دەیان كۆچبەری كورد كە بەلەمەكەیان نوقم بوو ڕزگار كران؛ چەند كەس خنكاون و بێسەروشێنن؟

پەرەگراف
ئەو كۆچبەرە كوردانەی كە بەهۆی ژێرئاوكەوتنی بەلەمەكەیانەوە لە دوورگەیەكی بەردەڵانی یۆنان گیرسابوونەوە، لەلایەن پۆلیسی یۆنانەوە ڕزگار كران. لەو ڕووداوەدا تەرمی 11 كۆچبەر دۆزراونەتەوە و ژمارەیەكیش بێسەروشوێنن.
ئەو كۆچبەرانە كە ژمارەیان زیاتر لە 100 كەس بووە، زۆرینەی هەرەزۆریان كوردن و درەنگانێكی شەوی پێنجشەممە ٢٣/١٢/٢٠٢١، لە نزیك دوورگەی (ئاناتیكیپیرا) كە دوورگەیەكی بەردەڵانە و دەكەوێتە نێوان دوورگەكانی (خانیا و كەڵەماتە)ی وڵاتی یۆنان، بەلەمەكەیان ژێرئاو كەوتووە.
دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران لە ڕێگەی نوێنەرەكەیەوە لە وڵاتی یۆنان، ئاشكرای كردووە كە ڕزگاربووانی ڕووداوەكە كە 90 كەسن، "بریتین لە:52 كۆچبەری لە ڕەگەزی نێر،11 كۆچبەر لە ڕەگەزی مێ، 27 كۆچبەری منداڵ".
دەزگاكە دەشڵێت "11 تەرمی كۆچبەران دۆزراوەتەوە و گەڕان و پشكنین بەدوای بێسەروشوێنبووان بەردەوامە".
شەوی ڕابردوو ئەو كۆچبەرانە لە لایڤێكی فەیسبووكدا پەیوەندییان بە ڕۆژنامەنووس ڕەنج پشدەرییەوە كرد كە كار لەسەر یارمەتیدان و بەهاناوەچوونی كۆچبەران دەكات و لەو بوارەدا كەسێكی ناسراوە.
یەكێك لەو كۆچبەرانە وتی كە ژمارەیان "105 كەس" بووە. ئێستا لەو ژمارەیە 90 كەس ڕزگار كراون و 11 تەرمیش دۆزراونەتەوە، بەوپێیە چوار كۆچبەر ماون كە بێسەروشوێنن.
* تراژیدیایەكی دیكەی كۆچبەرانی كورد لە ڕێگای گەیشتن بە ئەوروپا؛ چارەنووسی دەیان كۆچبەر نادیارە