هەڵبژاردنی پەرلەمان 'لەكاتی خۆیدا دەكرێت'‌و پارتی داوادەکات كوردستان یەك بازنە بێت

09-12-2021 03:15
دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە بنكەیەكی سلێمانی. 30-9-2018. وێنە؛ پەرەگراف

پەرەگراف

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، هەڵبژاردنی پەرلەمان ساڵی داهاتوو لەكاتی خۆیدا دەكرێت‌و پارتی لەگەڵئەوەدایە یاسای هەڵبژاردن وەكخۆی بمێنیتەوەو كوردستان یەك بازنە‌و هەڵبژاردن بە لیستی نیمچەكراوە بێت. ئەو هەڵوێستەی پارتی لەبارەی یاسای ھەڵبژاردن پێچەوانەی ڕاوبۆچوونی لایەنی ئۆپۆزسیۆنە.

هێشتا فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن لەسەر كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و چۆنیەتی ئەنجامدانی پڕۆسەكە.

هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، كات كراوە نییە لەبەردەم فراكسیۆنەكان كە نەگەنە ڕێككەوتن، چونكە دەبێت هەڵبژاردنەكان لەكاتی خۆیدا بكرێت، مانگی 9 یان 10ی ساڵی داهاتوو، دەبێت كۆمسیۆن پێش مانگی سێ كاراكرابێتەوە.

"داوا لە فراكسیۆنەكان دەكەم گرنگیی هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا لەبەرچاو بگرن هیچ بیانوویەكی حزبی‌و بەشكاریی نەكەنە بیانوو، چۆن كۆمسیۆن لە 2014 دروستكراوە هیوادارین بەهەمانشێوە دروست بكرێتەوەو ئەگەر گۆڕانكاریش پێویست دەكات لایەنەكان بە سازان بگەنە ڕێككەوتن ‌و كۆمسیۆن دروست بكەینەوە" جیگری سەرۆكی پەرلەمان وای وت.

لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن‌و هەڵوێستی پارتی، هێمن هەورامی وتی "ڕای فراكسیۆنی پارتی لە كۆبوونەوەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان‌و سەرۆكی فراكسیۆنەكان بە ڕوونی باس كراوە، ڕای پارتی ئەوەیە ئەم یاسایەی كە ئێستا هەیە كوردستان یەك بازنەیەو لیستەكە نیمچەكراوەیە وەكخۆی بمێنێتەوەو مافی پێكهاتەكان پارێزراوبێت، ئەگەر گۆڕانكاریی پێویست دەكات بدرێتە خولی ئایندەی پەرلەمانی كوردستان".

مانگی 9ی ساڵی داهاتوو چوار ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە بەپێی یاسا دەبێت چوار ساڵ جارێك ئەنجام بدرێت.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ كە بەهێزترین لایەنی ئۆپۆزسیۆنە داوای هەمواری یاسای هەڵبژاردن‌و چەند گۆڕانكارییەك دەكات لەوانە دابەشكردنی كوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا.

لەگەڵ گەرمبوونی باسی ئەنجامدانی هەڵبژاردن، نەوەی نوێ مانگی ڕابردوو‌ پڕۆژە و پێشنیازی خۆی سەبارەت بە هەڵبژاردن‌و كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن ڕاگەیاند.

كەمكردنەوەی كورسیی پێكهاتەكان، هەڵبژاردنی كۆمسیۆنێكی "سەربەخۆ و دوور لە پشكپشكێنەی حیزبی"، هەڵبژاردنی ئەلیكترۆنی و ژماردنەوەی دەستیی سەرجەم دەنگەكان، هەڵبژاردنی نۆ دادوەری بێلایەن بۆ ئەنجومەنی كۆمیسیاران بەشێكن لە پڕۆژەی جوڵانەوەكە.

تایبەت بە یاسای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، نەوەی نوێ‌ پێشنیاز دەكات "هەرێمی كوردستان بكرێت بە چوار بازنەی هەڵبژاردن و هەر پارێزگایەك بازنەیەك بێت. ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان كەم بكرێتەوە بۆ ١٠٧ كورسی".

تایبەت بە پێكهاتەكانیش نەوەی نوێ‌ پێشنیاز دەكات ژمارەی كورسییەكانیان بۆ حەوت كورسی كەم بكرێتەوە بەم شێوەیە "سلێمانی: یەك كورسیی مەسیحی. گەرمیان: یەك كورسیی توركمان. هەولێر: دوو كورسیی مەسیحی، دوو كورسیی توركمان. دهۆك: یەك كورسیی مەسیحی".

"پێكهاتەكان لیستی تایبەت بە خۆیانیان دەبێت و تەنها هاووڵاتییانی ئەو پێكهاتانە بۆیان هەبێت دەنگ بدەن بە لیستی خۆیان. تۆماری دەنگدانی خۆیان جیاواز بێت و هاووڵاتی دەرەوەی پێكهاتەكان بۆیان نەبێت دەنگ بدەن بە لیستی پێكهاتەكان"، نەوەی نوێ‌ وا دەڵێت.

هەر لە پرۆژەكەی نەوەی نوێدا هاتووەكە دەنگدانی تایبەت و گشتی لە هەمان ڕۆژدا ئەنجام بدرێت. لە ڕێی كۆمسیۆنی عێراق و حكومەتی عێراقەیشوە داوا بكرێت كە هەڵبژاردن بە سەرپەرشتیی نێودەوڵەتی و یونامی بێت. سێ مانگ پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنیش تۆماری دەنگدەران لە ناوی دووبارە و كۆچكردووان پاك كرابێتەوە.

نەوەی نوێ پێی وایە ئەو پێشنیازانەیان، لە بەرژەوەندیی خەڵك و پڕۆسەیەكی خاوێنی هەڵبژاردن و پەرلەمانێكی بەهێزە.