵێن "حكومەتی هەرێم خاوەنی داهاتی پێویستە و بیانووی باوەڕپێكراوی نییە بۆ نەدانی دەرماڵە، بۆیە دەبێت بە زووترین كات داواكارییەكانمان جێبەجێ بكات".

داواكارییەكی دیكەیان پێدانی بەشەناوخۆیی بێبەرامبەرە بە خوێندكارانی سیستەمی پارالێڵ و ئێواران.

سبەینێ‌ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات. دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكومەتی هەرێم، بە میدیای حیزبەكەی ڕاگەیاندووە "بەشێكی گرنگی ئەجێندای كۆبونەوەكە تایبەت دەبێت بە خۆپیشاندانەكانی چەند ڕۆژی ڕابردوی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان".

ئەو وەزیرەی گۆڕان ئاماژەی بەوەش كردووە كە "هەموو هەوڵەكان بە ئاڕاستەی ئەوەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لە بەرژەوەندیی خوێندكاران بڕیار بدات، كە داواكاریی سەرەكییان خەرجكردنی دەرماڵەی خوێندنە".

لە پەرلەمانی كوردستانیش هەرچەندە بابەتی خۆپیشاندانی خوێندكاران نەخرابووە بەرنامەی كارەوە، بەڵام هەر لە سەرەتای كۆبوونەوەكە گفتوگۆی گەرمی لەسەر دروست بوو.

لیژنەی پەروەردە و خوێندنی واژووی 71 ئەندامی پەرلەمانی كۆكردووەتەوە تا دانیشتنێكی پەرلەمانی كوردستان بە ئامادەبوونی وەزیرانی دارایی و خوێندنی باڵا تایبەت بكرێت بە گەڕاندنەوەی دەرماڵە بۆ خوێندكاران.

پیشتر 48 ئەندامی پەرلەمان یاداشتێكیان پێشكەش بە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كردبوو كە بابەتی دەرماڵەی خوێندكاران بخرێتە كارنامەی دانیشتنی ئەمڕۆ پەرلەمانەوە، بەڵام لە كارنامەدا نەبوو.

عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، لە دانیشتنی ئەمڕۆدا وتی "دەرماڵەی خوێندكاران 10 ملیار دیناری پێویستە، بەڵام تەنیا قاچاخچێتیی جگەرە مانگانە 10 ملیار دینار زیان لە داهاتی هەرێم دەدات، شەش كۆمپانیان ئەمساڵ لە توركیاوە سێ‌ هەزار تەن مەشروبیان داخڵ كردووە و یەك سەنت گومرگیان نەداوە".

هەروەها عومەر گوڵپی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستا، وتی "حكومەت پارەی هەیە بۆ فێستیڤاڵی فیلم، بەڵام دەڵێت پارەی نییە بۆ منداڵە هەژارێك".

سەبارەت بە بڕی بوودجەی پێویست بۆ دەرماڵەی خوێندكاران زانكۆ و پەیمانگاكان، ئاشنا عەبدوڵڵا، ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا، پێشتر بە پەرەگرافی وت "پێویستی بە داتایەكی ورد هەیە. لە پەیمانگا و زانكۆكانی هەرێمدا 130 هەزار خوێندكار هەن، دیار نییە چەندیان خوێنكاری بەشەناوخۆییەكان كە دەرماڵەیان 100 هەزار دینارە و چەندیان خوێندكاری ناو شارەكانن كە دەرماڵەیان 60 هەزار دینارە، بەڵام لە هەموو حاڵەتێكدا 10 ملیار دیناری پێویستە".

دەرماڵەی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان لە ساڵی 2014ـەوە بە پاساوی شەڕی داعش، دابەزینی نرخی نەوت و بڕینی بەشەبوودجەی هەرێمەوە بڕدراوە، بەڵام خوێنكاران و بەشێك لە پەرلەمانتاران پێیان وایە ئێستا حكومەت توانای گێڕانەوەی ئەو مافەی بۆ خوێنداران هەیە، بە تایبەت كە بوودجەیەكی كەمی پێویستە.